فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان
یەکشەممە ۲۹-۰۵-۱۴۰۲   |  20-08-2023

لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لە ماوەی ڕۆژەکانی ٢٤، ٢٥ و ٢٦ی گەلاوێژدا، لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد، پیرانشار و پاوە، بەگشتی ١٥ هاووڵاتیی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی “شیروان خزری” و “ئەیووب میرزایی”، خەڵکی گوندی “بێمزۆرتێ”ی شنۆ کە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارە بوون، سەرلەنوێ لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و پاش وەرگرتنی زۆرەملێی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراون. هەروەها لەم ڕۆژەدا، “هیوا شەباهەنگ”، خەڵکی مەهاباد، “مامل شەریفی” و “ئەرسەلان خەیری” خەڵکی گوندی “بەفرەوان”، سەر بە شاری مەهاباد، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. هەروەها “حسێن محەممەدپوور”، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی گوندی “گەرگولی خوارێ”ش، یەکێکی دیکە لە دەستبەسەر کراوانی ئەم ڕۆژە بووە. ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی گەلاوێژیش، “شێرکۆ نەسیری”، “ئەشکان ڕەسووڵی” و “هیدایەت خەستە”، سێ هاووڵاتیی خەڵكی “گوێگتەپە”، سەر بە شاری مەهاباد و “هیوا ڕاهنشین” خەڵكی گوندی “بەفرەوان” ی ئەم شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. هاوکات “حەمزە قانعی” و “عومەر حسێن زادە”، خەڵکی شاری پیرانشاریش لە دەستبەسەرکراوانی دیکەی ئەم ڕۆژەن کە بە هێرشکردنە سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کراون. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، دوو لاوی دیکە بە ناوەکانی “هێدی عەبدولبەخت”، خەڵکی گوندی “بێمزۆرتێ”، سەر بە شاری شنۆ  و “نەجمەدین عیسازادە”، خەڵكی گوندی “شێخ عوسمان”، سەر بە شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. “فرمێسک بابایی” خەڵکی پاوەش، هەر لەم ڕۆژەدا و بە هۆی وتنەوەی دروشمی دژە حکوومەتی لە شەقامی نزیک لە فەرمانداریی پاوە، بە توندوتیژیی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم، دەستبەسەر کراوە.