لەحاڵێکدا کە لە ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتیی ژینا (مەهسا) لە ٢٥ی مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو نزیک دەبینەوە، کۆماری ئیسلامی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئیقداماتێکی بۆ پەرەپێدانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن ئەنجامداوە. بۆ نموونە پەرەپێدانی بانگکردن و دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی ومەدەنی، وەڕێخستنی شەپۆلی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی، هێرشی ڕێکخراو بۆسەر زانکۆکان و زیادکردنی فشارەکان بۆسەر ژنان لە شەقام و شوێنە گشتییەکان بەبینانووی بێحیجابییەوە. لەدرێژەی ئەم هەوڵانەدا ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی مانگی پووشپەڕ وتەبێژی هێزی ئینتزامیی ڕژیم بە پشت بەستن بە چرای سەوزی “محەممەد موسەدق کەهنموویی” جێگری یەکەمی دەزگای قەزایی ڕژیم واتە پشتیوانیی ئەم دەزگایە لە “ئیقتدار”ی هێزی ئینتزامی بۆ سەرکوتی پێشێلکارانی حیحاب، ڕایگەیاند: “لەمڕۆوە بە جێگیرکردنی گەشتی ماشێنی و پیادە لە سەرانسەری ئێران، ئەو دەستەیە لە کەسانێک کە بەداخەوە سەرەڕای ئاگاداربوون لە ئاکام و داواهاتەکانی پۆششی بەدوور لە سوننەت و نەریت هەروا درێژە بە پێشێلکاری دەدەن، وێڕای هۆشدار و تەزەکور، ئەگەر بەقسەی پۆلیس نەکەن بەپێی یاسا هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکرێت و بە دەزگای قەزایی دەناسێندرێن”. ئەم بەکرێگیراوە سەرکوتگەرەی ڕژیمی ئیسلامی بە ڕەواڵی هەمیشەی درۆودەلەسەی بەرپرسانی ڕژیم وتی: “هێنانەوەی دووبارەی گەشتی ئیرشاد بۆسەر شەقامەکان بەشێک لە داخوازیی خەڵک و گرووپ و ناوەندە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان بووە”. هەر لەم پێوەندەدا دەزگای ئەمنیەتیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە شانۆیەکی گاڵتەجاڕانە و زەبوونانەدا ژمارەیەک لە ژنانی وابەستە بە خۆی وەک نەیارانی بێ حیجابی هێنایە سەر شەقام. هەروەها حەفتەکانی ڕابردوودا ڕژیم عەواملی بەسیج و لیباش شەخسیی بە وەنی سپی ڕەنگ لە شەقامەکان جێگیرکردووە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا زۆر کلیپ بڵاوکراونەتەوە کە نیشانی دەدەن مەئموورانی گەشتی ئیرشاد لە شەقامی شارە گەورەکان موزاحمی خەڵک دەبن و هێرش دەکەنە سەر ژنانی ئازادیخوازی بێ حیجاب و دەیانخەنە ناو وەنەکانەوە و دەسبەسەریان دەکەن.
پەنابردن بۆ ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە لە دژی ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخوازان لەلایەن حکومەتی ئیسلامییەوە بەرەوڕووی توڕەیی و ناڕەزایی جەماوەری خەڵک بووەتەوە. تا جێیەک کە تەنانەت هێندێک لە ناوەند و بەرپرسانی خودی ڕژیمیش نیگەرانی ئاکامە زیانبارەکانی ئەم هەڵسووکەوتانە بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەیانن و دژایەتیی دەکەن. بۆ نموونە سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی کۆنەپەرستی ڕژیم ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی مانگی پووشپەڕ باسی لەوە کرد کە ئاگاداری مۆڵەتی دەستبەکارکردنەوەی گەشتی “ئەمنیەتی ئەخلاقی” نییە و وتی: “ئەوەیکە ئایا کاریگەریی ئەم کارانە لەماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا چەندە بووە پێویستە چاو لە کۆمەڵگا بکەنین. بۆ پرسی کلتووری و کۆمەڵایەتی پێویستە ڕێوشوێنێکی گونجاو بگرینە بەر. بێجگەلە ئەوە ئەگەر مەسیرێکی تر هەڵبژێرین، بەدڵنیاییەوە وڵام وەرناگرین”. هەر لەم پێوەندەدا یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیس وێڕای نیگەرانی لە چارەنووسی کۆماری ئیسلامی وتی: “گەشتی ئیرشاد چوارچێوەی یاسایی نییە و وەکارخستنەوەی دووبارەی ئاکامی قەرەبوونەکراوی بەدواوە دەبێت. ئاکامی ئەم کارانە و زیانەکانی پێشتر بیندراوە. هەرکات حەساسیەتەکان نیسبەت مووی کچان زیاتر لە حەساسیەتی ئێمە بە ئیختلاسەکان، منداڵانی کار، زبڵگەری و باقیی زیانە کۆمەڵایەتییەکان بێ، دڵنیا بن کە بە ڕێگای هەڵەدا دەڕۆین”. دامامەزراوەیەکی ئاماری دەوڵەتیش ڕایگەیاند: “لە ڕاپڕسییەکدا مەعلووم بووە کە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی هاوسەرانی ژنانی بێحیجاب موافقی بێحیجابیی هاوسەران و کچانی خۆیانن. پێویستە بوترێ کە ناوەندی مەنفووری “گەشتی ئیرشاد” بەهۆی جەنایاتی بێ ئەژماری لە چەند ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت “قەتڵی حکوومەتیی ژینا” لەلایەن یەکیەتیی ئەورووپا و ئەمریکا و بریتانیاوە تەحریمی خراوەتە سەر و ڕژیمی ڕیاکاری کۆماری ئیسلامیش لەئێستادا ناوەکەی بۆ “گەشتی ئەمنیەتی ئەخلاقی” گۆڕیوە.
