فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دژبە هەژاری و فەلاکەت و گرانی پێویستە یەکگرتوو و یەکپارچە ڕاپەڕین
پێنجشەممە ۱۹-۰۵-۱۴۰۲   |  10-08-2023

ئبراهیم ڕەئیسی لە جەرەیانی کێبەرکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی دەوڵەتی سێزدەهەم، لە سەفەری تەبلیغاتیی ئۆستانەکان و چەندین بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی و بەرەنگاربوونەوەی نێوان کاندیدەکان، بە بەڵێنی یەک ڕەقەمی کردنی تەوەرۆم، سازکردنی ساڵانە یەک ملیۆن مەسکەن، یەکسانکردنی حقووقی خەڵک لەگەڵ تەوەرۆم، کۆنتڕۆڵکردنی گرانی و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گرانی، کۆتایی هێنان بە ڕانتخۆری و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی، پێکهێنانی ساڵانە یەک ملیۆن پیشە و هێنانە خوارەوەی ٥٠ لەسەدیی هەزینەی دەرمان هاتە سەر کار. ڕەئیسیی جەلاد وێڕای ئاماژە بەوەیکە دەوڵەت ئیمکاناتی پێویستی بۆ ڕیشەکێشکردنی هەژاریی موتڵەق هەیە، لە سەروبەندی ساڵی ١٤٠١دا وتی: “لە ئۆستاندارەکان چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە بۆ ڕیشەکێش کردنی هەژاریی موتڵەق هەموو توانایان بەکار بێنن و ڕێگە نەدەن ئەم بابەتە بگاتە ساڵی ١٤٠١”.

فەرمانی دەوڵەتی ڕەئیسی بۆ ڕیشەکێش کردنی هەژاریی موتڵەق لە حاڵێکدابوو کە بەباوەڕی کارناسانی ئابووری، ئێران تا ساڵی ١٤٠٥ لە بواری ئاو، نەوت، گاز، سندووقی خانەنشینی و مەسەلەی ژینگە پێویستی بە زیاتر لە ٤٠٠ ملیارد دۆلار سەرمایە هەیە. دەوڵەتی ڕەئیسی نە تەنیا لەم بوارەدا پێشڕەوییەکی نەکردووە، بەڵکوو سەرەڕای تێپەڕینی دوو ساڵ لە دەوڵەتی ١٣ چوونەسەرەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان و هاتنەخوارەوەی بەردەوامی توانای کڕین، بووەتە یەکێک لە گرینگرتین کێشە ئابوورییەکانی خەڵک و گەورەترین نیگەرانیی بنەماڵەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش. لە حاڵێکدا کە تازەترین ڕاپۆرتەکانی ناوەندی ئاماری ئێران باس لە گرانیی ٨٦ لەسەدیی گۆشتی سوور، گرانیی ٨٢ لەسەدیی مریشک و ٨١ لەسەدیی بەرهەمەکانی شیر دەکەن، بەوتەی سەلمان ئیسحاقی نوێنەری مەجلیسی ئیسلامیی ڕژیم لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا نرخی نانیش لە ١٥ پارێزگای ئێران زیاتر لە ٤٠ لەسەد بەرز بووەتەوە. لە هێندێک لەم پارێزگایانە نانی بەربەریی سوننەتی یارانەیی کە پێشتر بە قیمەتی ٨٥٠ تمەن دەفرۆشرا بووەتە ١٢٠٠ تمەن و قیمەتی تافتونی سوننەتیی یارانەیی لە ٦٥٠وە بۆ ٩٠٠ و سەنگەکی یارانەیی لە ١٤٠٠ەوە بۆ ٢هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.

ڕۆژنامەی سەنعەت لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە گرانی نووسیی: “دەوڵەتی سێزدەهەم دوای تێپەڕینی نزیک بە دوو ساڵ لە هاتنەسەرکاری بەپێچەوانەی دروشمەکانی سەبارەت بە مەعیشەت و حمایەت لە سفرەی خەڵک، لەئێستادا بەجۆرێک خەڵکی تووشی سەرلێشێواوی و گرانی کردووە کە ئیدارەکردنی ژیانێکی لانیکەم بۆ زۆربەی توێژەکانی کۆمەڵگا هێندە دژوارە کە بۆ گوزەرانی ژیانیان یان بە واتایەکی تر بۆ زیندوومانەوەیان ڕوویان کردووەتە کڕینی نانی قەزر و یان تەنانەت لەتێک نان”.

