فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لە پەراوێزی ٦٠مین ساڵڕۆژی “مارش بەرەو واشینگتۆن”
دوشەممە ۱۳-۰۶-۱۴۰۲   |  04-09-2023
لە پەراوێزی ٦٠مین ساڵڕۆژی "مارش بەرەو واشینگتۆن"

لە ٢٨ی مانگی ئاگۆستی ١٩٦٨ زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس کە پتر لە سەدا هەشتایان ڕەشپێست بوون بەرەو واشینگتۆن مارش و ڕێپێوانیان بەڕێوەبرد. لە کۆتایی “مارش بەرەو واشینگتۆن”، مارتین لووتێرگنک هاتە پشت میکرۆفۆن و وتارەکەی بەمجۆرە دەستپێکرد: „ئاواتم ئەوەیە کە ڕۆژێک ئەیالەتی می سی سی پی، ئەیالەتێک کە لە ئاگری بێعەداڵەتیدا دەسووتێ، لە ئاگری سەرکوتدا دەسووتێ، ببێتە مەڵبەندی ئازادی و عەداڵەت. ئاواتم ئەوەیە کە ڕۆژێک چوار منداڵە کەم تەمەنەکانم لەم وڵاتەدا نەک بەپێی ڕەنگی پێستیان بەڵکوو بەپێی کەسایەتییان قەزاوەت بکرێن”. مارتین لووتێركینگ پاش تێپه‌ڕینی ٢٤ كاتژمێر له‌و وتانه‌ی له‌ لایه‌ن لاوێكی سپی پێسته‌وه‌ تیرۆر كرا. ئه‌گه‌رچی كوژرانی ئه‌و، ئه‌وكات بوو به‌هۆی وه‌ڕێكه‌وتنی چه‌ندین ڕاپه‌ڕینی به‌رین و ئه‌گه‌رچی ئه‌وكاتیش “سه‌گه‌ دڕه‌كان و چه‌كه‌ ترسناكه‌كان“یان به‌ره‌و خۆپیشانده‌ران نارد، به‌ڵام ئاشكرا بوو كه‌ ئاواته‌كه‌ی مارتین لووتێر كینگ، لە نیزامی سەرمایەداریی ئەمریکادا، له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه‌ گیانی ڕه‌شپێست بایه‌خێكی نییه‌، چه‌نده‌ دووره‌. دوای شەست ساڵ زۆربەی زیندانییان لە ئەمریکا ڕەنگینپێستەکان پێکی دێنن. پەتای کۆرۆنا لەناو ڕەنگینپێستەکاندا زۆرترین قوربانیی ئەستاند. کەمتر لە سێ ساڵ لەمەوبەر “جۆرج فلۆید”، پیاوێکی ڕەشتپێستی چل و شەش ساڵ تەمەنی ئەمریکایی بەڕەگەز ئەفریقایی لە شاری مینیاپۆلیس، لە کاتی خنکانی لەژێر چەکمەی پۆلیسی سپی پێستدا، هەر ئەوەندەی بۆهات کە بڵێ “ناتوانم هەناسە هەڵکێشم”. پۆلیسە بکووژەکە لە ساڵی ٢٠٠٦یشدا پیاوێکی ڕەشپێستی تری کوشتبوو. لە ساڵی ٢٠١٦دا لەشاری “سێنت پائول” ڕەشپێستێک لەبەرچاوی خۆشەویستەکەی و منداڵە چکۆلەکەی بە گولـلەی پۆلیس کوژرا و ئەمساڵیش تەنها دوو ڕۆژ بەرلە شەستمین ساڵڕۆژی “مارش بەرەو واشینگتۆن” لاوێکی سپیپێستی تەمەن بیست و یەک ساڵ لە بەرامبەر مارکێتێک لە “جەکسۆنویل” لە ئەیالەتی فلۆریدا دوو پیاو و ژنێکی ڕەشپێستی دایە بەر گولـلە و دواتر خۆشی کوشت. هێزەکانی پۆلیس لە کامپیۆتێرەکەیدا بەیاننامەیەکی بیست لاپەڕەییان دۆزییەوە کە تێیدا نەفرەتی خۆی لە ڕەشپێستەکان باس کردبوو. ئەو بەر لەم جەنایەتە داوای لە سپی پێستەکان کردبوو کە خۆیان بگەیەننە شوێنێکی ئەمن.

ئێستا دوای تێپەڕینی شەست ساڵ لەو مارشە مێژووییە هەر دوو حیزبی کۆماریخواز و دیموکراتی ئەمریکا، فریوکارانە هاوار دەکەن کە وتەکانی ئەوکاتی مارتین لووتێرکینگ بەشێوەیەکی “سێحراوی” توانیی “بزووتنەوەی مافی مەدەنی” بەهێز بکات و توانیی کۆتایی بە ڕاسیسمی سیستماتیک لە ئەمریکا بێنێ. ئەم فریوکارییە ئاشکرایە تا ئاستێکە کە فەرمانداری ئەیالەتی فلۆریدا و یەکێک لە کاندیدەکانی کۆماریخوازان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ساڵی داهاتوو فەرمانی داوە کە هەموو ئەو نووسراوانەی لەناو کتێبە دەرسییەکاندا باس لە ڕاسیسمی سیستماتیک دەکەن، بسڕنەوە. ئەو لەو باوەڕەدایە کە ئەگەر نابەرابەرییەکیش لە نێوان سپیپێست و ڕەنگینپێستەکاندا بوونی هەیە، خەتابار ڕەنگینپێستەکانن کە نەیانتوانیوە خۆیان لە قووڵایی کۆمەڵگاوە بەرەو سەرێ هەڵکێشن. لەم مەنتقە کۆنەپەرستانەیەدا بەئاسانی جێگای حاکم و مەحکووم دەگۆڕدرێت. ئەگەرچی “مارش بەرەو واشینگتۆن” لە چوارچێوەی “بزووتنەوەی مافی مەدەنی”دا تۆمارکراوە بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەو مارشە بزووتنەوەیەک بوو لەپێناو “کار و ئازادی”دا. چینی کرێکاری ڕەشپێستی ئەمریکا کە خوازیاری “کار و ئازادی” بوو، ئەم مارشەی وەڕێخستبوو.

لەم ساڵانەی دواییدا نەوەیەک لە ژنان و پیاوانی گەنج، لەوانە بزووتنەوەی “ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگە”، یان ئەو خوێندکارانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەم ڕووداوە کردووە، ڕووخسارێکی ڕاستەقینە و نەک ساختە لە بنەچە و ڕێکخستنی ئەم ڕێپێوانە دەنەخشێنن. ئەوان هەوڵ دەدەن بەرەنگاری ئەو وێنەیە ببنەوە کە میدیای دەسەڵاتداران لەم مارشە دەیخەنەڕوو. بە باوەڕی ئەوان “مارش بەرەو واشینگتۆن” لە هاوینی ١٩٦٣ لووتکەی ئەو چالاکییانە بوو کە لە دوو دەیە پێشترەوە لە لایەن چینی کرێکاری ڕەشپێستەوە پێکهاتبوو. لەڕاستیدا ڕستەی “ئاواتێکم هەیە” لەلایەن مارتین لووتێرکینگەوە بۆ یەکەم جار دوو ساڵ پێشتر لە کۆنگرەی “فیدراسیۆنی یەکیەتییەکانی کرێکارانی سەنعەتیی ئەمریکا”دا وترا. بێهۆ نەبوو کە ئەو جەماوەرە بەرینەی کە لە ڕێپێوان بەرەو واشینگتۆندا بەشدارییان کرد ئەندامانی ڕادیکاڵ و تێکۆشەرانی یەکیەتییە کرێکارییەکان بوون. پێشەنگی ئەوان “فیلیپ ڕاندۆلف” بوو کە وێنەکەی لە ڕیزی پێشەوەی “مارش بەرەو واشینگتۆن”دا دەبیندرێ. ئەو لە ساڵەکانی دەیەی سەرەتای سەدەی ڕابردوو لە گۆڤاری “مەسێنجێر” کە لە ناوچەی “هارلم” لە نیۆیۆرک بڵاودەکراوە بابەتی سۆسیالیستی کرێکاریی دەنووسی. فیلیپ ڕاندۆلف لە ساڵەکانی دەیەی سی و چلی سەدەی ڕابردوو، سەرۆکی “یەکیەتیی کرێکارانی دروستکردنی واگۆنی خەو” و داهێنەری یەکەمین “مارش بەرەو واشینگتۆن” دژبە هەڵاواردنی سیستماتیک بەرانبەربە ڕەشپێستەکانی ناو ئەرتەش و خوازیاری کار بوو. ئەو لە ساڵی ١٩٦٠دا ڕێکخراوی بەهێزی “شۆرای کرێکارانی ڕەشپێستی ئەمریکا”ی بەرانبەر بە “فیدراسیۆنی یەکیەتییەکانی کرێکارانی سەنعەتیی ئەمریکا” پێکهێنا، بەهۆکاری ئەوەیکە ئەم فێدراسیۆنە و یەکیەتییە ژێرمەجمووعەکانی دژبە ڕاسیسم چالاکییان نەدەکرد. هەر بەم دەلیلە و بەهۆی پێگەی لەناو کرێکارنی ڕەنگینپێستدا، فیلیپ بوو بە ڕابەری “مارش بەرەو واشینگتۆن”. ئەگەرچی وتەکانی مارتین لووتێرکینگ لەکۆتایی کۆبوونەوەکە، لە مێژوودا تۆمارکراوە، بەڵام “فیلیپ ڕاندۆلف” یەکەمین وتاربێژی ئەم کۆبوونەوەیە لە واشینگتۆن بوو و لەڕاستیدا ئەوە وتاری دەستپێکی ئەو بوو کە ناوەرۆکی کۆمەڵایەتی و چینایەتیی ئەم ڕێپێوانە و خەبات دژبە ڕاسیسم و چەوساندنەوەی ئابووریی پێکەوە پەیوەنددا. بە باوەڕی فیلیپ ئەوە تەنها چینی کرێکاری ڕێکخراو بوو کە دەیتوانی کۆتایی بە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سیاسی بێنێ نەک ئەو یاسایانەی کە چینی مامناوەند بەڵێنی دەدا. بێگومان هەر ئەوەش گرینگترین میراتی سیاسیی “مارش بەرەو واشینگتۆن”ە. ئەم ڕێپێوانە کە گەورەترین هێمای سازماندان و ڕێکخستن بوو لەو سەردەمەدا، لەڕاستیدا ساتەوەختێکی مێژوویی بوو کە تێیدا جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بەباشترین شێوە ئەم پەیامە سیاسییەیان گەیاند.

لە دەیەکانی هەشتا و نەوەدی سەدەی ڕابردوودا تەبلیغاتی ئەوە دەکرا کە گۆیا سەرکەوتنی مارشەکە بەخاتری میانەڕەوبوونی بووە. بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەم مارشە سەرکەوت چونکە داخوازییەکانی بەربڵاو و ڕادیکاڵ و میلیتانت بوو. تەنها کاتێک کە “فیلیپ ڕاندۆڵف” هەڕەشەی مانگرتنی گشتیی کرد، نوێنەرانی کۆنگرە مەجبوور بوون کە یاسای دژی هەڵاواردن پەسند بکەن. پێویستە بوترێ ئێستا لە هەلومەرجێکدا کە نیزامی سەرمایەداری دوایین تیکەکانی سەر سفرەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەڕفێنێت، جیهان چەندە پێویستی بە خەباتکارانێکی لە نەوعی فیلیپ هەیە.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co