فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نەتەوە یەکگرتووەکان: بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە
پێنجشەممە ۱۹-۰۵-۱۴۰۲   |  10-08-2023

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و سکرتێری گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە، سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی مانگی گەلاوێژی ١٤٠١ تا خاکەلێوەی ١٤٠٢ جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە لەم ماوەیەدا دۆخی گشتی مافی مرۆڤ لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو “خراپتر” بووە. لەم ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ بڵاو کرایەوە، بابەتی وەک “بەکارهێنانی لەڕادەبەردەری هێز” لە هەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، هەلومەرجی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری و دۆخی مافەکانی ژنان و منداڵان و کەمایەتییەکان باس کراون. کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ڕایگەیاند: کە دوای دەسپێکی شۆڕشی ژینا لە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی خۆپیشاندەران، هەڵسووڕاوان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و پارێزەران لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەم ڕاپۆرتە بە ئاماژەدان بە “زۆربەکارهێنانی هێز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران”، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لەو ناوچانەی ئێران بینراوە کە ناڕەزایەتییەکان توندتر بوون؛ لەوانە  تاران و کوردستان و پارێزگای سیستان و بەلووچستان.”کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کردووە کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٨٢ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر کە ٣٣٣ کەس لەسێدارە دران، بە ڕێژەی ٧٥ لەسەد زیادی کردووە. کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەسبەسەرکردنی لانیکەم ٢٠ هەزار کەسی لە کاتی ڕاپەڕینی ژینادا بەهۆی بەشداریکردن یان پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییەکان ڕاگەیاند و وتی: کە چەندین ڕاپۆرتی ئەشکەنجەدان، هەڵسووکەوتی خراپ، توندوتیژیی سێکسی و ڕەگەزی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران لە کاتی دەسبەسەرکردن یان لێکۆڵینەوەدا هەیە.