سارا لارکمپ، پارێزەری مافی منداڵان لە فراکسیۆنی SPDی پارلمانی ئاڵمان، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک ڕایگەیاند کە کەفاڵەتی سیاسیی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی (سۆلینا)، لە ئەستۆ گرتووە و لە نامەیەکدا بۆ باڵوێزخانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵمان، بەنیسبەت بارودۆخی ئەوان نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و خوازیاری ئازادییان لەو دۆخە نامرۆڤانەی زیندانی ورمێ بووە. سارا لارکمپ لە پۆستەکەیدا ڕایگەیاندووە: “وەکوو نوێنەری پارێزەری مافی منداڵان لە فراکسیۆنی SPDی پارلمانی ئاڵمان، بە بارودۆخی ئەم دایک و منداڵە حەپەساوم و نیگەرانم! بۆیە داوا لە هەمووان دەکەم ئەم پۆستەی من هاوبەش بکەن و سەرنجمان بخەینە سەر چارەنووسی سوعدا و سۆلینا!” ئەم پارلمانتارە ئاڵمانییە، بە ئاماژەدان بە نەبوونی کەرەستەی یاریکردن، پزیشکی منداڵان، دەرمان، خواردن و جلوبەرگی پێویست بۆ سۆلینا، ئیزنی یەک کاتژمێر چوونەدەرەوە لە بەند لە ڕۆژدا و دەسپێڕانەگەیشتنی سوعدا بە پارێزەر و مەرەخەسی وتوویەتی: بارودۆخی ئەوان دژی مافی مرۆڤە و دەبێ بەزوویی ئازاد بکرێن.