واقعیەت ئەوەیە کە ڕژیمی وەرشکستەی کۆماری ئیسلامی کە نوقمی قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییە، بەردەوام لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بەرەوڕووە و توانای وڵامدانەوە بە هیچ کام لە داخوازییەکانیان نییە. لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵگا هێستا لە کەشوهەوای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی دە مانگی ڕابردوودایە و زەمینەی سەرهەڵدانەوەی ئاخێزێکی چەند بەرابەر بەهێزتر و بەرینتر لە ڕابردوو بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی ئامادەیە. چونکە هەموو ئەو هۆکار و فاکتۆرانەی کە بوونە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی دە مانگی ڕابردوو نەتەنیا هەر لە جێی خۆیانن بەڵکوو زیاتریش پەرەیان سەندووە. کردەوەی جەنایەتکارانە و فریوکارانەی ڕژیم لەوانە هەڕەشە، تەوهین و دەستگیرییەکان، دەرکردنی ئەحکامی زیندان و مەحرومیەتەکان، پلۆمبی دووکان و شوێنە تجاری و تەفریحییەکان و باقیی ئەحکامی وەحشیانەی دەزگای گەندەڵی قەزایی ڕژیمی ئیسلامی، بەرەوڕووی موقاومەت و خەباتی ڕوو لە گەشەی ژنان و پیاوانی خەباتکاری سەرانسەری ئێران بووەتەوە و ڕژیم تەنها شکست و ناکامیی بۆ مانەوەتەوە. لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زۆرێک لە ژنانی تێکۆشەر یاسای کۆیلەیەتی و سووکایەتی و هەڵاواردنی ڕەگەزییان ژێرپێناوە و ئازادانە لە خەیابان و شوێنە گشتییەکان هاتووچۆ دەکەن و شکست و ڕسوایی زیاترییان بەنەسیبی دەسەڵاتی دژەژنی ئیسلامی کردووە.
لە سەروبەندی ساڵوەگەڕی کوشتنی ژینادا، ڕژیمی ئیسلامیی ترساو، کەوتووەتە کار تا بەڵکوو بە توندکردنەوەی سەرکوت واتە تەنها ئامرازی مانەوەی دەسەڵاتەکەی، لە سەرهەڵدانی ئاخێزێکی جەماوەریی تر ڕێگری بکات. بەڵام بێگومان ئەمە هەوڵێکی بێ ئاکام و بێهودەیە و بێجگەلە شکست و ڕسوایی زیاتر شتێکی تری بۆ ئەم ڕژیمە دەرماندەیە بەدواوە نابێت. چونکە لە هەلومەرجێکدا کە قەیرانی ئابووریی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی یەکجار قووڵ و بەرینتر بووەتەوە، تمەن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهای خۆی لەدەست دەدا، گرانی و بێکاری بەردەوام ڕوو لە زیادبوونەوە، هێڵی هەژاری بەوتەی خودی ڕژیم گەیشتووەتە ٣٠ ملیۆن تمەن، توانای کڕینی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتێکێش بەشێوەیەکی بێوێنە کەم بووەتەوە، هەژاری و برسێتی و بێخانەولانەیی بێداد دەگات، لە وەها بارودۆخێکدا هەڕەشە و کردەوەی سەرکوتگەرانە و گەشتی ئیرشاد لەگیانی خەڵک بەردان ناتوانێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە چارەنووسی حەتمیی کە فەنا و ڕووخانە دەرباز بکات. ئێستا کە ڕژیمی جەهل و خورافەی ئیسلامی شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و بۆ جارێکی تر دەیهەوێ هێزە سەرکوتگەرەکانی بخاتە بەرامبەر ناڕەزایەتی و مانگرتنی بزووتنەوەی کرێکاری، لاوانی وەگیانهاتوو و بێکار، ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخواز، مامۆستایانی خەباتکار، خوێندکاران، خانەنشینان، پەرستاران و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، پێویستە پێی بوترێ ئەوە عەرز و ئەوە گەز. بێگومان ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و خەباتکاری ئێران بۆ جارێکی تر بیساتی گەشتی ئیرشادیش تێکەوەدەپێچن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە