فریشتە مەنسووری، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری “سەراوڵە”ی سەر بە پارێزگای ئیلام کە لە سەرەتای بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە، ناوبراو لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی شاری چەرداوڵ بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی”، سزای ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ئەو سزایە لەلایەن دادگای تاوانەکانی شاری چەرداوڵەوە بۆ هەڵپساردن و چاودێریکردنی ناوبراو بۆ ماوەی سێ ساڵ کەم کراوەتەوە. بەپێی بڕیاری ئەم سزایە، سیمکارتی تەلەفۆنی موبایل و لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فریشتە مەنسووری دەستیان بەسەردا دەگیردرێت و هەروەها پێویستە ناوبراو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سەردانی ناوەندە دەرمانییە دەروونناسییەکان بکات و پاشان نامەی تەندروستیی خۆی ڕادەستی ناوەندە حکوومەتییەکانی بکاتەوە. جێگای ئاماژەیە، ئەو چالاکە مەدەنییە لە مانگی ڕێبەندانی پارەکەش، جارێکی دیکە بە تۆمەتی “تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشی گشتی”، “سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی” و “پێکهێنانی باند و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایش ناوخۆی ئێران” سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو. فریشتە مەنسووری، شاخەوان و دەرچووی بەشی کەرەستە پزیشکییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەزەڵوەری پارەکە، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٥٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.