فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕوو بە ڕێزەکانی خوارەوەی هێزی چەکداری حکوومەتی ئیسلامی
چوارشەممە ۰۱-۰۶-۱۴۰۲   |  23-08-2023

نزیکەی یەک ساڵ لە دەستپێکی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی خەڵکی خەباتکاری ئێران تێدەپەڕێت. لەماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەم ئاخێزە، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، شەقام، زانکۆ و مەدرەسە و گەڕەکی شارەکانی ئێرانیان کردە گۆڕەپانی شۆڕش دژبە گشت دەسەڵاتی ئیسلامی و کردیان بە مەیدانی بەرەنگاربوونەوە بەرامبەر بە هێرشی دڕندانەی بەکرێگیراوانی سەرکوتگەری ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە. لەم ماوەیەدا خەباتکارانی شەقام بە پێشەنگایەتیی ژنانی ئازادیخواز زۆر جار بوێرانە، بە گیانفیداییەکی بێوێنە و بەدەستی بەتاڵەوە هێزە سەرکوتگەرەکانیان لە مەیدانی نەبەرد ڕاونا. لە جەرەیانی ئەم ناڕەزایەتی و نەبەردانەی یەک ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٥٠٠ ئینسانی خەباتکار لەسەر شەقامەکان یان لە ئەشکەنجەخانەکانی ڕژیمدا گیانیان بەختکرد. هەزاران کەس بریندار بوون و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون.

ئاخێزی ژینا سەرەڕای هەوراز و نشێوەکان و دوورکەوتنەوە لە ناڕەزایەتی و بەرەنگاربوونەوەی ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان، هێستاش بەشێوەی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتیی خانەنشینان، مانگرتن و ناڕەزایەتیی هەموو ڕۆژێی کرێکاران، ناڕەزایەتیی خوێندکاران و هێتر درێژەی هەیە و ڕانەوەستاوە. جەماوەری ڕاپەڕیو بڕیاریان داوە کە دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران بڕووخێنن. ئەو داخوازییانەی کە کرێکاران، ژنان، خانەنشینان، کەمئەندامان و ژێردەستانی کۆمەڵگا خەباتی بۆ دەکەن سەلمێنەری ئەوەیە کە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز عەزمیان کردووە کە لەسەر وێرانەکانی ڕژیمی ئیسلامی کۆمەڵگایەکی ئازاد و خۆشبژێو، بەدوور لە هەژاری و بێبەشی و هەڵاواردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی و ئایینی دامەزرێنن.

ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە کە ئێستا نزیک بە یەک ساڵ لە دەستپێکی تێدەپەڕێ، بە هیچ شێوەیەک دیاردەیەکی لەناکاو نەبوو. دواهاتی داسەپاندنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و یاسا و سیاسەتی دژی ژن بەرامبەر بە نیوەی کۆمەڵگە، ئاکامی دۆخی دژواری ژیانی کرێکاران و خەڵکی بێبەش، بێ مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی، پێشێلکردنی مافی تاکەکەسیی ئینسانەکان، ئاکامی سەرکوتی بەرین و هەوسارپچڕاو بوو کە لە زۆر پێشترەوە بەسێتن و زەمینەی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەی فەراهەم کردبوو.

ڕیزەکانی خوارەوەی هێزی چەکداری حکوومەتی ئیسلامی!

لەئێستادا سەرانی حکوومەتی ئیسلامی دوای زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی جەنایەتکارانەیان و لە سەروبەندی ساڵڕۆژی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا دەیانهەوێ بۆ جارێکی دیکە ئێوە ڕیزەکانی خوارەوەی هێزی چەکدار بە جلی پۆلیس، ئەرتەش، سوپا و بەسیجی، گاردی ویژە و هێزی ئینتزامی و بە هیدایەتی فەرماندە جەنایەتکارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتیی خەڵک لە ڕۆژی ٢٥ی مانگی خەرمانان ئامادە بکەن. سەرانی ئەم ڕژیمە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا و لە جەریانی هێرش بۆسەر ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و ئاخێزی ئێستا، بە ڕەوانەکردنی ئێوە بۆسەر شەقامەکان و بە فەرمانی تەقەکردن، خوێنی هەزاران کەس لە ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕیان پێ ڕشتوون. حەتمەن ڕۆڵەی ئاشنایان و دۆستان و دراوسێکانی ئێوەش لەناو گیان بەختکردووان و بریندارەکان دان. چۆن دەوێرن چاو لە چاویان بکەن؟ چۆن ئیجازە بە خۆتان دەدەن تەقەیان لێ بکەن؟ سەران و فەرماندەکانی حکوومەتی ئیسلامی بە کردنی ئەم جەنایەتانە بە دەستی ئێوە دەیانهەوێ هەموو پردەکانی گەڕانەوەتان بۆ ناو باوەشی خەڵک بڕووخێنن.

ریزەکانی خوارەوەی هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئیسلامی!

