ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خەرمانان، لانیکەم هەشت هاووڵاتیی لە شارەکانی تەورێز، ئەردەبیل و میانە، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و ڕاپێچی شوێنێکی نادیار کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سێ هاووڵاتیی خەڵکی تەورێز بە ناوەکانی “زوڵەیخا قازی زادە”، “شاهین بەرزگەر” و “مۆحسین ئیبراهیمی دینوەر”، هەروەها سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئەردەبیل بە ناوەکانی “مێهرداد شێخی”، “حەبیب نێگەهبان” و “ئیرەج شیرزاد” و لە لایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی میانە بە ناوی “محەممەد شەیخولئیسلامی” لە چالاکان و شاعیرانی ئەمشارە، لە پێوەند لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەربڵاوی خەڵکی ئەم ناوچانە لەئاست وشک بوونی دەریاچەی ورمێ، دەستبەسەر و ڕاپێچی شوێنێکی نادیار کراون. جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی شەممەش “پەیمان ئیبراهیمی دینوەر” لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرابوو. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە پێوەند لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی کە داروەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.