لەم دواییانەدا لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە سزای ٩ مانگ بەندکردنی بە تۆمەتی “ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” بەسەر کەماڵ کەریمی، سزای ١٨ مانگ بەندکردن بەتۆمەتی “کۆبوونەوە و پلانگێڕی لەدژی ئاسایشی نێوخۆیی و دەرەوەی وڵات” بەسەر خەبات مەحموودی و سزای سێ ساڵ بەندکردنی بە تۆمەتی “پێکهێنانی گروپی نایاسایی لە ئێراندا” بەسەر شادمان عەبدیدا سەپاند. شیاوی ئاماژەپێدانە کە، سزای بەندکردنی کەماڵ کەریمی و خەبات مەحموودی بۆ ماوەی دوو ساڵ و سزای بەندکردنی شادمان عەبدی، بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو هەڵپەسێردراوە. کەماڵ کەریمی، خەبات مەحموودی و شادمان عەبدی، لە شەوی ٢٧ی گوڵانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە لە ماڵی بنەماڵەی هومەن عەبدوڵڵاهی، لاوی گیانبەختکردوو لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” دا دەستبەسەرکرابوون. ئەم چالاکە کرێکارییانە لە کۆتاییەکانی جۆزەردانی ئەم ساڵ بەدانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی هەتا تەواوبوونی ماوەی دادگاییکردنیان لەبەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازادکرابوون.