سورەیا قەیتەران، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “کانی مەلا”، سەر بە شاری پیرانشار، هێشتا لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێیە و چارەنووسی ناڕوونە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە، تا ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە. ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سورەیا قەیتەران، پاش لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ورمێ ڕاگوێزراوە. ڕۆژی دووشەممە، ٥ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ هیچ هۆکارێک هێرشیان کردە سەر ماڵی دایک و باوکی ناوبراو و ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کرد. سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردان، عەبدولڕەحمان قەیتەران و سەدرەدین قەیتەران، براکانی سورەیا لە ماڵی خۆیاندا و بە بێ هیچ هۆکارێک و بە توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمەوە دەسبەسەر کرابوون. شایانی باسە کە تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سورەیا قەیتەران، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.