فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤدا
سێشەممە ۲۳-۰۹-۱۴۰۰   |  14-12-2021

ڕۆژی هەینی ١٠ی دێسامبر بەرابەر لەگەڵ ١٩ی سەرماوەز ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ بوو. لەم ڕۆژەدا دادگای باڵای پێداچوونەوە لە بریتانیا حوکمێکی دەرکرد کە بەپێی ئەم حوکمە دەتوانن “جولیان ئاسانژ” دامەزرێنەری وێبسایتی “ویکیلیکس” و هاووڵاتیی ئۆسترالیا، ڕادەستی ئەمریکا بکەن. ئەم حوکمە بەپێچەوانەی حوکمێک بوو کە لە مانگی ژانوییەی ئەمساڵدا لە لایەن قازییەکی دیکەوە لە دژایەتی لەگەڵ داواکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گەڕاندنەوەی “جولیان ئاسانژ”، بەهۆی نیگەرانی لە باروودۆخی تەندرووستیی ناوبراو لە ئەگەری گەڕاندنەوەی بۆ ئەمریکا و بەهۆی ئەوەیکە لە بەرامبەر دادگاکانی ئەمریکادا شانسی دیفاعکردنی لە خۆی نابێت، دەرکرابوو.

دەرکردنی حوکمی گەڕاندنەوەی “جولیان ئاسانژ” بۆ ئەمریکا لە لایەن دەوڵەتی بریتانیا کە مودەعیی پاراستنی “مافی مرۆڤ”ە، ئەویش لە ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ”دا پێویستە وەک بڕیار و هەوڵێکی دژەدیموکراتیک و دژەئینسانی بێتە ئەژمار. ئەمە کردەوەیەکە دژبە هەواڵنێرێکی بوێر، بەڵێندار و بەرپرس کە بە تاوانی ئەنجامدانی ئەرکی ئینسانی و ئەخلاقی، ساڵەهایە چاوەدێریی لەسەرە و کەوتووەتە بەر ئەشکەنجە و ئازاری دەروونییەوە. پەلەکردن و گوشاری ئەمریکا و ئینگلیس بۆسەر قازیی دادگا بە مەبەستی دەرکردنی حوکمی گەڕاندنەوەی “جولیان ئاسانژ” یەک ڕۆژ دوای ئەوە دەستیپێکرد کە خانمی “کلاودیا روت” ڕایگەیاند کە لەوانەیە ئاڵەمان  بە “جولیان ئاسانژ” مافی پەنابەری بدات. “روت” لە چالاکانی مافی مرۆڤ و ئەندامی حیزبی سەوزەکانی ئاڵمانە کە لەم دوایانەدا لە دەوڵەتی هاوپەیمانیی سۆسیال دیمۆکراتدا بۆ پۆستی ڕاوێژکاری کاروباری کلتووری هەڵبژێردراوە. 

“جولیان ئاسانژ” پاش ئاشکراکردنی بەڵگەکانی جەنایاتی شەڕی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان، مانگی سەرماوەزی ١٣٨٩ لە لەندەن دەستبەسەرکرا. ئەوەش لە حاڵێکدا بوو کە چەند مانگ پێشتر لە جەرەیانی پەروەندەسازی “ئازار و دەستدرێژیی سێکسی” دژبە ناوبراو، دادگایەک لە سۆئێد حوکمی دەستبەسەرکردنی دەرکردبوو. دادگای باڵای بریتانیا لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٠ حوکمی گەڕاندنەوەی ئاسانژی بۆ سۆئێد پەسند کرد. بیانووی پەروەندەسازیی سێکسی بۆ “جولیان ئاسانژ” لە سۆئێد دەگەڕێتەوە بۆ کاتێک کە ناوبراو بۆ بەشداری کردن لە کۆنفڕانسێکی نێونەتەوەیی سەفەری بۆ سۆئێد کردبوو و هەر لەوێش ڕایگەیاندبوو کە “بەنیازە ١٥ هەزار بەڵگەی نهێنیی دیکە لەپێوەند لەگەڵ شەڕی ئەفغانستان وێڕای لەبەرچاوگرتنی ئەمنییەتی تاکەکەسی بڵاوبکاتەوە”. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە ئەمریکا ئیدیعا دەکات کە “ئاسانژ” بە ئاشکراکردنی ئەم بەڵگانە گیانی زۆر کەسی خستووەتە مەترسییەوە. لەم پێوەندەدا پەیامێکیش لە تویتێری سایتی ویکیلیکسدا بەو ناوەرۆکەوە داندرابوو کە “هۆشداریان پێداوین کە چاوەڕوانی فێڵ و فریوی قیزەون بین”. ئاسانژ ناچار بوو کە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١ پەنا بۆ باڵوێزخانەی ئێکوادۆر بەرێت و بۆ ماوەی ٧ ساڵ لەوێ بمێنێتەوە. لەگەڵ گۆڕانی دەوڵەتی ئێکوادۆر و گوشاری ئەمریکا، باڵوێزخانەی ئەم وڵاتە وێڕای پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان، مافی پەنابەربوونی “ئاسانژ”ی هەڵوەشاندنەوە و مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٨ ڕێگەی بە پۆلیسی ئینگلیس دا تا بۆ دەستبەسەرکردنی ناوبراو بڕۆنە ناو باڵوێزخانەوە. لەو کاتەوە هەتا ئێستا ئاسانژ لە بریتانیا لە زینداندا بەسەر دەبات.

