هاوکات لەگەڵ زیادبوونی دامەزراندنی کرێکاران و بەتایبەت ژنان لە شیرکەتەکانی بەرهەمهێنان لە شاری بانە، مافە بنەڕەتییەکان سەباەرت بە چۆنیەتی و بارودۆخی کارکردنیان لەلایەن خاوەنکارانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو و ئاشکرا پێشێل دەکرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی مەیدانی ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتیی شاری بانە، ئەو کرێکارانەی کە لە شیرکەتەکانی بەرهەمهێنانی ئەو شارەدا کار دەکەن، بەهۆی ترسی لەدەستدانی سەرچاوەی داهات و کارەکەیانەوە، بۆ داواکردن و دابینکردنی مافەکانیان لە لایەن خاوەنکارەکانیانەوە خۆیان لە ڕێکارە یاسایییەکان دەبوێرن و لە ڕێگەی یاسایییەکانەوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانەوە مافەکانی خۆیان نادەن. پێشێلکردنی مافەکانی کار بریتین لە، کەمی حەقدەست، ماوەی زیاتری کارکردن لە پێوەرەکانی کارکردنی کرێکاران، نزمیی کوالێتی و پێوەرەکانی ستانداردی شیرکەتەکان، نەبوونی گرێبەستی یاسایی و کەڵکاژۆی گرێبەستی زارەکی لە کرێکاران لەو کۆمپانیایانە کێشەکانی بۆ ژنانی کرێکار زیادتر کردووە و هەروەها کۆمەڵێک کێشەی تری هاوشێوە بووەتە هۆی ئەوەی کە هێزی کارکردنیان بە کرێیەکی کەم لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە بکڕدرێتەوە. تەنانەت زۆر جار گرێبەستی ئەو کرێکارانە کاتی و سەرەڕای ئەوەش گرێبەستێکی زارەکی بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێکارە یاسایییەکان و هەروەها بەهۆی ئەوەش کە ئەو کۆمپانیایانە لە بەڕێوەبەرایەتیی دابینکردن و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ئەو شارە بەفەرمی نەناسێندراون و تۆمار نەکراون، کرێکارەکان لە کەمترین مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت مافەکانی کارکردن بێبەری و بێبەش کراون. لە لایەکی دیکەوە، حەقدەستی مانگانەی ئەم کرێکارانە لە لایەن خاوەنکارەکانەوە بەبێ هیچ سیستەمێکی یاسایی و بە شێوەی دەستی پێیان دەدرێت بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەرێکی سکاڵا یان ڕێکاری یاساییدا کرێکارەکان نەتوانن پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ خاوەنکارەکانیان لە دامەزراوە یاسایییەکاندا بسەلمێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی پێشێلکردنی هەموو مافە دانپێدانراوەکانی کرێکاران، چ لەسەر بنەمای یاساکانی ناوخۆی ئێران یان لەسەر بنەمای مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاران کە لە لایەن ڕێکخراوی جیهانیی کارەوە پەسەند کراوە.