ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی پووشپەڕ هاووڵاتییەکی، خەڵکی مەهاباد بەناوی کەماڵ محەممەدپوور، کە لە هەڵسووڕاوانی بواری میدیای ئەو شارەیە و بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی “تەرحیمی مەهاباد” ە دوای بڵاوکردنەوەی پۆستێری پرسەنامەی پەیمان گەڵوانی، کە لە ژێر ئەشکەنجەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کوژرابوو، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکرا. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە ڕاستەوخۆ دوای بڵاوکردنەوەی پۆستێری پرسەنامەی پەیمان گەڵوانی لە کەناڵی تێلێگرامییەکەی دەستبەسەرکراو و ئەم پۆستە دواتر لە کەناڵی “تەرحیمی مەهاباد” ڕەشکراوەتەوە. شیاوی ئاماژەپێدانەکە، پەیمان گەڵوانی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕ، بەشێوەیەکی توندوتیژانە لە مەهاباد دەستبەسەرکرا و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا. ناوبراو لە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕ، بەهۆی لەدەستدانی هۆشیاری لەژێر ئەشکەنجەدا، بۆ نەخۆشخانەی ورمێ گواسترابووەوو. لە ئەنجامدا پەیمان گەڵوانی لە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕ، دوای چەند ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی خومەینی بەهۆی لەخواربوونی ئاستی هۆشیاری و کەوتنە کۆما، گیانی لەدەست دا. تەرمی ناوبراو لە درەنگانی شەوی دووشەممە ١٩ی پووشپەڕ، لەژێر گوشاری توندی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لە مەهاباد ئەسپەردە کرا.