ڕۆژی ١٨ی مانگی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی ڕووداوێکی مێژووییە لە بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێراندا. ٢٤ ساڵ پێش ئێستا لە ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕ و ڕۆژانی دواتری هەتا ٢٣ی پووشپەڕ، خوێندکارانی تێکۆشەر و ناڕازی لە شەقامەکانی دەوروبەری زانکۆ ڕێپێوانیان ئەنجام دا و نەفرەت و بێزاریی خۆیان لە کۆماری ئیسلامیی نیشان دا. ڕۆژی ١٦ی مانگی پووشپەڕی ١٣٧٨ی هەتاوی، مەجلیسی شۆرای ئیسلامی گەڵاڵەیەکی چاکسازیی یاسایی پەسند کرد کە بەربەستی بەرینی بەسەر بواری چاپەمەنیدا دەسەپاند.
“ڕۆژنامەی سەلام” بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەیەک ئاشکرای کرد کە “سەعید ئیمامی” جێگری ئەوکاتی وەزارەتی ئیتلاعات پێشنووسی ئەم یاسایەی ئامادە کردووە. سەعید ئیمامی بڕیاردەر و بەڕێوەبەری قەتڵە زنجیرەییەکان بوو کە تێیدا “محەممەد جەعفەر پویەندە، محەممەد موختاری، پەروانە ئیسکەندەری، داریوش فروهەر، پیروز دوانی” و زیاتر لە ٧٠ کەسی تر کوژران. سەرانی ڕژیم بۆ سەرپۆش دانان لەسەر ئەو کارەساتانەی کە بە فەرمانی ئەوان و بە دەستی وەزارەتی ئیتلاعات لە جەرەیانی قەتڵە زنجیرەییەکاندا ئەنجامیان دابوو، پێشتر لە زینداندا سەعیدی ئیمامیان کوشتبوو. تەنها یەک ڕۆژ دوای پەسەندکردنی ئەم یاسایە، ڕۆژی ١٨ی مانگی پووشپەڕ بە حوکمی دادستان، ڕۆژنامەی سەلام داخرا. ئەم کردەوەی ڕژیم ناڕەزایەتیی خوێندکارانی لێکەوتەوە و هەمان شەو ژمارەیەک لە خوێندکارانی کوی دانشگاهی تاران لە شەقامی کارگەری شوماڵی، کۆبوونەوە و خوازیاری دەستبەکارکردنەوەی ئەم ڕۆژنامەیە و پەسندنەکردنی “گەڵاڵەی چاکسازیی یاسایی بواری چاپەمەنی” لە مەجلیس بوون. ناڕەزایەتییەکان لە چوارچێوەی کوی دانشگاهەوە بۆ شەقامەکان پەرەی سەند. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بەم ناڕەزایەتییانە، هێزی سەرکوتی لە گیانی خۆپیشاندەران بەردا و هەوڵی دا تا بزووتنەوەی خوێندکاران تێکبشکێنێت. بەڵام هێزە سەرکوتگەرەکان کە نەیانتوانی بەخێرایی پاشەکشە بە خوێندکاران و خەڵکی هاوڕێیان بکەن، هێرشی شەوانە بۆسە کوی دانشگاهیان خستە دەستووری کارەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٨ی مانگی پووشپەڕ هێزەکانی حیزبوڵڵا، پاسدار و لیباس شەخسییەکان پەلاماری کوی دانشگاهی تارانیان دا. سەرکوتگەرانی ڕژیم لە ئەنجامدانی هیچ کردەوەیەکی دژەئینسانی دەستیان نەپاراست و هەموو توانای خۆیان بەکارهێنا تا بە هێرشێکی وەحشیانە، سەرشۆڕییەک کە ڕۆژی پێشتر بەنەسیبیان ببوو، جوبران بکەنەوە و بە پێکهێنانی فەزای ترس و وەحشەت، خوێندکاران و خەڵک چاوترسێن بکەن. ئەوان دەرگای ژوورەکانیان بە تەور شکاند و بە ئامانجی کوشتن هێرشیان کردە سەر خوێندکاران. ژمارەیەک لە خوێندکارانیان بە دروشمی “یا حسێن” و “یا زەهرا” لە تەبەقەکانی سەرەوەی ساختمانی کوی دانشگاهەوە بەرداوە خوارێ. وەسایل و کەرەستەی خابگاکانیان تێکشکاند و تاڵانیان کرد. بەهۆی ئەم هێرشە وەحشیانەیەی ڕژیم بۆسەر کوی دانشگاه، لانیکەم سێ کەس بەناوەکانی “عیزەتوڵڵا ئیبڕاهیم نەژاد”، “فرشتە عەلیزادە” و “تامی حامی فەر” گیانیان لەدەست دا. لەم ماجەرایەدا یەکێک لە خوێندکاران چاوی لەدەست دا و دەست و پێی ژمارەک لە خوێندکارانیش شکا.
هەواڵی هێرشی هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکانی ڕژیم لە هەموو شوێنێک بڵاوبووەوە. ڕۆژی هەینی ١٨ی مانگی پووشپەڕ، خوێندکارانی زانکۆکانی تاران و شارستانەکان لە ئیعتڕاز بەم جەنایاتە هاتنە سەر شەقام و لە هەموو شوێنێک ئەم ئیعتڕازاتە لەلایەن خەڵکەوە بەشێوەی بەرین پشتیوانی لێکرا. خۆپیشاندان و شەڕ و تێکەڵچوون لەسەر شەقامەکان هەتا ڕۆژی ٢٣ی مانگی پووشپەڕ درێژەی بوو. لەم ڕۆژانەدا هێلیکۆپتێڕەکان بەسەر سەری خەڵکدا دەسووڕانەوە و شاری تاران سیمای ڕۆژانی ڕاپەڕینی بەخۆوە گرتبوو. ئەم ڕۆژە بەناوی ڕۆژی تەهاجومی وەحشیانەی کۆماری ئیسلامی و ڕۆژی خەبات و خۆڕاگریی خوێندکاران و هاوپشتی و هاوڕەزمیی جەماوەری خەڵک لە مێژووی خەباتی بزووتنەوەی خوێندکاریدا تۆمارکراوە. لەو کاتەوە هەموو ساڵێ ئەم ڕۆژە بەیادی خوێندکارانی گیانبەختکردوو و بەیادی هاوڕەزمی و هاوپشتیی خەڵک لەگەڵ خوێندکارانی خەباتکار بەرز ڕادەگیرێت. ١٨ی پووشپەڕ بۆ خوێندکارانی ئێران کە زۆربەیان ڕۆڵەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگان، وەبیرهێنەرەوەی ئەو حەقیقەتەیە کە لە بەرابەر ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرەدا کە ئازادی و نانیانی زەوت کردووە، حورمەت و کەرامەتیانی بە حیجاب و هەڵاواردنی ڕەگەزی لە ناوەندەکانی پەروەردەدا خستووەتە ژێر پێ، شادی و خۆشیی لێ قەدەغە کردوون و دەرگای زیندانەکانی بەرەوڕوویان کردووەتەوە، بۆ هەر داخوازییەکی سینفی و سیاسی، چارەیەکی تریان نییە بێجگەلە تێکۆشان و گرێدانی خەباتیان بە خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان.
لە ڕۆژانی ١٨ تا ٢٣ی مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨، خەڵک بە دروشمی ڕوونی دژەدیکتاتۆری، خواستی نەفیی ئەم ڕژیمەیان لەئاستی جەماوەریدا بەیان کرد. بەڵام ئەم خەباتە نە ڕێکخراو بوو و نە ڕێبەری هەبوو. خەڵکی وەگیانهاتوو ئەوەیکە نەیاندەویست هاواریان دەکرد، بەڵام هێستا ئەوەیکە دەیانویست بەڕوونی بەیانیان نەدەکرد. خەباتی مەزن و بوێرانەی ڕۆژانی ١٨ تا ٢٣ی مانگی پووشپەڕ بە بێ سازمان و بە ڕێبەری و بە بێ ئاسۆی سیاسیی ڕوون، کەوتە بەر هێرشی سازمانداروی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و لەو سەردەمەدا سەرکوتکرا. بەڵام ئەم نەبەردە بەشێوەی جۆراوجۆری دیکە و لە مەیدانە جیاوازە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەتا بە ئەمڕۆ هەروا درێژەی هەیە. ئەم نەبەردە ئەگەرچی لەو ماوەیەدا گەلێک هەوراز و نشێوی تێپەڕاندووە و لە ڕابردووی خۆی دەرس و ئەزموونی بەنرخی وەرگرتووە، بەڵام هێستاش لەو کەموکووڕیانە ڕەنج دەبات کە بوو بەهۆی سەرکوتی خەباتی مانگی پووشپەڕی ٧٨ و بێگومان داهاتووشی لە گرەوی چارەسەرکردنی ئەم کەموکووڕیانەدایە.
لە هەلومەرجی ئێستادا کە زیاتر لە ٩ مانگ لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵکی ئێران تێدەپەڕێ، بزووتنەوەی خوێندکاری وەک یەکێک لە ستوونەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، پێویستە داخوازیی دیموکراتیکی گەڵاڵەکراوی ئەم بزووتنەوەیە بە پەیگیرترین و ڕادیکاڵترین شێوە نوێنەریەتی بکات و پشتیوانیی لێ بکات. بەشی چەپ و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاری بەرانبەر بە ڕەوتە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی کە دەیانهەوێ ئەم بزووتنەوەیە بەلاڕێدابەرن، تەنیا بە هێنانەگۆڕی ئەم داخوازییە دیموکراتیکانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکار و بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیە کە دەتوانێ ئەم ئەرکەی بە سەرەنجام بگەیەنێت و لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندی قایمتر بەرقەرار بکات. پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە گرەوی ڕێکخراوبوونی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن، بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوە پێشڕەوەکانی دیکەی کۆمەڵگادایە بە ئاسۆی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی سەرمایەداری. ئەمە ئەو دەرسەیە کە لە ئەزموونی مانگی پووشپەڕی ١٣٧٨ و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵانی ڕابردوو پێویستە فێری بین.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە