کەمێک دوای پەسندکرانی گەڵاڵەی “لاوبوونی دانیشووان و شکۆی بنەماڵە” لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئەم یاسا دژەژنە دەستبەجێ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پزیشکی نەخۆشییەکانی ژنان لە وتووێژ لەگەڵ ئیلنا وتی “به مەبەستی بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی زۆربوونی دانیشتووان، شێوازەکانی پێشگیری لە فێرکاری و تاقیکردنەوەی ئەو رێزیدێنتانەی کە قۆناغی پسپۆڕیی بواری ژنان تێدەپەڕێنن یەکجار کەمڕەنگ بووەتەوە.” ئەوەش لە حاڵێک دایە کە مریەم کاشانیان پسپۆڕی بواری ژنان دەڵێت: “دووگیانبوونی نەخوازراو، مەترسیدار بە ئەژمار دێت و هەر بۆیە مەیل بۆ لەبابردنی کۆرپەڵە لەم دەستەیەدا لەسەرێیە و لە هێندێک حاڵەتدا لەوانەیە ژنان نەخۆشیی پێشووتریان هەبێت و ئەوەش ڕیسکی تەندرووستیی بۆ ژنان زۆر لەسەرێیە. نەخۆشییەکانی نزیکایەتی و سەندرۆمی توخمدانی پۆلی کیستیک و توندوتیژیی سێکسی لەو هۆکارانەن کە دەبنە هۆی کێشە و مەترسی لە پڕۆسەی دووگیانبوونی ژناندا.”
دانانی بەربەستی زیاتر بۆ لەباربردنی کۆرپەڵە، لەوانە پشتیوانی نەکردنی بیمە بۆ شناسایی نەخۆشییە پێوەندیدارەکان، هاتنەخوارەوەی هەرچی زیاتری دەستڕاگەیشتنی ژنان بە کەرەستەی پێشگیری لە دووگیانبوون، بۆ نموونە قەدەغەکردنی ئەم پێداویستیانە لەلایەن ناوەندەکانی بێهداشت بۆ ناوچە بێبەش و گوننشینەکان و یان قیمەتی سەرسووڕهێنەری ئەم پێداویستییانە لە دەرمانخانەکان، لەم دوایانەدا لە ئاست تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگدانەوەی بەرینیان بووە. لەباربردنی کۆرپەڵە لە ئێران بێجگەلە حاڵەتەکانی “سێقت دەرمانی” قەدەغەیە. لە ساڵی ١٣٨٤دا “سێقت دەرمانی” پەسند کرا کە بەپێی ئەم یاسایە لەباربردن بە ئامانجی پاراستنی سڵامەتیی دایک و کۆرپەڵە وێڕای تەئیدی پزیشک و تێپەڕاندنی قۆناغە تایبەتە یاساییەکان، ئەنجام دەدرێت. بەڵام ئەگەر ژنێک بە ئانقەست دەست بداتە لەباردن، مەحکووم بە پەرداختی دیە بە باوکی کۆرپەڵەکەیە و سزای کەسانێکی وەک پزیشکیش کە ئەم کارەیان ئەنجام داوە ٢ تا ٥ ساڵ زیندانە. هاندان بۆ هاوسەرگیری و منداڵ بەدنیا هێنان، یەکێکی تر لە بەرنامەکانی بردنەسەرەوەی جەمعییەتە. ئەم بابەتە نەتەنیا کۆیلەیەتیی سێکسیی منداڵانی کچی لێدەکەوێتەوە بەڵکوو دواهاتی یەکجار مەترسیداریشی بەدواوەیە.
سەرکوتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی دژبە ژنان ئەگەرچی بابەتێکی تازە نییە، بەڵام هەوڵی هەرچی زیاتر لەپێناو لە ئیختیار گرتنی جەستەی ژنان و بەتایبەت قەدەغەکردنی لەباربردنی کۆرپەڵە پەیوەندییەکی چەند لایەنە و ماناداری لەگەڵ پێگەی ئێستای کۆماری ئیسلامی هەیە. سنووردارکردنی هەرچی زیاتری ئازادییەکانی ژن چ بە کەڵک وەرگرتن لە ئامرازە حکوومەتییەکانی وەک ئێعدام، ئەشکەنجە، ئەسیدپاشی و بەرەو خوکوژی بردن و چ بە هەوڵ بۆ جێخستنی کلتووری کۆنەپەرستانەی دینی، تەنیا مەسەلەی ئیدێئۆلۆژیکی دەسەڵاتی سەرمایەدارانەی ئیسلامی نییە. بەڵکوو بەلەبەرچاوگرتنی قەیرانە ماڵی و ئیدێئۆلۆژیکەکانی کۆماری ئیسلامی، هەوڵێکە بۆ هەرچی چکۆلەتر کردنەوەی سفرەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، کە ژنان نیوەی ئەم کرێکار و زەحمەتکێشانە پێک دێنن. چ ئەوانەی وا بەشێوەی ڕاستەوخۆ دەچەوسێنەوە و چ ئەوانەی وا توانا و دەستڕەنجیان لە کاری ناوماڵ و منداڵ بە دنیا هێناندا بەفیڕۆ دەچێت.
ئەگەرچی واقعییەتەکان نیشانی دەدەن کە ئامارە بڵاوکراوەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا دوندی کێوی سەهۆڵیمان نشان دەدەن، بەڵام بەپێی دوایین ئامارەکان پتر لە ٦٠ لەسەدی ژنانی ئێران “خانەدار”ن و ٣٠ لەسەدی گشت بەرهەمهێنانی ناوخۆیی وڵات، بەهای کاری ناو ماڵی ئەوان بووە. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە کاری ژنان بەهای کۆمەڵایەتیی یەکسانی لەگەڵ کاری پیاوان نییە. ئەوان لە هیچ جۆرە پشتیوانییەکی پیشەیی بەهرەمەند نین و ئەساسەن جەمعییەتی چالاکی ئابووری بەئەژمار نایەن”. خودی کاربەدەستانی حکوومەت دان بەوە دادەنێن کە وەزعییەتی ژنانی خانەدار لە ناوچەکانی وەک سیستان و بەلووچستان و کوردستان کە لەگەڵ ستەمی نەتەوەیی بەرەوڕوون، یەکجار دڵتەزێنترە. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران لەو نێوەدا باروودۆخی ژنانی گوندنشین کە “خانەدار” پێناسە دەکرێن یەکجار نالەبارترە. لەبەر ئەوەیکە چالاکیی بێ مزدی ئەوان یەکجار زیاتر لە ئەرک و کاری ژنانی خانەداری شارییە. لە گوندەکاندا هێشتا جەمعییەتێکی یەکجار زۆر لە ژنان و کچان، دەرگیری کاری ناو ماڵ و هەڵاواردنن و وەرزی هاوین ئەوپەڕی کار و زەحمەتی ئەوانە.”
بۆ دەسەڵاتی سەمایەداریی ئیسلامی ئاشکرایە کە ڕەشبگیری و زیندانی درێژماوە نەتەنیا نەیتوانیوە کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان ناچار بە بێدەنگی بکات، بەڵکوو بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوپشتی زیاتری ئەوانی لێکەوتووەتەوە، تا جێگایەک کە چالاکانی بوارە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت ژنان بوونەتە خاوەن پێگە و ئیعتبارێک کە لەناوبردنی بۆ دەسەڵات بەهیچ شێوەیەک مومکین نییە. بەڵام ترس لە زۆربوونی ئەو ژنانەی کە دەبنە هۆی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی لەناو ماڵ و مەدرەسە و شوێنە گشتییەکان، بووەتە هۆی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی بیر لە بە بەند کێشانی زیاتری جەستەی ژنان بکاتەوە. بەڵام ڕاستییەکان پێمان دەڵێن کە بەهۆی پەرەسەندنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جۆراوجۆر و گۆڕانکارییەکی هیوابەخش لە کوالیتیی ئەم ناڕەزایەتییانە، بۆ نموونە ئەو داخوازییانەی کە موعەلیمان لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی خۆیاندا لەسەری تەئکیدیان کرد، هەر هەوڵێک بۆ لە ئیختیار گرتنی جەستەی ژنان، مەحکووم بە شکست دەکات. سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی چیتر ناتوانن کرێکاران، ماموستایان و ژنانێک کە وشیارانە و بوێرانە دژبە سیستەمێک کە هەموو شتێک دەکاتە کاڵا، دەستیان داوەتە خەبات و بەمجۆرە یاسایانە چاوترسێن نابن.