بە هەزارانی کەس لە خەڵکی خۆجێیی ئاڕژانتین لە ناڕەزایەتیی بە پەسەندکرانی مۆڵەتنامە بۆ هەڵێنجانی “لیتیۆم” لە باکووری ئەم وڵاتە، دەستیاندایە خۆپیشاندان.
خۆپیشاندەران دەڵێن: هەڵێنجانی لیتیۆم دەبێتە هۆی ئەوەیکە زەرەر و زیانێکی زۆریان لێ کەوێت. ئەم ناوچەیە کە بە “سێ گۆشەی لیتیۆم” ناسراوە لە زنجیرە کێوەکانی “ئاند” و لە ناوچەی سنووری نێوان ئاڕژانتین، بۆلیوی و شیلی هەڵکەوتووە و گەورەترین پاشەکەوتی لیتیۆمی جیهانی لەخوێدا جێ کردووەتەوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە خەڵکی خۆجێیی دەڵێن: هەڵێنجانی لیتیۆم پێویستی بە ڕێژەیەکی ئاوی زۆر هەیە و بۆ هەر تۆنێک لیتیۆم دەبێ ٢ میلیۆن تۆن ئاو بەکار بهێندرێت و ئەگەر ئەم کارە بکرێت، خەڵکی ئەم ناوچەیە کە زۆربەیان ئاژەڵدارن تووشی کێشەیەکی زۆر دەبن و لەوە نیگەرانن کە سەرچاوە ئاوییەکانی ئەم ناوچەیە وشک بن یاخود پیس بن.