پاسەوانی کەناراوەکانی ئەندۆنێزی (باکاملا) ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی پووشپەر ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ئاڵای کۆماری ئیسلامیدا گرتووە کە خەریکی “گواستنەوەی نایاسایی نەوتی خاو”دا بووە. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، گاردی کەناراوەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە: “کەشتیی ئارمان ١١٤ کە زیاتر لە ٢٧٢ هەزار تۆن نەوتی خاوی سوکی هەڵگرتبوو، گومانی گواستنەوەی نەوتی بۆ کەشتییەکی دیکە هەبوو بەبێ مۆڵەت”. گاردی کەناراوەکانی ئەندۆنێزی لە درێژەدا ڕایگەیاند، کەشتی نەوتهەڵگری ئارمان ١١٤ دەستی بەسەردا گیراوە، دوای ئەوەی خەریکی گواستنەوەی نەوت بۆ کەشتییەکی دیکە بەناوی “ستینۆز” بە ئاڵای کامیرۆنەوە بووە. بەگوێرەی بەیاننامەی گاردی کەناراوەکان، نەوتهەڵگری ئارمان هەروەها گومانی پێشێلکردنی ڕێسا دەریاییەکانی دیکەی وەک “لەکارخستنی سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی، ڕۆیشتن بە کەشتی بەبێ ئاڵا و کارکردن بەبێ مۆڵەتی بەندەر” هەبووە.