سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٤ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی کاوە حیجازی، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیکی بنەماڵەی حیجازی، ئەو هاووڵاتییە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بە بنەماڵەکەیە نەگرتووە و هەروەها لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە. کاوە حیجازی خێزاندارە و باوکی منداڵێکە، پێش لەوەی کە دەستبەسەر بکرێت، لە دووکانەکەی خۆی لە شاری سەقز سەرقاڵی کارکردن بووە. شایانی باسە کە کاوە حیجازی، ڕۆژی چوارشەممە، ٣١ی جۆزەردان لە ماڵەکەی خۆی و لە شاری سەقز، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرا. تا کاتی دارشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەشی لەم پەیوەندییەدا هیچ ئاکامێکی نەبووە.