ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی پووشپەڕ، لانیکەم ١٢ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆمەڵێک لە خانەنشین کراوانی تەئمین ئیجتماعی ئەهواز، شووش، کەرخە، هەفت تەپە، تاران، کرماشان و ڕەشت، لە ناڕەزایەتیی بە جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان و هەروەها
بە بەدەستەوە گرتنی چەندین پلاکارد بە ناوەڕۆکی، “بەکردەوە دەرهێنانی یەکسان سازی مافی سەرەکی ئێمەیە”، “خانەنشین هاوار کە، مافەکانت وەرگرە” و “ڕەزمەندەگانی دوێنی، برسییەکانی ئەمڕۆ” و هەروەها بە وتنەوەی چەندین درووشمی وەک “تەنیا لە شەقامەکان دەتوانین مافەکانمان وەرگرین”، لەئاست جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی. لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵێک لە کرێکارانی دامەزراوەی پۆڵای گیلان لە بەرامبەر ئەم دامەزراوەیە و خانەنشین کراوانی پۆڵای ئیسفەهان لە بەرامبەر سندووقی خانەنشینی پۆڵای ئەمشارە، لە ڕێگەی بەدەستەوە گرتنی چەندین دەست نووسراوە بە ناوەڕۆکی، “گەراندنەوەی ڕاستەقینەی پێگەی سندووقی پۆڵا لە بەرنامەی حەوتەمی گەشە پێدان” و “تەواوکردنی پڕۆژەی یەکسان سازی بەپێی تایبەتمەندی کاری کرێکاران”، دەستیاندایە کۆبوونەوە. هەروەها کۆمەڵێک لە خاوەن پێداویستییەکانی تایبەت بە کۆبوونەوە لە بەرامبەر بینای مەجلیسی ڕژیم و ئیدارەی بێهزیستی لە شارەکانی ئەردەبیل، ساری، کرمان و کرماشان، دەستیاندایە کۆبوونەوە و خوازیاری بەکردەوە دەرهاتنی مادەی ٢٧ی یاسای تایبەت بە کەمئەندامان بوون.