ئێستا کە نزیک بە یەک ساڵ بەسەر ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازدا تێپەڕیوە، حەتمەن بۆ نائاگاترینی ئێوەش ماهییەتی درۆکانی خامنەیی و باقیی سەرانی ڕژیم کە ناڕازییان بە ئاژاوەگێڕ و دەست و پێوەندی دەوڵەتانی تر دەزانن، ڕوون بووەتەوە. ئایا بێبنەما بوونی ئەم هەڵیت و پڵیت و تەبلیغاتە درۆیینە نابینن؟ تا کەی دەبێ هەموو ڕۆژێ تەقە بکەن و ژمارەیەکی تر لە لاوان خەڵتانی خوێن بکەن؟ چ وڵامێکتان بۆ دایکی گیان بەختکردووان هەیە؟ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە چارەنووسی خۆتان با چارەنووسییەوە گرێ داوە، توانای بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ ئەم دایکانە، لەگەڵ ئەم بزووتنەوە و گڕوتینە شۆڕشگێڕانەیە نییە. دڵنیا بن بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و دادخوازیی ئەم دایکانە سەردەکەوێت و شکستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی حەتمییە.

سەران و فەرماندەکانی حکوومەتی ئیسلامی کە بە دزی و تاڵانکردنی بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، سەروەت و پارەی بەرینیان وەسەریەکناوە، هەر لە ئێستاوە بۆ هەڵاتنی خۆیان نەخشەیان کێشاوە و ئێوەیان لە گیانی خەڵک بەرداوە تا لە سبەینێیی شۆڕشدا، ئێوە تاوانی جەنایەتەکانیان بدەنەوە. سەرانی کۆماری ئیسلامی بیریان لە چارەنووسی خۆیان کردووەتەوە و نەخشەیان داڕشتووە تا وەک محەممەدڕەزا پەهلەوی و بنەماڵەکەی بە چەمەدانی پڕ لە دۆلارەوە لە ئێران بڕۆنە دەر.

ئێوەش مافی خۆتانە و دەبێ بیر لە داهاتووی خۆتان و بنەماڵەکەتان بکەنەوە. بەخۆتاندا وەرنەوە، ئەم ڕژیمە نەک هەر دوژمنی خەڵکی ئێران، بەڵکوو دوژمنی خودی ئێوەشە. مەگەر زۆرێک لە ئێوە بە زۆر و یان لەژێر گوشاری هەژاری و فەلاکەتێک کە خودی ئەم ڕژیمە هۆکاریەتی، نەچوونە ناو سەربازخانە و پادگان و ناوەندە نیزامییەکانەوە؟ مەگەر لەناو پادگانەکان لەژێر نائینسانیترین بارودۆخدا ژیانێکی دۆزەخی و ئیتاعەتی کوێرکوێرانەیان بەسەردا نەسەپاندوون؟ مەگەر بە پێچەوانەی مەیلی ئێوە فەرمانی تەقەکردن و پەڕپەڕکردنی ئاواتەکانی لاوانی ئازادیخواز دەرناکەن؟

ڕیزەکانی خوارەوەی هێزی چەکداری حکوومەتی ئیسلامی!

زۆرێک لە ئێوە بەشێک لەو جەماەرە کرێکار و زەحمەتکێش و هەژارەن کە خۆتان و بنەماڵەکانتان لە ژیانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا وەتەنگ هاتوون. ڕێگە مەدەن ئەم دەسەڵاتە تاوانکارە گیان و ژیانتان بکاتە زامنی مانەوەی خۆی. کاتێک بە ئەنگوستەکانتان ماشەی تفەنگ فشار دەدەن، ئاگادار بن کە گولـلەکانی لە سینگی ئەو خەڵکە زەحمەتکێشە دەدرێت کە هەروەک خۆتان لەژێر ستەم و مەشەقەت دا بوون. لە سینگی لاوان و خەڵکێک دەدرێت کە ئیرادەیان کردووە و بۆ ئازادی و بەرابەری و ڕەفاهی ئینسانەکان و بۆ نەجاتی خۆدی ئێوەش خەبات دەکەن. چارەنووسی خۆتان بە چارەنووسی ئەم ڕژیمەوە گرێ مەدەن. چارەنووسێکی تر چاوەڕوانتان دەکات. با درەنگ نەبێ، شک و گومان وەلا بنێن. هەر ئەمڕۆ چارەنووسی مرۆڤی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب و شۆڕشگێڕ هەڵبژێرن. ڕیزی دژەشۆڕشی حکوومەتی ئیسلامی جێ بهێڵن و بە ڕیزی خەڵکی خەباتکار و شۆڕشگێڕ پەیوەست بن. بێگومان ئەگەر بە ڕیزی خەڵک پەیوەست بن، خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە باوەشی کراوەوە پێشوازیتان لێ دەکەن و لە هەڵبژاردن و گرتنەبەری ژیانێکی سەربەرزانەدا یارمەتیدەرتان دەبن.


تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co