بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەدوای تێپەڕبوونی یەک مانگ بەسەر دەستبەسەر کرانی پێنج چالاکی ژینگە پارێزی خەڵکی مەریوان، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ماوەی دەستبەسەر کرانی ئەم پێنج کەسەی بۆ یەک مانگی دیکە درێژ کردووەتەوە.
شایانی باسە، ئازاد ڕووحی و لایق ئەحمەدی بە هۆی تووش بوونیان بە نەخۆشی هەناسەدان و ڕیخۆڵە بەهۆی هەڵمژینی ڕادەیەکی زۆر مۆنۆکسیدی کەربۆن لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگر لە دارستانەکانی مەریوان، دۆخی تەندرووستیان ناجێگیرە و هەروا لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون و ئەمەش نیگەرانی بنەماڵەکانیانی لێکەوتووەتەوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، “ئازاد ڕووحی”، “لایق ئەحمەدی” و “سەرکەوت عیبادی”، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی گەلاوێژ و “دلێر محەممەدی” دەرچووی بواری کارەبا و خەڵکی گوندی “باڵک” سەر بە شاری مەریوان و هەروەها “ئالان ئەردەشیری” ٣٢ سال تەمەن و خەڵکی مەریوان، ڕۆژی ١١ی گەلاوێژ، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرابوون.