فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیانییەی هاوبەشی چالاکان و ماموستایانی سەقز سەبارەت بە سامان پاشایی
شەممە ۰۴-۰۶-۱۴۰۲   |  26-08-2023

کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی، خوێندکاران و ماموستایانی زانکۆی شاری سەقز، سەبارەت بە بەردەوامی دەستبەسەرکرانی سامان پاشایی، مامۆستای زانکۆ و پاڵەوانی پێشووی زۆرانبازی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێیدا داوایان کردووە کە بە زووترین کات ناوبراو ئازاد بکرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، چالاکانی فەرهەنگی، مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆی شاری سەقز سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕینیان بەرانبەر بە بەردەوامی دەستبەسەرکرانی سامان پاشایی لە بەیاننامەیەکدا داوایان کردووە کە هەموو مافە یاساییەکانی ناوبراو دەستەبەر بکرێت. لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەدا، جەخت لەسەر ناڕوونی چارەنووسی سامان پاشایی لە دوای دوو مانگ دەستبەسەرکرانییەوە کراوە و هۆکاری دەستبەسەرکرانی ناوبراویان بە کارێکی کەلەڕەقانە، لەبەرانبەر کار و چالاکی هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەی سامان پاشایی لە دەرەوەی وڵات باس کردووە. لە درێژەدا واژۆکارانی ئەم بەیاننامە نووسیویانە کە دەستبەسەرکرانی سامان پاشایی هەوڵێکە لە ڕاستای هەڵسپاردن و دوورخستنەوەی ناوبراو لە وانەبێژیی و ئەمەش یەکێک دەرەنجامەکانی نادادوارانەی ئەم سیناریۆیەیە… ئەگەر هەتا ئێستا بەڵگەیەک هەبوایە، دەبوو دوای دوو مانگ ئاشکرابکرێت. هەروەها لەم بەیاننامەدا، ڕاگیرانی سامان پاشایی لە دەستبەسەرگە بە “بێڕێزییەکی مەبەستدار بەرانبەر هەموو کۆمەڵگای زانستی و وەرزشی کوردستان” ناوبراوە و لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەم مامۆستاییەی زانکۆوە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.