ئەم ئامار و ئەرقامە سەلمێنەری ئەو واقعیەتەیە کە پەرەسەندنی تەوەرۆم و گرانی و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری لەماوەی مانگەکانی ڕابردوو، سفرەی بنەماڵە کرێکاری و کەم داهاتەکانی کۆمەڵگای زیاتر لە ڕابردوو بەتاڵ کردووە. نەبوونی بیمە، ئەمنیەتی کار، ترس لە بێکاربوون، نەبوونی ماڵ و سەرپەنا، هاتنەخوارەوەی توانای کڕین و نەبوونی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ تەوەرۆمی بەرین، بووەتە کابووسێک بۆ جەمعییەتی ملیۆنیی کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا. لەم ڕۆژانەدا و لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران، خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت ناتوانن نان واتە سەرەکیترین پێداویستی ڕۆژانەیان دابین بکەن.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە گۆڕانکاری لە کابینەکان و دەستاودەستکردنی حکومەت و گۆڕانکاری لە ئارایشی سیاسی باڵە دەسەڵاتدارەکان هیچ پێشکەوتنێک لەژیانی ڕاستەقینەی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا پێک ناهێنێت. لەجەرگەی درێژەی قەیرانی ئابووری و فەلاکەتی گشتی و داماویی ڕژیم لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو قەیرانانەی کە لەگەڵیان بەرەوڕووە، کرێکاران تەنها بەپشت بەستن بە ئەزموونی خەباتکارانە و بەهیمەتی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی خۆیان دەتوانن بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەژاریی و فەلاکەتی ئێستا خۆیان ئامادە بکەن. کرێکارانی وشیار بەباشی دەزانن کە ئەگەر دۆینێ ڕەئیسی جەلاد فەرمانی ڕیشەکێش کردنی هەژاریی موتڵەقی دەدا ئامانجی جێخستنی ئەو خۆشباوەڕییە بوو کە گۆیا سەرانی ڕژیم بیر لە هەژاران دەکەنەوە و بۆ چارەسەرکردنی هەژاری بەرنامەیان هەیە. بەڵام ئاشکرایە کە نە ڕەئیسی، نە سپای پاسداران و نە باقیی باندەکانی حکوومەت نەتەنیا ناتوانن گرێیەک لە کێشەکانی خەڵک بکەنەوە، بەڵکوو خۆیان هۆکاری سەرەکیی هەژاری و بێکاری و بێبەشیی خەڵکن.

کرێکارانی وشیار باش دەزانن کە کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی سەرمایەدارییە کە لە ڕۆژی ئەوەڵەوە بۆ خەڵتانی خوێن کردنی شۆڕش و بۆ نەجاتدانی نیزامی سەرمایەداری هاتووەتە سەرکار. هەژاریی بێسنوور و بێئەمان کە سەرانی ڕژیم ئاماژەی پێ دەکەن لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، لەلایەن حکوومەتی ئیسلامی و سەرمایەدارانەوە بەسەر چینی کرێکار و زۆربەی خەڵکی ئێراندا سەپاوە و بێگومان تەنیا لەڕێگەی خەباتی یەکگرتووانە و سەراسەرییەوە دەکرێت ئاڵۆگۆڕی بنەڕەتی ڕوو بدات.

یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتیی خانەنشینان ئەوەمان پێ دەڵێ کە دەکرێ خەبات دژبە هەژاری و نەهامەتی و گرانی یەکگرتوو و سەرانسەری بەڕێوەبچێت. چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری لە سەروبەندی ساڵڕۆژی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا تەنها لەڕێگەی پەرەپێدانی خەباتی کرێکاران دژبە هەژاری و گرانی و بە هاوڕێکردنی بێبەشانی شار لە پەراوێزی شارەکان و بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن یارمەتیدەری بابەتی سەرانسەریکردنەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری بن و ئاسۆی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ڕیشەکێشکردنی هەژاری و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و خۆشبژیو و بەدوور لە ستەم و چەوسانەوە بخەنە بەردەم جەماوەری وەگیانهاتوو لەم بارودۆخەی ئێستا.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co