ڕوودانی سێ بوومەلەرزەی بەهێز لە چین، ئەندۆنێزی و ئەفغانستان
یەکشەممە ۱۵-۰۵-۱۴۰۲   |  06-08-2023
سێ بوومەلەرزەی بەهێز چین، ئەندۆنێزی و ئەفغانستانی هەژاند و بەهۆی ئەم بوومەلەرزانە، بە دەیان هاووڵاتیی لە چین برینداربوون و زیاتر لە ١٠٠ باڵاخانەش ڕووخاون.
دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی گەلاوێژ، کاتژمێر ٢ و ٣٠ خولەکی بەرەبەیان، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥ و ٤ دەهۆمی پلەی رێختەر لە رۆژهەڵاتی چین روویداوە. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی ١٠ کیلۆمەتر لە ژێر توێکلی زەوی و بە دووری ٢٦ کیلۆمەتر لە باشووری شاری دیچۆ، لە پارێزگای شاندۆنگ روویداوە و، زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە.