فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە
سێشەممە ۱۴-۰۶-۱۴۰۲   |  05-09-2023

ڕۆژی ٢٥ی مانگی خەرمانان هەواڵێکی دڵتەزێن هەموو خەڵکی ئێرانی سەرسام و غەمبار کرد. ژینا(مەهسا) ئەمینی دوای ئەوەیکە بەبینانووی “بەدحیجابی” لەلایەن گەشتی گێشتاپۆیی ئیرشادەوە دەستبەسەرکرابوو و درابووە بەر توندوتیژی، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران بەهۆی سەختیی برینەکانی گیانی بەختکرد. بەدوای ئەم قەتڵە ئانقەستە دەوڵەتییە، شەپۆلێک لە تووڕەیی و ناڕەزایەتی کۆمەڵگای داگرت. شەوی ئەم جەنایەتە فاشیستییە، خەڵکی تاران لە دەوروبەری نەخۆشخانەکە خۆپیشانیان بەڕێوەبرد. بۆ سبەینێی ئەم ڕۆژە لە گۆڕستانی ئایچیی شاری سەقز، لەکاتی بەخاکسپاردنی ژینا، بنەماڵەکەی لەسەر گڵکۆی نووسییان: ناوت دەبێتە ڕەمز و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”یان وتەوە و بەخێرایی ئەم چەند وشەیە بوو بە دروشمی سەرەکیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری ئێران.

ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانە مەزنە، ڕووداوێکی لەناکاو نەبوو. قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی تەنها هاندەرێک بوو بۆ ئەوەیکە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، خەڵکی ستەمدیدە و خوازیاری ئازادی و بەرابەری، بۆ جارێکی تر – ئەمجارەیان خێراتر لە ڕابردوو – ڕایگەیەنن کە چارەسەرکردنی قەیرانی بەرینی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ئێران، بە بێ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، مەزهەبی و سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی نایەتەدی. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئەم دوایانە، درێژەی قۆناغی شۆڕشگێڕانە و فازێکی سیاسیی نوێیە کە لە ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ەوە لە ئێران دەستیپێکرد. قۆناغێکی تازە کە بە دروشمی “ئیسلاح تەڵەب، ئۆسوولگەرا، ئیتر تەواوبوو ماجەرا”، ئیرادە و بڕیاری زۆرینەی خەڵکی بۆ کۆتایی هێنان بە چوار دەیە ئیستبدادی سیاسی مەزهەبی، هەژاری و نایەکسانیی چینایەتی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، هەڵاواردنی شوڤنیستی، لەناوبردنی سیستماتیکی ژینگە و … ڕاگەیاند. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی گەلاوێژی ٩٧ و بەتایبەت خەزەڵوەری ٩٨ بەدوای سێ بەرابەربوونی نرخی بێنزین و خۆپیشاندانی مانگی بەفرانباری ٩٨ بەدوای بەردانەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسداران، پێویستە هەر لەم ڕاستایەدا هەڵسەنگێندرێ.

بەڵام ئەوەیکە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئەم دوایانە لە هەموو بزووتنەوە و حەرەکەتێکی ئیعتڕازی و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی بەرلە مانگی خەرمانانی ١٤٠١ جیاواز دەکات، بەرینایی بێوێنە و بەردەوابوونی بوو. ئەم ئاخێزە بەڕاستی گەورەترین بزووتنەوە و ڕاپەڕینی دژە حکوومەتی بوو لە مێژووی حەیاتی ٤٥ ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا.

تەقریبەن هیچ خاڵێک لە ئێران نەبوو کە لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانە و سەرانسەرییەدا بەشدار نەبێت. هێندێک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم ئاخێزە مێژووییە بریتین لە:

١ – ڕۆڵی بەرچاوی ژنان و پێشەنگایەتییان لە هەموو شوێنێکی ئێران. ئەم ڕەوتە ئەرێنییە ئەگەرچی هەر لە ڕۆژانی سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە دەستیێپکرد، بەڵام لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، زیاتر لە هەموو کاتێک خۆی نیشان دا. ژنان بە سووتاندنی حیجابی ئیسلامی و کۆتایی هێنان بە ئاپارتایدی جنسی بەجۆرێک زەربەیان لە هێما و بەشێک لە پێناسەی کۆماری ئیسلامی دا کە هەتا ئێستاش نەیتوانیوە پشت ڕاست بکاتەوە. دیفاعی پیاوان لە حەرەکەتی بەتەواومانا سێکۆلاری ژنان، کاردانە و پشتیوانیی بیروڕای گشتیی جیهان لەئاست ناڕەزایەتیی ژنان، پێگە و ڕۆڵی ژنانی لە ناڕەزایەتییە گشتیەکاندا یەکجار بەهێزکرد.

٢ – هێزی کار و زەحمەت و ڕۆڵەکانیان، بێگومان زۆرینەی ناڕازییانی شۆڕشگێڕی سەرشەقامەکانیان پێکهێنابوو و زۆربەی کوژراوەکان، دەستگیرکراوان، ئیعدامکراوان و بریندارەکان هی ئەم چینە و بنەماڵە کرێکارییەکان بوون. بەڵام کرێکارانیش بەهۆی توندبوونی سەرکوتی سیاسی و فەلاکەتی بەرینی ئابووری و لاوازبوونی سازماندانی مەحەلی و سەرانسەری، نەیانتوانی لەڕێگەی بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتیی سیاسی یارمەتیدەری ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بن. هەڵبەت کرێکارانی پاڵاوگەی ئابادان و چەندین شیرکەت لە بەشی کرێکارانی پەیمانیی نەوت، گاز و پێترۆشیمی لە عەسەلوویە، کرێکارانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان و هێندێک لە کارخانەکان بە بەڕێوەبردنی مانگرتن و ناڕەزایەتی، هەروەها مامۆستایان بە بانگەوازی دوو حەرەکەتی سەرانسەری لە هەفتەکانی سەرەتای ئەم ئاخێزە، کارمەندانی بەشی تەندروستی و دەرمان و شۆفیرکامیۆنەکان بە بەرپارکردنی چەند مانگرتن و حەرەکەتی سەرانسەری، هەوڵیاندا سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، ڕۆڵی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا زیاتر بکەن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە، هاوشێوەی شۆڕشی ساڵی ٥٧ مانگرتنێکی گشتیی سیاسیی کەمەرشکێن نەکەوتە ڕێ.

٣ – پێکهاتنی کۆمیتە و شۆراکانی گەڕەک (بەشێوەی نهێنی، نیوە ئاشکرا و ئاشکرا) لەلایەن لاوانی شۆڕشگێڕ لە زۆرێک لە شارەکان و ڕۆڵی سەرەکیی ئەم ڕێکخراوە خەڵکییانە لە بەردەوامبوونی بزووتنەوە و بەربەرەکانێی سەرشەقام و هاوئاهەنگی و هاوکاریی ژمارەیەک لەم کۆمیتانە لەگەڵ یەکتر و هەروەها پلاتفۆرمەکانی میدیایی چەپ، یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی ئەم ئاخێزە بوو. هەر ئەم لاوانە لە بەرەنگاربوونەوە بەرامبەربە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم زۆرترین هەزینەیان دا.

٤ – پشتیوانیی بێوێنەی بزووتنەوەی خوێندکاری لەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە کە بە ئیعترافی خودی ڕژیم، لانیکەم لە زیاتر لە سەد و هەشتا زانکۆ حەرەکەتی جۆراوجۆری ناڕەزایەتی لە جەریانی ئەم ئاخێزەدا بەڕێوەچووە. خاڵی بەرچاو لەم خەباتەدا، داهێنانی تاکتیک و شێوازی نوێی ناڕەزایەتی بوو کە زۆر سەرەنجی بەرەوخۆی ڕاکێشا.

٥ – سەرهەڵدانی دووبارەی بزووتنەوەی خوێندکارانی مەدرەسەکان تایبەتمەندییەکی بەرچاوی دیکەی ئەم ئاخێزە مێژووییە بوو. ئەمجارەیان شاهیدی پێکهاتنی حەرەکاتی ئیعتڕازی لە سەدان مەدرەسە بەتایبەت لە مەدرەسەکانی دەبیرستانی کچان بووین کە لە هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی مامۆستایان، خەباتیان لە چوارچێوەی مەدرەسەدا بەڕێوەبرد. هێرشی کیمیایی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئیسلامی بۆسەر سەدان مەدرەسە کە زیاتریان مەدرەسەکانی کچان بوون، نیشانەی تووڕەیی ڕژیم لە سەرهەڵدانی سەرلەنوێی بزووتنەوەی خوێندکارانی مەدرەسە بوو.

٦ – خاڵێکی گرینگی دیکە، بەشداریی بەرچاوی بزووتنەوەی دژبە شوڤێنیسم و دژبە هەڵاواردنی نەتەوەیی، ڕەگەزی و ئایینی لەم ئاخێزە بەتایبەت لە کوردستان و بەلووچستان بوو. کە وێڕای پێداگری لەسەر هاوپشتیی سەرانسەری و یەکسانیی مافی هەموو خەڵکی ئێران، بۆ جارێکی تر ڕوخساری قیزەونی هەڵاواردن، ستەم و نابەرابەریی سیستماتیکی لە سەردەمی دوو دەسەڵاتی شا و کۆماری ئیسلامیدا ڕسوا کرد.

٧ – هەروەها بەشێکی بەرین لە کەسەبە و دووکانداران چەند مانگرتنی سەرانسەریی سەرکەوتوویان لە کوردستان و شارە گەورەکانی ئێران بەڕێوەبرد.

٨ – غەیبەتی کامڵی دروشمی مەزهەبی لەم بزووتنەوەیە، بەڕوونی نیشانەی شکستی ئیسلامی سیاسی، گەشەی خوداناباوەڕی لەئاستی کۆمەڵگا، و هەروەها نیشانەی ناوەرۆکی لائیک و سێکۆلاری ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بوو. لە هەمان کاتدا، جۆری کاردانەوە و فەرهەنگێک کە بنەماڵەی قوربانیان نیشانیان دا، بەڕاستی کەم وێنە بوو. ئەوان زۆر جار بە دەنگی ڕەساوە ڕایانگەیاند کە ماتەمین ناگرن، بەڵکوو ڕێبازی مەزنی ڕۆڵە و ئازیزانیان درێژە دەدەن. ئەوان لە جیات ماتەمین و نەوحەخوێندن، سروودیان پەخش دەکردەوە و دروشمی شۆڕشگێڕانەیان دەگوتەوە. ژنان حیجابیان لەسەر دەکردەوە و قژیان بە نیشانەی هاوپشتیی هەڵدەپاچی و بە هاوار و چەپڵەلێدان، داغی ماتەمین گێڕان و عەزادارییان لە دڵی ڕژیم دا. سوننەتێکی خەباتکارانەی مۆدێرن کە بەردەوام لەسەر گڵکۆی سەدان گیانبەختکردوو هەروا درێژەی هەیە.

٩ – هونەری ئیعتڕازی و شۆڕشگێڕانەش لە هەموو قۆناغەکانی درێژەی ئەم ئاخێزەدا، بەشێوەی جۆراوجۆری ئاواز و سروود، نەتەنها ڕەنگدانەوەی دەنگی جەماوەری شۆڕشگێڕ بوو، بەڵکوو ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەهێزکردنی ڕووحیەی خەباتکارانی شەقامدا بینی. لە مێژووی خەباتی سیاسیی خەڵکی ئێراندا، لە هیچ قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەدا بەقەد ئەم دەورەیە شایەدی ئەم قەبارەیە لە بەرهەمی هونەریی ماندگار نەبووین. هەروەها بەرینایی ئەم ئاخێزە بەجۆرێک بوو کە تەنانەت پارێزکارترین هونەرمەندان و وەرزشوانان کە زۆربەیان لە دەورەکانی پێشوودا بێدەنگیان گرتبووەبەر، هاندران و پشتیوانییان لەم بزووتنەوەیە کرد و هاودەردییان لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووان دەربڕی.

