فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەردەوامی و پەرەسەندنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و کوردستان
سێشەممە ۱۳-۰۴-۱۴۰۲   |  04-07-2023

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئێران و کوردستان لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، کرێکاران، پەرستاران، خانەنشینکراوان و وەرزێڕان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕ، کۆبوونەوەی کرێکارانی ناڕازیی نەیشەکەری هەفت‌ تەپە و خانەنشینکراوانی شیرکەتی موخابرات لە چەندین شاری ئێران بەڕێوە چوو. هەروەها پەرستاران لە شارەکانی: ئێرانشار، راسک، فنوج، چابەهار و نیک شار لە ئۆستانی سیستان و بەلووچستان لە ناڕەزایەتی بە یەکلاکردنەوە و دەرکردنی “کرێکارانی کاتژمێری ٨٩ ڕۆژە” مانیان گرتووە و خوازیاری دیاریکردنی بارودۆخی کارەکەیان کردووە..هاوکات کۆمەڵێک لە بەڕێوەبەرانی هێڵی پێنجی میترۆی تاران بە ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕگەکانی پڕۆژە یاسای پلانی گەشەپێدانی حەوتەم کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. لەلایەکی ترەوە خانەنشینکراوانی شیرکەتی موخابرات لە شارەکانی ئەهواز، مەشهەد، کرماشان، سنە، بەندەرعەباس و چەند شارێکی دیکە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی پێنەدانی حەقدەست و مافەکانیان لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیەوە، بە دروشمی “تا مافەکانمان بەدەست نەهێنین، واز ناهێنین” کۆبوونەوەی بەربڵاوی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەر، کۆمەڵێک لە خاوەن تراکتۆرەکان لە ناڕەزایەتی بە “کەمکردنەوەی بەشی سووتەمەنی بۆ جووتیاران و خاوەن تراکتۆرەکان” ڕێگای قەڵاگەنج بۆ کۆهنوجیان لە پارێزگای کرمان داخست.چوونەسەرەوەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخەکان لە لایەک و نەدرانی حەقدەستی کرێکاران لە لایەکی دیکەوە بووەتە هۆی زیادبوونی ناڕەزایەتیە سێنفیەکان و مانگرتنی کرێکاری لە ئێران و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە.