ڕۆژی شەممە ٢١ی گەلاوێژ، لانیکەم چوار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی، زاهێدان، تاران، تەورێز و تاکستان، بەڕێوەچووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کۆمەڵێک لە مریشکدارانی ناڕازی لە شاری تاران بە کۆبوونەوە لە بەرامبەر بینای وەزارەتی جەهاد و کەشاوەرزی لەمشارە و بە دەستەوە گرتنی چەندین دەست نووسراوە بە ناوەڕۆکی، “مریشکدارانی ئیفلاس هێناوە، چیدی توانایان نەماوە”، “مریشکداران پشتگوێ مەخەن” و “تا کەی زوڵم دەکەن لە حەقی مریشکداران”، لەئاست جێبەجێ نەکرانی خوواستەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی. هەروەها ژمارەیەک لە کرێکارانی شارەداریی زاهێدان، لە ناڕەزایەتیی بە دواخرانی بڕی چوار مانگ لە حەقدەست و مەزایاکانیان، لە بەرامبەر بینای شارەداریی ناوەندیی پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەستیاندایە کۆبوونەوە. لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵێک لە شارۆمەندانی تەورێز بە کۆبوونەوە لە بەرامبەر ئیدارەی گشتی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئازەربایجانی شەرقی، خوازیاری پێڕاگەیشت بە دۆخی دەریاچەی ورمێ و زیندووکردنەوەی ئەم دەریاچەیە بوون. هاوکات، کۆمەڵێک لە زەرەرمەندانی شیرکەتی “ڕاز خۆدرۆ” لە بەرامبەر ئەم شیرکەتە لە تاکستان، دەستیاندایە کۆبوونەوە و خوازیاری جێبەجێ کرانی خواستەکانیان بوون.