فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئاخێزی بێبەشانی قەزاقستان دژبە نایەکسانی و دیکتاتۆریی سیاسی
سێشەممە ۲۱-۱۰-۱۴۰۰   |  11-01-2022

دانیشتووانی شاری ژانائۆزێن، ناوەندی سەنعەتی نەوت لە ڕۆژاوای وڵاتی قەزاقستان، هاتنی سەری ساڵی ٢٠٢٢یان جێژن گرت و لە سبەینێی ئەم ڕۆژەدا کاتێک لە خەو هەستان، ئاگادار بوونەوە کە نرخی گاز دوو بەرابەر بووە. چوونەسەرەوەی سەرسووڕهێنەری تێچووی سووتەمەنی، چەخماخەیەک بوو کە کرێکاران و خەڵکی بێبەشی ئەم ناوچانەی هێنایە سەر شەقامەکان و بەخێرایی شارە گەورەکانی گرتەوە.

وڵاتی قەزاقستان وەک گەورەترین وڵاتی ئاسیای ناوەند، لە ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی مانگی بەفرانبار(بەرابەر لەگەڵ دووی ژانویە)ەوە شایەدی خۆپیشاندانی مەزنی کۆمەڵایەتییە. چوونەسەرەوەی تێچووی سووتەمەنیی ئۆتۆمبێل تووڕەیی و ناڕەزایەتیی گشتیی ئەم وڵاتەی هەڵچوواند و دەستبەجێ بوو بە بزووتنەوە و ئاخێزی جەماوەری دژبە گەندەڵی و هەژاری، و ڕژیمی دیکتاتۆری ئەم وڵاتەی خستە لەرزە. ئەم ناڕەزایەتییە سەرتاسەری و جەماوەرییانە لە قەزاقستان، درێژەی زنجیری ئەو ڕاپەڕین و ئاخێزە بەرینانەیە کە لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیهان، لە شیلی و فەڕانسەوە تا لۆبنان وعێراق و ئێران، لە ناڕەزایەتی دژبە درێژە و توندبوونەوەی سیاسەتی نێئۆلیبرالی، چوونەسەرەوەی بەردەوامی نایەکسانی، گرانی، هەژاری، فەلاکەت، دیکتاتۆری و زەبروزەنگی سیاسی، بەڕێوەچوون. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرینی قەزاقستان و توندوتیژیی دەوڵەتی دەسەڵاتدار، وەبیرهێنەرەوەی ڕووداوە هاوشێوەکان لە ئێران بوون.

ئەم ناڕەزایەتییانە لە ناوچە خاوەن نەوتەکانی ڕۆژاوای قەزاقستانەوە دەستیپێکرد و بەخێرایی شارە گەورەکانی وەک ئالماتی، گەورەترین شار و پایتەختی ئابووریی ئەم وڵاتەی گرتەوە. ئەم ئاخێزە کۆمەڵایەتییە درێژەی ناڕەزایەتییە بەرینەکانی خەڵک لەم وڵاتە لە ساڵەکانی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ بوو کە سەرەنجام کۆتایی بە ٢٩ ساڵ سەرۆک کۆماریی “نوور سوڵتان نەزەربایێڤ”ی لەساڵی ٢٠١٩ هێنا بەڕێوەچوونی پێشوەختی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لێکەوتەوە. سەرەڕای لەسەرکالاچوونی نەزەربایێڤ، هەژاری و فەلاکەت، گەندەڵیی بەرین و جێگەوتووی ناو دەسەڵات، دیکتاتۆری و بێعەداڵەتی، و قەیران و بێسەرەوبەرەیی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەروا لەسەر جێی خۆی بوو. بەگشتی ئەم هۆکارانە بەستێنە بابەتییەکانی ئەم ناڕەزایەتی و خرۆشە کۆمەڵایەتییە بوون.

لە یەکەم هەنگاودا، دەوڵەتی قەزاقستان بەخاتری ئەم ناڕەزایەتییە بەرینانە دەستی لە کار کێشایەوە. قاسم تۆکایێڤ، سەرۆک کۆماری قەزاقستان بەڵێنی دا کە “بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات”، نرخی سووتەمەنی کەم بکاتەوە و باری نائاسایی بۆ ماوەی دوو حەوتوو ڕاگەیاند. بەڵام ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان هەروا درێژەیان بوو و لە سەرتاسەری وڵات سەریان هەڵدا. کاردانەوەی دەوڵەتی دەسەڵاتدار بەم ناڕەزایەتییانە، هیچ شتێک نەبوو بێجگەلە توندوتیژی و سەرکوتی خوێناوی. دەوڵەتی تۆکایێڤ، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و مەترسیی ڕووخانی ئەم دەوڵەتە، داوای هاوکاریی لە ڕووسیە کرد و دەستبەجێ وڵامی ئەرێنیی وەرگرتەوە. چەندین دەستە هێزی چەکدار و سەرکوتگەری ڕووسیە و هاوپەیمانانی هاتنە قەزاقستان تا لە پەنا هێزە سەرکوتگەرە نیزامی و چەکدارەکانی ئەم وڵاتە، خۆپیشاندەران و ناڕازیان سەرکوت بکەن و دەوڵەتی دەسەڵاتدار بپارێزن.

سەرۆک کۆماری قەزاقستان، وەک هەموو دەوڵەتانی دیکتاتۆر و جەنایەتکار، “بێگانەکان و هێندێک میدیا”ی هۆکاری سەرەکیی ئەم ناڕەزایەتییانە لەقەڵەم دا و بە پێناسەکردنی ناڕازیان بە “تیرۆریست یان ئەو هێزە نیزامییانەی کە لە دەرەوەی سنوورەکان ڕاهاتوون”، بەستێنی بۆ بەخوێن کێشانی خۆپیشاندانەکانی ئامادە کرد. تۆکایێڤ لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند: “فەرمانم بە هێزە نیزامییەکان و ئەرتەش کردووە کە بە بێ هۆشدار و بە قەستی کوشت تەقە بکەن.” ناوبراو داواکاریی وتووێژ لەگەڵ نەیارانی بە وتەیەکی بێمانا زانی و وتی: “ئەوان دەبێ لەناوبچن و بەم زووانە ئەوەش ڕوودەدات”.

بەڵێ! دەوڵەتی دەسەڵاتدار ئەوەی کرد. هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە شەقامەکانی شاری ئالماتی هاوشێوەی مەیدانی شەڕی نێوان ستەمکاران و ستەملێکراوانە. دەوڵەتی دەسەڵاتدار ئینتێرنێت و تەلەفونی پچڕاندووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیامنێرەکانی وەک “واتسئاپ”، “تێلێگڕام” و “سیگناڵ”ی لە زۆرێک لە ناوچەکانی قەزاقستان لە کار خستووە تا لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان ڕێگری بکات و بەدوور لە چاوی میدیاکان درێژە بە کوشتار و سەرکوتی ناڕازیان بدات. هێزەکانی پۆلیس بە کەڵک وەرگرتن لە گازی فرمێسکڕێژ، نارنجۆکی شۆکێر و تەقەی ڕاستەوخۆ بەرەو ناڕازیان، ستوونی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازیان لە خوێن وەردا. ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بەفرانبار تەلەڤیزیۆنی فەرمیی قەزاقستان ڕایگەیاند کە لە جەرەیانی نائارامی و تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم ١٦٤ کەس کوژراون و ٢٢٠٠ کەسیش بریندار بوون و پتر لە ٥ هەزار کەس دەستبەسەر کراون .

