بەپێی ڕاپۆرتەکان، سەلاح بایزیدی، خەڵکی گوندی “کانیباخ”ی سەر بە شارەدێی لاجانی شاری پیرانشار، ماوەی ١١ ڕۆژە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
بەگوێرەی زانیاریەکان، ناوبراو لە ماوەی ١١ ڕۆژی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە. شایانی باسه، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی گەلاوێژ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەلاح بایزیدی و وێڕای شکاندنی دەرگای ماڵەکەی چوونەتە ژوورەوە و سەرەڕای ئەوەش کە دۆخێکی نائارام و ترسێنەریان هێناوەتە ئاراوە، بە شێوەیەکی دڕندانە ناوبراویان دەستبەسەر کردووە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.