مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانان وەبیرهێنەرەوەی جینایەتێکی دڕندانەی دەورانی دەسەڵاتداری جمهوری ئیسلامیە. ٣٥ سال لەمەوبەر لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧ رژیمی ئیسلامی دەستی دایە جینایەتێک کە هەتا ئێستاش ئاسەوار و بەڵگەکانی شاهیدی زیندوون بۆ بێڕەحمی و دڕندەیی مەقاماتی رژیمی ئیسلامی. دوای شکستی سەرشۆڕانەی ڕژیم لە شەڕی کۆنەپەرستانەی لەگەڵ عێراق، خومەینی و ڕاوێژکارە سەرەکییەکانی، رەفسەنجانی، خامنەیی، و ڕووحانی کە نیگەرانی بەرین بوونەوەی ئیعترازاتی کرێکاری و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بوون بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵکی وەگیانهاتوو لە چنگ شەڕ و فەلاکەتی ئابووری بەرنامەیان بۆ کوشتاری زیندانیان داڕشت. بەوتەی عەلی ڕازینی رەئیسی سازمانی قەزایی هێزە چەکدارەکان لەو ساڵانەدا، فەرمانی کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیان لە ساڵی ٦٧ یەکێک لە چەند کاری گرینگی خومەینی لە دوایین ڕۆژەکانی تەمەنیدا بووکە بە وتەی ئەم کەسە “ڕێگای داهاتووی حەرەکەتی حکومەتی” دیاری کرد. پرۆژەی قەتڵ وعام و کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران لە ڕۆژی جومعە ٢٨ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٧، تەنیا ڕۆژێک دوای خواردنەوەی جامی ژەهری خومەینی و قبووڵی ئاگربەس لە شەڕی کۆنە پەرستانەی ئێران و عێراق بە فەرمانی خومەینی ڕابەری ڕژیمی ئیسلامی دەستی پێکرد. ەو ڕۆژەدا پەیوەندی زیندانەکانی ئەسڵی ئێران لە گەڵ دونیای دەرەوە بە تەواوی قەتع بوو و لە ماوەی ٢ مانگدا ئەو جینایەتە بەڕێوە چوو کە کۆمەڵگای ئێرانی بۆ چەندین سال لە ماتەمێکی مەرگ هێنەردا ڕاگرت.
بە پێی فەرمانی خومەینی هەیئەتێکی تایبەت کە دواتر بە هەیئەتی مەرگ ناوی دەرکرد، بریتی لە مورتەزا ئەشراقی(دادستانی ئەو کات)، ئیبراهیمی ڕەئیسی( جێگری ئەو کاتی دادستان) حسەینعەلی نەیری ( حاکمی شەرعی ئەو کات) و موستەفا پور محەمەدی( نوێنەری ئەو کاتی وەزاڕەتی ئیتلاعات لە زیندانی ئێڤین) پێکهات وبوون بە بەرپرسی بەڕێوەبردنی پرۆژەی کوشاری زیندانیانی سیاسی. لەو ڕۆژانەدا دەزگای کوشتار و جینایەتی ڕژیمی ئیسلامی هەزاران زیندانیی سیاسیان بە گرایشاتی جۆراوجۆری سیاسی نایە بە جوخەی ئیعدام. مونتەزری لە کتێبی بیرەوەریەکانیدا بە پێی ڕاپۆرتگەلێک کە بە دەستی گەیشتبوو، ژومارەی کوژراوەکان بە ٢٨٠٠ تا ٣٨٠٠ کەس ناودێر کردوە و بەپێی راپۆرتگەلێکی دیکە لە نێوان ٥ تا ٦ هەزار ئینسانی موبارز و تێکۆشەر تەنیا بە خاتری پێداگری لە سەر بیرو وباوەڕیان گیانیان لە دەست دا. رژیم تەنیا داوی رۆژی ٦ی سەرماوەزی هەمان سال بنەماڵەکانی لە کوشاری ئازیزانیان ئاگادار کرد و دوای ئەو ماوەیە بوو کە خەڵکی ئێران لە وەڕێکەوتنی ئەو جینایەتە دژی بەشەریە لە زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئاگادار بوون. بە شوێن ئەم جینایەتەدا رژیم هەزاران کەس لە زیندانیانی سیاسی ئیعدام کراوی لە گٶرە بە کۆمەڵەکانی خاوەران دا دفن کرد. بەڵام ئەم پرۆژە هاو کات لە باقی شوێنەکانیتری ئێران ، لەوانە کوردستانیش بەڕێوە چوو بە چەشنێک کە ئەمڕۆ نەتەنیا قسە لە گۆلزاری خاوەران دەکرێ بەڵکو دەبێ باس لە گوڵزارەکانی خاوەران لە سەرتاسەری ئێران بکەین.