١٠ – گەڵاڵەکردنی دروشمی ئیسباتی لە پەنا دروشمەکانی خوازیاری ڕووخاندنی ڕژیم، تایبەتمەندییەکی بەرچاوی دیکەی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بوو. خەڵک لە سەرانسەری ئێران وێڕای وتنەوەی دروشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر و مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی و بەرزکردنەوەی دروشمە سەرەکییەکانی وەک “ژن، ژیان، ئازادی”، “هەژاری، گەندەڵی، گرانی، دەڕۆین بەرەو ڕووخاندن”، هەوڵیان دا بە گەڵاڵەکردنی چەندین دروشمی دیکە و بە مەرزبەندیکردن، پیلانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و میدیاکانی سەربەوان واتە بەرتەسک کردنەوەی ئەم ئاخێزە بۆ حەرەکەتێکی “ڕژیم چەینجی” و جێخستنی ئاڵتێرناتیڤی سەڵتەنەتخوازی بە ڕێبەریی ڕەزا پەهلەوی پووچەڵ بکەنەوە. هەربۆیە ئەم دروشمانە بەردووام دەگوترانەوە: “مەرگ بۆ چەوسێنەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر”، “نە سەڵتەنەت، نە ڕێبەری، دیموکراسی، بەرابەری”، “نە کۆڵبەری، نە سووختبەری، ئازادی، بەرابەری”، “نان، کار، ئازادی”، “لە کوردستان تا جولفا، قودرەت بەدەستی شۆرا”، “ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانیانین”، “کرێکار، مامۆستا، خوێندکار، یەکگرتن، یەکگرتن”، “کورد، بەلووچ، ئازەری، ئازادی، بەرابەری”. ئەم درووشمە ئیسباتی و ڕادیکاڵانە لە ناوەوەی ئێران، لە شکستهێنانی کارنەواڵە پۆپۆلیستییەکانی “هەمووان پێکەوە” و هاوپەیمانیی دەستی ڕاستی بەڕێبەریی ڕەزا پەهلەوی، ڕۆڵێکی گرینگیان بینی.

ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئەم دوایانە ئەگەرچی لەسەر شەقام و لەڕووی شۆڕش و تەعەڕوزەوە دامرکاوە، بەڵام قۆناغی شۆڕشگێڕانە و حەرەکەتی ناڕەزایەتیی بەشە جۆراجۆرەکانی خەڵک: کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، ژنان، خوێندکاران، بنەماڵەی گیانبەختکردووان و زیندانیانی سیاسی و حەرەکەتی ناڕەزایەتیی دەورەیی خەڵک لە بەلووچستان و کوردستان کەم و زۆر هەروا درێژەی هەیە. لەڕاستیدا ئێمە شایەدی دەورەیەکی شۆڕشگێڕانەی بەردەوامین کە ئەگەرچی لە قۆناغی جۆراوجۆردا بەرزی و نزمیی بەسەردادێت بەڵام ئیرادەی زۆرینەی خەڵک بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ کۆتایی هێنان بە ڕژیمی دیکتاتۆر، گەندەڵ، چەوسێنەر و فاشیست و سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی هەروا لە جێگەی خۆیەتی.

ئەم دەسەڵاتە تەنها لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ئاخێزەدا بە دەستبەسەرکردنی زیاتر لە شەست هەزار کەس(بەپێی دوایین ئیعترافاتی کاربەدەستانی قەزایی)، بە کوشتنی زیاتر لە شەشسەد ناڕازی لەسەر شەقامەکان، بە قەتڵی زیاتر لە بیست زیندانی لەژێر ئەشکەنجە، ئێعدامی ڕەسمیی نزیکەی دە ناڕازیی بەندکراو و بریندار و کەمئەندام و نابیناکردنی هەزاران کەس لە تێکۆشەرانی شۆڕشگێڕ و لە یەک کەلامدا بە کەموێنەترین سەرکوت و تەوەحوشی فاشیستیی توانیی خۆی لەسەر پێ ڕابگرێت. بەڵام هەم ئەم دەسەڵاتە و هەم زۆربەی خەڵکی خوازیاری ئازادی دەزانن کە تەقینەوەی سیاسیی گەورە بەڕێوەن و پێویستە بە دەرس وەرگرتن لە کەموکۆڕییەکانی ئەم ئاخێزە و ئاخێزەکانی پێشوو، خۆمان بۆ پەیکارە چارەنووسسازەکانی داهاتوو ئامادە بکەین.

بێگومان بەرەی جۆراوجۆری چەپی شۆڕشگێڕ لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ناو ئێران و چالاکانی سۆسیالیستی دەرەوەی وڵات و شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان – وەک گرینگترین بەشی ڕێکخراوی بەدیلی سۆسیالیستی، پێویستە خۆی بۆ ئەم نەبەردانە و بۆ ڕۆژە چارەنووسسازەکان ئامادە بکات.

