فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەبۆنەی ١٠ی دێسامبر ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ
پێنجشەممە ۱۸-۰۹-۱۴۰۰   |  09-12-2021

ڕۆژی هەینی ١٠ی مانگی دێسامبر ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤە. ٧٣ ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێکدا “جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ” وەک بەڵگەی جیهانی و لازمولئیجرا، لە لایەن کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کرا. ڕسته‌ی “مافی مرۆڤ” پێشتریش بۆ خه‌ڵكی جیهان ناسرابوو، به‌ڵام بیری ئه‌وه‌یكه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بگونجێندرێ و له‌ لایه‌ن ناوه‌ندێكی جیهانییه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت، پاش شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م هاته‌ ئاراوه‌ و لە لایەن زۆرینەی دەوڵەتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکانەوە پەسندکرا.

ناوەرۆکی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ سەرەڕای ماهییەت و بەربەستەکانی، بەرهەمی خەباتی کرێکاران و ئازادیخوازانی جیهانە. هه‌ر هه‌نگاوێكی پاشه‌كشه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌ به‌رامبه‌ر مافه‌‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی گونجێندراو له‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا، به‌ خه‌بات و فیداكاری به‌رده‌وام هاتووه‌ته‌ دی و بورژوازی جیهانی سه‌ره‌نجام ناچار بووه‌ به‌ هاوئاهه‌نگ كردنی ئه‌و خواستانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی، له‌ مێژوودا به‌ناوی خۆی تۆماری بكات. ئەم جاڕنامەیە ئەگەرچی بناغەی سەرەکیی نیزامی سەرمایەداری ناباتە ژێر پرسیارەوە و ڕێز لە ئەساسی خاوەندارییەتیی تایبەت و چەوسانەوەی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ دەگرێت، بەڵام هەر لەم ئاستەشدا دەستکەوتی خەباتی مرۆڤەکانە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی لەم سەردەمەدا و هێستاش لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداریش بۆ بەکردەوە دەرهاتنی هەمەلایەنەی، پێویستە خەبات بکرێت. ئەگەر ڕۆژگارێک بیروبۆچوونی پشتیوانی لە مافی مرۆڤ لە کارەساتەکانی شەڕەوە سەرچاوەی گرتبوو و دژبە شەڕ بوو و دەیهەویست حورمەتی مرۆڤ و مافی مرۆڤ وەبیربێنێتەوە و لە دووپات بوونەوەی پێشێلکردنیان ڕێگری بکات، بەڵام هەر لە سەرەتای ڕۆژانی پەسندکردنی ئەم جاڕنامە جیهانییەوە، لە لایەن زۆرێک لە وڵاتانەوە ناورۆکەکەی پێشێلکرا و مافی سەرەتایی گونجێدندراو لەم ڕاگەیەندراوەدا لە لایەن ئەو دەسەڵاتانەی کە واژۆیان کردبوو لە باروودۆخی شەڕ و غەیرە شەڕدا ژێر پێ خرا.

٧٣ ساڵ لەمەوبەر، جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ لەسەر وێرانەکانی شەڕی جیهانیی دووهەم ئامادەکرا تا بەناو پێوەرێکی جیهانی پێکبێت کە بێحورمەتی بە مافی ئینسانەکان تەحەمول نەکات. لەئێستادا کە پتر لە ٧٣ ساڵ بەسەر شەڕی جیهانی دووهەم و پەسەندکرانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤدا تێپەڕ بووە، ڕەنگبێ نەکرێ شایەدێکی زیندوو لە شەڕ و نەهامەتییەکانی ئەو سەردەم بدۆزینەوە، بەڵام لاوانی سووریە، عێراق، یەمەن، لیبی، ئەفغانستان، بووسنی، ڕەواندا و شوێنەکانی تر، ئەو شایەدە زیندووانەن کە پێمان دەڵێن کە بە فەرمانی دەوڵەتانی واژۆکاری جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، چییان بەسەر هاتووە و شار و وڵاتیان چۆن بە بۆمب و گولـله وێران کراوە و چۆن برا و خوشک و دۆستانیان لە پەنایانەوە خەڵتانی خوێن کراون. هێستا لە زۆرێک لە وڵاتان، بەئاشکرا سەرەتاییترین مافەکانی ئینسان کە مافی ژیانە، پێشێل دەکرێت. پێشێلكردنی مافی ئینسانه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی قاتی و برسییەتی و نه‌خۆشیی په‌ره‌ستێن و بازرگانی سێكس و قاچاخی مادده‌ی هۆشبه‌ر، ته‌نانه‌ت له‌ جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤیشدا ئاماژه‌یه‌كی پێنه‌كراوه‌. سەرەڕای بوونی ئەم جاڕنامە نێونەتەوەییە، لە زۆر شوێنی جیهان ژنان لەژێر گوشاری پیاوسالاریدا نەتەنیا لە مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان بەهرەمەند نین، بەڵکوو هەموو ڕۆژێ دەبنە قوربانیی توندوتیژی. ژنانی کرێکار لەبری کاری یەکسان حەقدەستی یەکسانیان پێنادرێت. لە هێندێک ڵە وڵاتە مسوڵمان نشینەکان، ژن بەڕەسمی ڕەگەزی خواردەست بەئەژمار دێت. هێستا منداڵ بە مرۆڤی کامڵ ناناسرێت و گشت مافەکانی لەبەرچاو ناگیرێن، هێستا نەتەوەکان لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەهرەمەند نین، سزای ئێعدام لە زۆر وڵاتی جیهان بەڕێوەدەچێت، هێستا دینداری و بێ دینی ئینسانەکان پێوەری هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتەکانە، هێستاش هەڵاواردنی ڕەگەزی و ئەشکەنجە لە وڵاتەکاندا پاساوی یاسایی هەیە و هێستاش ئازادیی ڕادەربڕین لەژێر تیغی سانسۆڕ دایە. 

لە ئێران پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە باڵاترین ئاستی خۆیدا بەڕێوەدەچێت. یەکێک لە شانازییەکانی سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران ئەوەیە کە ئەندامی لیژنەی مەرگی هەزاران بەندکرای سیاسی بووە. لە زیندانەکانی ڕژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران هەزاران مرۆڤی شەریف بەخاتری بیروبۆچوون و مەرام و عەقیدەیان لە سیاچاڵەکاندا ڕاگیراون و لە کەمترین مافی ئینسانی بێبەرین و تارمایی مەرگ بەسەر زۆریاندا دەسوورێتەوە. ئەشکەنجە لە زیندانەکان و شەللاق لێدانی ئینسانەکان لەبەرچاوی خەڵک و لە شوێنی گشتی بابەتێکی ڕۆژمەڕەیە. کۆماری ئیسلامی باڵاترین پلەی ئێعدامی لە جیهاندا بەخۆی تەرخان کردووە و ڕژیمێکە کە منداڵی کەمتر لە ١٨ ساڵیش لە دار دەدات. لەم وڵاتەدا ستەمی نەتەوەیی و جنسییەتی و مەزهەبی لە ڕووی یاساوە بەڕەسمی دەناسرێت.

پێوه‌ری پاراستن و ڕێزگرتن له‌ مافی مرۆڤ له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا پێویسته‌ به‌ پێی یه‌كسانی ئینسانه‌كان و به‌هره‌مه‌ند بوونیان له‌ سه‌مه‌ری‌ ئینسانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ به‌رئاورد بكرێت. كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری به‌ پێی جه‌وهه‌ر و ماهییه‌ته‌كه‌ی، كه‌ له‌سه‌ر جیاوازیی چینایه‌تی دامه‌زراوه‌، ناتوانێ داكۆكیكاری ڕاسته‌قینه‌ی مافی مرۆڤ بێت. مافی مرۆڤ ته‌نیا كاتێك به‌ته‌واوی ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت كه‌ جیاوازی چینایه‌تی له‌ناو چووبێت و ئینسانه‌كان ئه‌و ئیمكانه‌یان بۆ خوڵقابێت كه‌ له‌ ئاسایشی ته‌واودا، به‌ یه‌كسانی بژین. دیاره‌ ئه‌وه‌ش له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه‌ بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ی ئینسان به‌ده‌ستی ئینسان دامه‌زراوه‌ و ئامانجی به‌رهه‌مهێنان نه‌ك دابین كردنی پێداویستیی ئینسانه‌كان، به‌ڵكوو قازانجی زیاتره‌، وه‌دی نایەت‌. ته‌نیا كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی هه‌بێت، كۆمه‌ڵگای سۆسیالیستیه‌. بۆ دامه‌زراندنی وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ تێیدا مافی ڕاسته‌قینه‌ی ئینسانه‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، پێویسته‌ به‌رده‌وام خه‌بات درێژه‌ی بێت. به‌ڵام تا ئه‌وكات كه‌ كۆمه‌ڵی ئینسان به‌ ته‌واوی له‌ سه‌رمایه‌داری ڕزگاری ده‌بێت، له‌به‌رچاوگرتنی مافی سه‌ره‌تایی ئینسان كه‌ به‌شێكی له‌ “جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ” دایه‌، پێویسته‌ به‌ ڕه‌سمیه‌ت بناسرێت و به‌كرده‌وه‌ ده‌ربێت. بەڵام جاڕنامەی مافی مرۆڤ بەلەبەرچاوگرتنی بەربەستەکانی، بەسەرەنجدان بە ماهییەتە بورژوازییەکەی ناتوانێ ئاڵای خەبات دژبەم بێمافییانە بێت. خەبات دژبە توندوتیژیی دەوڵەت بەرانبەر ئینسانەکان، خەبات بۆ جیایی مەزهەب لە دەوڵەت و دژبە دەخاڵەتی مەزهەب لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئینسانەکان، لە جاڕنامەی مافی مرۆڤ و لە وەها لێکدانەوەیەکی سنووردار لە مافی ئینسان، بانترە.