بەڵام تاوانی “جولیان ئاسانژ” چی بووە کە بەمجۆرە کەوتووەتە بەر تووڕەیی و غەزەبی دەوڵەتانی ئەمریکا، ئینگلیس، سۆئێد و باقیی دەوڵەتانی سەرمایەداریی هاوپەیمانیان؟ لەڕاستیدا تاوانی ناوبراو تەنیا ڕاگەیاندن و ئاشکراکردنی بەڵگەی واقعیی جەنایاتی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان بۆ بیروڕای گشتیی جیهان  و بۆ میدیا نێونەتەوەییەکانە. “ئاسانژ” ڕایگەیاندبوو کە دەوڵەتی ئەمریکا هەوڵ دەدات بە تۆڵەکردنەوە لە کردەوەی ناوبراو، بیروڕای گشتی لە کوشتنی هەزاران کەس لە شەڕی ئەفغانستان و عێراق بەلاڕێدابەرێت. ویکیلیکس نزیکەی ٤٠٠ بەڵگەی نهێنیی نیزامیی لە کوشتار و جەنایاتی ئەمریکا دژبە خەڵکی بێدفاعی عێراق و ٧٧ هەزار بەڵگەی جەنایەتی دیکەی دژبە خەڵکی ئەفغانستان بڵاوکردەوە و نیشانی دا ئەم بەڵگانە نموونەی واقعیی جەنایاتی شەڕن. کەوابوو پێویستە بوترێت کە کردەوەی پۆلیس و حوکمی دادگای ئەم وڵاتانە دژبە “جولیان ئاسانژ” حوکمی سیاسین نەک قەزایی و یاسایی. هەوڵی دەوڵەتانی ڕۆژاوا بۆ گەڕاندنەوەی ناوبراو بۆ ئەمریکا و زیندانی کردنی، هەنگاوێکی دیکەیە بۆ سەرکوتکردنی ئازادی و مافی سەرتایی ئینسانەکان. بەڵام هەوڵی ئەمریکا و باقیی دەوڵەتانی سەرکوتگەری سەرمایەداری بۆ حاشالێکردن لە جەنایەتەکانیان دەرحەق بە جەماوەری خەڵک، بە دەستبەسەرکردن و تەنانەت بە کوشتنی “جولیان ئاسانژ”ەکان و لەونابردنی بەڵگەکان ناتوانێ کاریگەر بێت. چونکە ملیۆنان کەس وەک شایەدانی زیندوو لە عێراق، ئەفغانستان، سووریە، یەمەن، لیبی، بوسنی، رواندا و شوێنەکانی دیکە لە ژیاندا ماون تا ڕاشکاوانە ڕایگەیەنن کە لە جەرەیانی شەڕی زلهێزەکانی سەرمایەداریدا، چلۆن شار و  شوێنی ژیانیان بە بۆمباران و تۆپباران لەگەڵ خاک یەکسان کرا و چلۆن باوک و دایک و خوشک و برا، منداڵان و دۆستانیان لە بەرامبەر چاوی خۆیان خەڵتانی خوێن کران.

لەقاودانەکانی ویکیلیکس و “جولیان ئاسانژ” دژبە زلهێزەکانی سەرمایەداری، لەگەڵ پشتیوانیی بیروڕای گشتی، مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و پێشڕەو لە ئاستی جیهان و بەتایبەت لە ئاڵمان بەرەوڕوو بووەتەوە. هەتا ئێستا گەلێک خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی لە لایەن هەواڵنێران و ڕۆژنامەوانان و وێبڵاگ نووسان و مرۆڤە وشیار و چەپ و کۆمۆنیستەکان و داکۆکیکارانی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی ئینسان بۆ پشتیوانی لە ئاسانژ بەڕێوەچووە. بۆ نموونە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم دادگایە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە بەرامبەر دادگاکەدا بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەدا “هێرافنسۆن” سەرنووسەری ویکیلیکس وتی: “ئەمڕۆ ڕۆژی ڕەشی ڕۆژنامەوانییە. ئاسانژ بەهۆی ئەنجامدانی کاری ڕۆژنامەوانی و لەقاودانی جەنایاتی شەڕ بە پیلانگێڕی تۆمەتبار کراوە”. دیفاع و پشتیوانی لە “جولیان ئاسانژ”، دیفاع لە ئازادیی ڕادەربڕین و مافە سەرەتاییەکانی ئینسانە و پێویستە بەردەوام دیفاعی لێ بکرێت.