سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی “سەعادەت تاشکە، مەولوود ئاتەشبار و یووسف ئاتەشبار” دوو مانگ لە مەوبەر لە لایەن هێزەکانی ڕژیم لەو شارە دەستبەسەر کراون و هەتا ئێستا چارەنووسیان نادیارە..
بەپێی ڕاپۆرتەکان، مەولوود ئاتەشبار، تەمەن ٤٠ ساڵ و “سەعادەت تاشکە”ی هاوژینی، زیاتر لە ٦٣ ڕۆژ لەمەوبەر کاتێک کە لە کێڵگەیەکی پەراوێزی شاری مەهاباد کاریان دەکرد، دەستبەسەر کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، دۆخی تەندروستی، شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە. هەر لەم پەیوەندییەدا، ناوەندەکانی ڕژیم لە ماوەی ٢ مانگ و ١ ڕۆژی ڕابردوودا ڕێگەی چاوپێکەوتنیان بە سەعادەت تاشکە و مەولوود ئاتەشبار لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەداوە و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفۆنیشیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەگرتووە، بۆیە نیگەرانییەکان لەسەر تەندروستییان زۆر جددییە. هەروەها یووسف ئاتەشبار و برای مەولوود ئاتەشبار، ماوەی ٦٠ ڕۆژە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کراوە و تەنیا دوو جار پەیوەندیی تەلەفۆنی کورتماوەی بە بنەماڵەکەی گرتووە و لەسەر دەستبەسەرکردن و گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ورمێ ئاگاداریانی کردووەتەوە. شایانی باسە، ناوبراو لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە. شایانی باسە کە ناوەندەکانی ڕژیم هەڕەشە لە بنەماڵەی یووسف و مەولوود ئاتەشبار کردووە و داوای ڕادەستکردنی برایەکی دیکەیان بەناوی موراد ئاتەشبار دەکەن کە ئێستا نیشتەجێی تاراوگەیە.