ڕۆژی دووشەممە ١٩ی پووشپەڕ دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی شۆڕش ئیبراهیمی و عومەر ئیبراهیمی ( کامووسی) لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکران. دەستبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی پێشگیری هێزەکانی ڕژیم لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی لوقمان ئاجی، چالاکی سیاسی کە لەم دواییانەدا تیرۆرکرابوو، ڕوویداوە. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، شۆڕش ئیبراهیمییان لە ڕێگای پەسوێ دەستبەسەرکردووە و دواتر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو و پشکنیویانە.
لوقمان ئاجی ناسراو بە (لوقمان گەرگولی) لەگەڵ عادل موهاجر ناسراو بە (سەرباز موهاجر)، کە هەردووکیان پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون، کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی هەینی، ١٦ی پووشپەڕ، لە گوندی گەشتیاری “هەڵشۆ” سەر بە شاری قەڵادزێ لە باشووری کوردستان لەلایەن بەکرێگیراوێکی ڕژیمەوە تیرۆرکران.