محەممەد دنیالی، ئەندامی گرووپی شاخەوانی “بناری ئاودانان” و خەڵکی شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، دوای دوو مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات، بە دانانی بارمتەی قورسی ٥ ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام ئازاد بوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، محەممەد دنیالی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی ئاودانان بە دانانی بارمتەی پێنج ملیارد تمەنی بە شێوەیەکی کاتی هەتا تەواوبوونی دادگاییکردنی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام ئازاد بوو. شیاوی ئاماژە پێدانە کە لە ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردان، محەممەد دانیالی، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئیلام بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر دەستڕانەگەیشتنی بە وردەکاری دۆسیەکەی و تاشرانی قژی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە، بۆ ماوەیەک مانی لە خواردن گرتبوو. محەممەد دانیالی، شەوی یەکشەممە ٢٤ی مانگی گوڵان، لە کاتێکدا بۆ کارکردن لە ئاودانان ڕووی کردبووە شاری دێهلوڕان، لە لایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئیلام گواسترابوویەوە.