فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بۆ مەحکوومکردنی تیرۆری دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان
هەینی ۱۶-۰۴-۱۴۰۲   |  07-07-2023
ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بۆ مەحکوومکردنی تیرۆری دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان

نێوەشەوی پێنجشەممە ١٥ لەسەر ١٦ی مانگی پووشپەڕ، دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوەکانی لوقمان ئاجی و عادڵ موهاجر دانیشتووی شاری هەولێر کە بۆ گوندی “هەڵشۆ”ی سەربە شاری قەڵادزێ سەفەریان کردبوو، لەلایەن بەکرێگیراوێکی حکوومەتی ئیسلامی بەناوی ڕەسوڵ ئازەڕەخشەوە تیرۆر کران و بەداخەوە گیانیان لەدەستدا. کەسە بەکرێگیراوەکە کە پێشتر پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە دوای ئەنجامدانی ئەم تاوانە تیرۆریستییە لە سنووری قەڵادزێوە بە هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئیسلامی پەیوەست بووەتەوە.

سیاسەتی تێرۆر و کوشتنی نەیاران لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا یەکێک لە سیاسەتە تاوانکارییەکانی ڕژیمی ئیسلامی بووە بەرانبەر بە دژبەرانی سیاسیی ئەم دەسەڵاتە. کۆماری ئیسلامی کە لە بارودۆخی ئێستادا لەگەڵ قەیرانگەلی قووڵی پێکهاتەیی بەرەوڕووە، بەتایبەت لەژێر کاریگەریی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی دە مانگی ڕابردوودا لاواز و دەرماندە بووە، لە ترسی سەرهەڵدانی ئاخێزی ناڕەزایەتیی بەرینتر لە سەروبەندی ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینیدا، هەوڵ دەدات بە کاراکردنی سیاسەتی تیرۆری نەیاران لە دەرەوەی سنوورەکان و بەتایبەت بەڕێوەبردنی سیاسەتی جەنایەتکارانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کەشوهەوای ترس و وەحشەت پەرەپێبدات و پیلان و سیاسەتی جەنایەتکارانەی بەڕێوەبەرێت.

کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستی و جەنایەتکارانەیە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانی ئەم تاوانە تیرۆریستییە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکات. هەروەها لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستانی عێراق چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستییەی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی تر هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ خەباتی خەڵکی کوردستانی ئێران و دژبە تاوانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیەنن.


کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران


١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢

٧ی جولای ٢٠٢٣