ئەم ڕووداوانە لە باروودۆخێکدا هاتوونەتە ئاراوە کە ئەم وڵاتە لەسەر دەریایەک لە سەروەت و سەرچاوەی سرووشتییە. وڵاتی قەزاقستان بە ٣٠ تریلیۆن بەرمیلەوە، خاوەنی پلەی دوازدەهەمی پاشکەوتی نەوتی خاوی جیهانە. نزیکەی لەسەدا ٧٥ی پاشکەوتی نەوتی دەریای خەزەر لەژێر خاوەندارییەتی ئەم وڵاتە دایە، و نزیکەی لەسەدا ٤٠ی ئۆرانیۆمی جیهانیشی بەخۆی تەرخان کردووە. ئەگەرچی گرانیی سووتەمەنیی گاز چەخماخەیەک بوو بۆ گرپەی ئەم ئاخێزە مەزنە، بەڵام ئەوە ناڕەزایەتی و تووڕەیی پنگخواردووی ناخی ئەم کۆمەڵگایە بووە کە بووەتە هۆی ئەوەیکە بەمجۆرە جەماوەری بێبەشی شار وەحەرەکەت کەون و شەقام بکەنە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی دژبە دەوڵەتی سەرمایەداری دەسەڵاتدار. لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، ڕژیمی دەسەڵاتدار، بەڕێبەریی بنەماڵەی نەزەربایێڤ، بەردەوام بەکردەوەدەرهێنانی یاساکانی بازاڕی ئازاد و سیاسەتی نێئۆلیبڕالییان خستووەتە دەستووری کاری خۆیانەوە. بەپێی هەر ئەم سیاسەتە، دەوڵەت بەرەبەرە یارانەی گازی مایەعی بڕی، واتە سووتەمەنییەک کە زۆربەی خەڵکی ئەم ناوچەیە بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاری دێنن. یەک دەیە لەمەوبەریش لە جەرەیانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی نەوت لەئاست حەقدەستی کەم و باروودۆخی فەلاکەتباری کار، شاری ژانائۆزیندێر، ساڵی ٢٠١١ شایەدی سەرکوتێکی مەرگبار بوو کە بەهۆیەوە ١٤ کرێکاری نەوت بەدەستی هێزەکانی دەوڵەتی قەزاقستان کوژران. نابەرابەری لەم وڵاتەدا بێداد دەکات. مامناوەندی حەقدەستی مانگانە لە قەزاقستان کەمتر لە ٦٠٠ دۆلارە. تەنانەت کەسانێک کە داهاتێکی مامناوەندیشیان هەیە، لەوانە پزیشک و موعەلیم و کارمەندانی دەوڵەت، مووچەیەکی زۆر کەمیان پێدەدرێت و بۆشایی نێوان داهات و خەرجییەکان بە وەرگرتنی بەرتیل پڕ دەکەنەوە. 

دەوڵەتی دەسەڵاتدار لە قەزاقستان ڕەنگبێ لە ڕێگەی ماشێنی سەرکوت و کوشتار بتوانێ بۆ ماوەیەک خۆپیشاندانەکان و ئاخێزی جەماوەری سەرکوت بکات و پاشەکشەیان پێ بکات، بەڵام زۆر ناخایەنێت کە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێدەکەنەوە و ئاخێزی بەهێزتر دەکەوێتە ڕێ. ئەمانە ئەو ڕاپەڕینە بەرینانەن کە لە کاردانەوە بە پەلاماری هەوسارپچڕاوای سەرمایەداری دژبە زۆربەی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا سەریان هەڵداوە. ئەم ناڕەزایەتییانە وەبیرهێنەرەوەی ئاخێزی سەرتاسەریی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ لە ئێران دژبە هەژاری و فەلاکەت و بێبەشین. ئەم ئاخێزانە هەرچەند سەرکوت و خەڵتانی خوێن کران، بەڵام نیشانیان دا کە کوڵوکۆی ناخی کۆمەڵگا هەروەک ئاگری ژێر خۆڵەمێش ناکووژێنەوە و هەرچەند وەخت جارێک سەر هەڵدەدەنەوە و دەسەڵاتی سەرمایەداری و دیکتاتۆریی زاڵ دەبەنە ژێر پرسیارەوە. بێگومان هەمووی ئەمانە زایەڵەی دادخوازیی مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێوە کە لەم کۆمەڵگایەوە هەڵدەچێت و گۆڕینی باروودۆخی زاڵ لەجاڕ دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە “جیهانێکی تر مومکینە”.