نادیاربوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان
دوشەممە ۲۶-۰۴-۱۴۰۲   |  17-07-2023
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی هێرانا، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی “جەلیل مەولوودی” سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر دەستبەسەر کرانیدا، هەروا لە زیندان ڕاگیراوە و چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سەڕەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ناوبراو، ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم هیچ وەڵامێکیان پێ نەداونەتەوە و ئەمەش بە پەرۆش بوونی بنەماڵەکەی لێکەوتووەتەوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، جەلیل مەولوودی لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەکەلێوەی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری بۆکان دەستبەسەر و ڕاپێچی شوێنێکی نادیار کرابوو. ئەمە لەحاڵێکدایە کە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵ ناوبراو، لەبەر دەستدا نییە.