کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژ، شێرکۆ نەسیری و باوکی دوو منداڵ، ئەشکان ڕەسووڵی، هیدایەت خەستە و هیوا شەبەنگ، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون. هاوکات، شێروان خزری و ئەیووب میرزایی کە هەردووکیان خەڵکی گوندی “بیمزرتێ سەر بە شاری شنۆ بوون دەستبەسەر کراون. بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکوومەتییەکان بەبێ هیچ هۆکارێک هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییانە لە شارەکانی مەهاباد و شنۆ و وێڕای ئەوەی کە کەشێکی ترسێنەر و ڕەوانییان هێناوەتە ئاراوە، ئەو شەش هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنگەلێکی نادیار گواستراونەتەوە. هەروەها ئەو هێزانە دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەشکان ڕەسووڵی و هیدایەت خەستە و هیوا شەبەنگ گرتووە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە. لەم بارەیەوە سەرچاوەکانی هەواڵ لە مەهاباد ڕایانگەیاندووە؛ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی زیاتر لە ١٣ هاووڵاتیی شاری مەهابادیان دەستبەسەر کردووە و بۆ گرتنگەی ناوەندەکانی شاری ورمێ گواستراونەتەوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و هەروەها بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.