لە کاتی کوشتاری خوێناویی ٦٧، دەوڵەتانی ئورووپا و ئەمریکا و کارناسانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەئاست ئەم کوشتارە نەتەنیا ناڕەزایەتییان دەرنەبڕی بەڵکوو بەنهێنی مۆری تەئیدیان لێدا. میدیا بەناو ئازادەکانی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان، ئاگاهانە کارەساتی کوشتاری هەزاران زیندانیی سیاسییان پەردەپۆش کرد. دەوڵەتانی ڕۆژئاوا ئەم داکۆکیکارە درۆیینانەی مافی مرۆڤ کە سیاسەتی یارمەتیدانی دەسەڵاتی ئیسلامییان بۆ سەقامگیربوونی گرتبووەبەر، دەستی سەرانی ڕژیمیان لە ئەنجامدانی ئەم کوشتارە ئاواڵە هێشتەوە. ئەوان دوای ناچارکردنی سەرانی ڕژیم بە قەبووڵکردنی شکست لە شەڕی ئێران و عێراق و نۆشینی جامی ژەهر، بە حاکمانی ئێران ئەو چرا سەوزەیان دا کە بۆ ڕێگری لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و ئەمنکردنی ئێران لەپێناو چەوساندنەوە و تاڵانکارییەکانی سەرمایەداری جیهانی، دەتوانن دەست بۆ هەر جینایەتێک بەرن. بەم هۆکارە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مەکۆی نێونەتەوەیی دەسەڵاتەکانی سەرمایەدارییە لەئاست ئەم تاوانە خوێناوییە سیاسییە، بێدەنگ بوون و بەنهێنی مۆری تەئیدیان لێدا.
ئەمڕۆ لە ٣٥مین ساڵرۆژی کوشتاری زیندانیانی سیاسیدا بە هیمەتی خەباتکارانی سیاسی و دەربازبووانی قەتڵگاکانی ئێڤین، ڕەجایی شهر، عادڵ ئاباد، دیزڵ ئاباد، و زیندانی سنە و جێگاکانی دیکە، بە هیمەتی بزووتنەوەی دادخوازی دایکانی خاوەران و کۆمەڵانی ئازادیخوازی ئێران پەروەندەی جینایەتەکانی جمهوری ئیسلامی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە کەوتۆتە بەر بێرو ڕای گشتی خەڵک لە دونیادا. لە ژێر زەختی بزووتنەوەی ئازادیخوازیدا حەمیدی نووری، دادیاری پێشووی زیندانی گەوهەر دەشت و یەکێک لە بەکرێگیراوانی جینایەتکاری ڕژیمی جمهوری ئیسلامی بە تاوانی بەشداری لە کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٦٧ دا لە دادگای ستوکهوڵم بە حەبسی ئەبەد مەحکوم کرا. ئەمڕۆ لە ژێر فشاری بزووتنەوەی دادخوازی خەڵکی ئێران تەنانەت کارناسانی مافی مرۆڤیش ناتوانن زیاتر لەوە سەرپۆش بە سەر ئەو جینایەتە دڕندانەی رژیمی ئیسلامیدا بدەن. گروپێک لە کارناسانی مافی مرۆڤ لە سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکان سێ ساڵ لەمەوبەر ا سەبارەت بە پەروەندەی کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ هوشداریان بە ڕژیمی جمهوری ئیسلامی دا و وەک جینایەت لە دژی بەشەریەت بە حیسابیان هێنا. بێگومان تۆمار کردنی کوشتاری زیندانیانی سیاسی وەکو جینایەتی جمهوری ئیسلامی لە دژی بەشەریەت، دوو پات بوونەوەی لە دونیادا دژوارتر دەکات.
بزووتنەوەی دادخوازی لە دژی جینایەتی جمهوری ئیسلامی پێداویستیەکی حەیاتی موبارزە لەگەڵ ئەو رژیمە جینایەتکارەیە و پێویستە درێژە پەیدا بکات. بزووتنەوەی دایکانی خاوەران سەرەڕای فشاری بێ ئەمانی سەرکوت، بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی هەموو ساڵەی ڕێزگرتن لە قوربانیەکانی ئەم کارەساتە، کار و هەڵسووڕانی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوون بوونەوەی بەرینایی نەناسراوی ئەو کارەساتە، وەڕێخستنی دادگاکانی نومادین، ئاکسیونەکان و کەمپەینی تەبلیغی لە ساڵڕۆژی ئەم جینایەتەدا و … هەموو ئەوانە پێویستیەکی دائیمی تا ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی جمهوری ئیسلامیە. تا ئەو کاتەی کە جمهوری ئیسلامی بە هێزی کۆمەڵانی خەڵک لە دەسەڵات دەکێشرێتە خوارەوە و سەرانی جینایەتکاری ئەم ڕژیمە لە دادگا خەڵکیەکاندا موحاکمە نەکراون، پێویستە بزووتنەوەی دادخوازی لەگەڵ بزووتنەوەی مانگرتنی کرێکاران و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ئیعترازیەکانی بێ بەشانی شاری لێک هەڵپێکرێن.
کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بەڕێوەبەرانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و بڕیاردەرانی ئەم جینایەتە نە لەبیر دەکەن و نە دەبەخشن. یادی گیانبەختکردوانی قەتڵوعامەکانی ساڵی ٦٧ بۆ هەمیشە زیندوو و بەرز و بەڕێزە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە