هونەرمەند سامان یاسین، بەندکراوی سیاسی بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە
پێنجشەممە ۱۲-۰۵-۱۴۰۲   |  03-08-2023
ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی گەلاوێژ، هونەرمەند سامان یاسین، بەندکراوی سیاسی و ڕاپەر و ئاوازدانەری تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان، لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەجەوە بۆ بەندی ٨ی زیندانی ئێڤینی تاران گواستراوەتەوە و تا ئێستاش هۆکاری گواستنەوەکەشی ڕوون نەکراوەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە هونەرمەندە دەستبەجێ و لەگەڵ کۆمەڵێک بەندکراوی سیاسیی دیکە بۆ زیندانی ئێڤین گواستراوەتەوە. سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، میوزیک ساز و ڕاپەڕی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بەهۆی پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکرا و دوای لێپرسینەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شار گواسترایەوە.