گیانلەدەستدانی منداڵێک بەهۆی وەرگەڕانی تراکتۆر لە سەرپێڵ زەهاو
یەکشەممە ۱۵-۰۵-۱۴۰۲   |  06-08-2023
ڕۆژی شەممە ١٤ی گەلاوێژ، ئاگرین عەلیمورادی تەمەن ٥ ساڵ و خەڵکی گوندی “حەسەن سولەیمان”ی سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاو، کە لەگەڵ بنەماڵەکەی چووبوونە ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەری ئەو گوندە بۆ دابینکردن و گواستنەوەی ئاوی خواردنەوەی ڕۆژانەیان، بەهۆی وەرگەڕانی تراکتۆرەکەیانەوە گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوو ئەندامی دیکەی بەتەمەنی ئەم بنەماڵەیە لە کاتی ئەم ڕووداوەدا بەسەختی بریندار بوون. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنی حکوومەتیی “ئیرنا”، لە کۆی گشتیی ٢٢٦ گوندی سەر بە شاری سەرپێڵی زەهاو، لانیکەم ٧٦ گوند کێشەی جددیی بێئاوی، کەمئاوی و بەتایبەت ئاوی خواردنەوەیان هەیە.