ئێمە گەلێک جار ڕامانگەیاندووە کە سەرەڕای گرینگی و زەروورەتی هەموو بزووتنەوە کۆمەڵاتییە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازەکان، شۆڕشی خەڵکی ئێران کاتێک دەتوانێ ببێتە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی سەرکەوتوو کە چینی کرێکار وەک چینێکی ڕێکخراو، سازماندرا و شۆڕشگێڕ، مۆری خۆی بەسەر ئەم بزووتنەوەیەدا بکوتێ. ئەم حزوورە بەهێز و ڕێبەرییە، نەتەنها زەمانەتێکە بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە، بەڵکوو زەمانەتێکیشە بۆ ئەوەیکە بابەتی ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی لەئاستی ڕژیم چەینج یان شۆڕشیێکی سیاسیدا نەمێنێت و بێجگەلە ڕووخاندنی دیکتاتۆریی سیاسیی مەزهەبی، پێداویستییەکانی تێپەڕین لە نیزامی چەوسێنەر و نابەرابەری سەرمایەداری دابین بکات و بەستێنی چوون بەرەو سۆسیالیسم و دامەزراندنی بەدیلی کرێکاری و شۆرایی فەراهەم بکات.

هەربۆیە ئێمە لە دووپاتکردنەوەی ئەم خاڵە ماندوو نابین کە: چارەی ڕەنجبەران، وەحدەت و تەشکیلاتە! نەتەنها لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکوو لە ناو خودی ئەحزاب و سازمانە کۆمۆنیستییەکانی وەفادار بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی و بەدیلی سۆسیالیستی. لەم پێناوەدا، زاڵبوون بەسەر هەموو شێوازەکانی تاقمخوازی، سکێتاریسم، وردەکاری و پەڕاکەندەکاری و هەروەها دیتنی ئاسۆی گەورەی چینایەتی و شۆڕشگێڕانە، گرینگییەکی تایبەتی پەیدا کردووە.

بەندکراوانی سیاسی بەتایبەت چالاکانی پێشڕەوی کرێکاری، مامۆستایان، ژنان، خوێندکاران و لاوان لە ناو زیندان و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و بەرابەری لە دەرەوەی زیندان، گەلێک جار بوێرانە ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی ڕزگاری دێتە دی و ئەم دەسەڵاتە قەیرانلێدراوە، لە ترسانە کە دەترسێنێ و هەڕەشە دەکات. هەر ئەوەندە بەسە سەرەنج بدەینە نافەرمانیی ملیۆنیی ژنانی قارەمانی ئێران بەرامبەر بە حیجاب تا درێژەی خەبات و موقاومەتمان بەشێوەی جۆراوجۆر بەڕوونی بۆ دەرکەوێ.

بێگومان شۆڕش سەرهەڵدەداتەوە و تەقینەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەورە بەڕێوەن. بەڵام سەرهەڵدانی ئاخێز و تەنانەت شۆڕش بابەتێکە و بەئامانج گەیشتن و سەرکەوتنی بابەتێکی تر. سازماندان و پێکهێنانی ڕێکخراو سەرەکیترین بنەمایە کە ئیمکانی سەرکوت و تێکشکاندنی ڕەوتی شۆڕشگێڕانە بە کەمترین ئاست دەگەیەنێ. بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و بەسەرەنجام گەیاندنی شۆڕش و بەرقەرارکردنی شۆراکان پێویستە پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری، مەحەلات، ژنان، لاوان، خانەنشینان دەستبەجێ بخرێتە دەستووری کاری هەموو چالاکان و ڕێبەرانی کردەوەیی. بزووتنەوەی کرێکاری بە یەکگرتووکردنی هەرچی زیاتری کرێکاران و پێکهێنانی زەرفی سازمانی – تەشکیلاتی تایبەت بە هەموو بەشە کرێکارییەکان دەتوانێ بەسەر پڕژوبڵاوی و پەڕاکەندەییدا زاڵ بێت و وەک وەزنەیەکی چارەنووسساز لە ڕەوتی شۆڕشدا دەورونەخشی بێت و بە یەکگرتووکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی وەک ژنان و لاوان لەگەڵ خۆی، جیهانێکی تر بونیاد بنێ.

بەرز و بەڕێز بێت یادی هەموو گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و بەرابەری بەتایبەت گیانبەخکردووانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئەم دوایانە

بڕووخێ ڕژیمی ئیسلامی سەرمایەداری

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم

17.08.2023

واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت