دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی سزای یەک ساڵ بەندکران، دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ ئاوای کرماشان و ٤٠ جار لێدانی قامچی بە تۆمەتی “تێکدانی نەزمی گشتی” لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانی سنەوە بەسەر سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی، چالاکی مەدەنی و ئەندامانی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین و خەڵکی کامێراندا سەپاند. سەیوان ئیبراهیمی لەلاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا لەبارەی ئەم سزایەوە نووسیویەتی “یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکان بۆ سەپاندنی حوکم، دادگا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمن لە کردەوەی خۆم پاشەگەز نەبوومەتەوە و ئەوەی کردوومە لەسەر مافی ڕەوای خەڵکەکەم بووە”. لە ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژی ئەم ساڵ پرۆسەی دادگاییکردنی سەیوان ئیبراهیمی لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە لەژێر تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” بەڕێوەچوو و بڕیاری سزا دەرکرا. هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٣١ی گەلاوێژ بەشێوەیەکی فەرمی ئەم سزایە بەناوبراو ڕاگەیەندراوە. لە دۆسییەیەکی دیکەدا، ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی لەلایەن لقی یەکی دادگای سنەوە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام”ی بەسەردا سەپێندراوە، کە لە ڕۆژی ٦ی خەرمانان دانیشتنی دادگاییەکەی بەڕێوەدەچێت. سەیوان ئیبراهیمی لە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بەفرانباری پارەکە، لە کاتێکدا بۆ بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوژینەکەی، زارا محەممەدی، سەردانی دادگای شاری سنەی کردبوو، دەستبەسەرکرا و ڕۆژی ٢٥ی ڕێبەندان بە دانانی بارمتە، هەتا کاتی تەواوبوونی دادگاییکردنی ئازاد بوو.