محەممەد شەمس، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی ناوچەی “کۆتۆل”ی سەر بە شاری خۆی، پاش تێپەڕاندنی نزیکەی ١١ مانگ لە سزای یەک ساڵەکەی، ئازاد کرا و گەڕایەوە ماڵەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو پێشتر سزای ٦ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو، بەڵام دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە ئەو سزایە بۆ یەک ساڵ کەم کرایەوە. شایانی باسە، محەممەد شەمس نەخۆشیی درێژخایەنی گرێی مێشکی هەیە، بەڵام لە گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بەمەبەستی چارەسەریی کیمیایی، بێبەری و بێبەش کراوە. و هەروەها ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوون و لێپرسینەوە و لێپچینەوەکانیدا، لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا چوار ددانی لەدەست داوە. محەممەد شەمش دانیشتووی شاری ساری بووە و سەرەتای مانگی ڕەزبەری پارەکە، لە ڕەوتی بزووتنەوە و ڕاپەرینی جەماوەریی خەڵکی ئەو شارەدا لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراوە و بۆ زیندانی “تیرکەلا”ی ئەو شارە گواستراوەتەوە و دواتریش بۆ زیندانی بابل گواسترایەوە.