عەباس دەریس کرێکارێکی بەندکراوە کە لە ساڵی ١٣٩٨ و لە جەرەیانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا لە شاروچکەی “جەڕاحی” لەگەڵ براکەی موحسین دەستبەسەرکرا. ئەو لە پەروەندەیەکی درۆییندا بە “موحاربە، شێواندنی نەزم و بەشداری لە کوشتنی یەکێک لە هێزەکانی یەگانی ویژەی هێزی ئینتزامی ناسراو بە نوپو” تۆمەتبارکرا. لەژێر ئەشکەنجەدا مەجبوور بوو دژبە خۆی ئیعتراف بکات و ئەم تۆمەتە درۆیینانە قەبووڵ بکات کە بەهۆیەوە بە ئێعدام مەحکووم کراوە و لەئێستاشدا دیوانی باڵا ئەم حوکمەی تەئید کردووە.
عەباس دەریس یەکێک بوو لەو خەڵکە ناڕازییەی کە لەگەڵ هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان پەنای بۆ نەیزارەکانی ماهشەهر بردبوو و لەوێ شایەدی وەبەرگولـلەدانی خەڵک لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بوو. دواتر لە بیستی مانگی سەرماوەزی ٩٨دا مەحموود واعزی سەرۆکی دەفتەری حەسەن ڕووحانی، لەژێر گوشاری ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا و ڕەنگدانەوەی جیهانی، ئەم کوشتارەی پشتڕاست کردەوە.
عەباس دەریس کرێکاری ئیدارەی بەرق لە شارۆچکەی “مەمکو” بوو کە دوای بیست ساڵ کار، دەستفرۆشیشی دەکرد. ئەو تەنها کرێکارێکی موعتەڕز بوو. وەک هەر کام لە ئێمەی خەڵک کە هەموو ڕۆژێ بەخاتری وەزعی خراپی ژیان و گوزەرانمان ئیعتڕاز دەکەین و بە دروشمی ژن ژیان ئازادی هاتینە مەیدان تا کۆتایی بەم هەمووە بەدبەختی و فەلاکەتە بێنین. ئەوەیکە بەسەر عەباس دەریس هاتووە دەتوانێ بەسەر هەر کام لە ئێمە بێت کە خوازیاری مافەکانمانین. نابێ بێدەنگ بین.
کوڕی عەباس، عەلی دەریس لە نامەیەکدا داوا لە هەموو خەڵکی جیهان دەکات کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی باوکی حمایەت و پشتیوانیی لێ بکەن. عەلی ڕۆڵەی هەمووی ئێمە کرێکارانە. پێویستە لێبڕاوانە و بێ ڕاڕایی وڵامی بانگەوازەکەی بدەینەوە و لەگەڵ ئەم بنەماڵەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی عەباس دەریس و گەڕاندنەوەی بۆ لای ڕۆڵەکانی تێبکۆشین.
عەلی دەریس لە نامەکەیدا ڕوو بە هەمووان دەنووسێ:
“خەڵکی میهرەبانی دنیا! من عەلی دەریس کوڕی گەورەی عەباس و کفایەم. بەداخەوە دایکم لەگەڵ بیستی هەواڵی ئەگەری مەحکوومبوونی باوکم بە سێدارە، جەڵتەی دڵ لێیدا و ئێمەی بۆ هەمیشە جێهێشت. ئێستاش باوکم مەترسیی سێدارەی لەسەرە. من و براکانم مێهدی ١٢ ساڵ تەمەن و محەممەد کە ٨ ساڵیەتی، دەپرسین ئایا دنیا هێندە بێبەزەییە و چاو لێدەکا تا ئێمە باوکمان لەدەست دەین؟ ئێمە ئەم سێ منداڵە لە هەموو ڕێکخراوەکان، دەوڵەتەکان و هەموو خەڵکی میهرەبان و تەنانەت منداڵانی دنیا داوا دەکەین، کۆمەک بکەن باوکمان ئێعدام نەکرێ. زۆر وەزعێکی ناخۆش و خۆفناکە. یارمەتیمان بدەن با باوکمان بگەڕێتەوە ماڵێ. عەلی دەریسی ١٦ ساڵە”.
عەلی دەریس منداڵێکی کارە کە بەخاتری دابینکردنی خەرجی دوو برا چکۆلەکەی بەناچار دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە.
نامەکەی عەلی ناخهەژێنە. سێ منداڵی عەباس دەریس لای دایە گەورەیانن. عەلی دەریس لە دوایین نامەیدا دەنووسێ کە دایە گەوەرەیان نابینایە و ئەوان بەخاتری دووریی ڕێگا نەیانتوانیوە بچنە سەر گڵکۆی دایکیان لە ئەهواز و یان چاویان بە باوکیان بکەوێ. عەلی دەریس و دوو منداڵی چکۆلەتری عەباس دەریس ڕۆڵەی ئێمە کرێکارانن، پێویستە پشتیوانییان لێبکەین.
حوکمی ئێعدامی عەباس دەریس دەبێ هەڵوەشێتەوە و دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرج ئازاد بکرێت. ئەرکی ئێمە کرێکاران و خەڵکە کە بۆ نەجاتدانی گیانی عەباس دەریس و هەموو ئەو مرۆڤە ناڕازییانەی لە بەندیخانەکاندان تێبکۆشین.
هەموو بەندکراوانی سیاسی پێویستە ئازاد بکرێن.
ئێعدام قەتڵی حکوومەتییە و پێویستە قەدەغە بکرێ. زیندان و ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆری و پەروەندەسازیی ئەمنیەتی پێویستە کۆتایی پێبێت. ئێمە هەموومان عەباس دەریسین.
شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت