ڕۆژی شەممە ١١ی خەرمانان، ئارمان سەنگی، خەڵکی بانە و بەندکراوی سیاسی پێشوو، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا. ئارمان سەنگی، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی شاری شیرازی کردبوو، تەرمەکەی دوای دوو ڕۆژ لە شوێنی مانەوەی لەم شارەدا دۆزرایەوە. لەکاتێکدا ئەم لاوە پێش دەستبەسەرکران و دادگاییکردنی، پێشینەی هیچ چەشنە نەخۆشییەکی دڵ و زگماکی نەبووە، هۆکاری مردنەکەی بە “جەڵتەی دڵ” ناودێرکراوە. دوو ساڵ پێش، لە بەهاری ١٤٠٠، ئارمان سەنگی دوای بانگکرانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا و دوای دادگاییکردنی بۆ بەندیخانەی کەهریزەک گواسترایەوە. ناوبراو لە بەهاری ئەم ساڵ دوای تەواوکردنی ماوە سزاکەی لە بەندیخانە ئازادکرابوو. هەر لەم ڕاستایەدا، لە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خەرمانان، حەسەن جوجەگەڵوانی، بەندکراوی سیاسی پێشوو، دوای تێپەڕینی چەند مانگ بەسەر ئازادیی لە بەندیخانە، گیانی لەدەست دا. حەسەن جوجەگەڵوانی خەڵکی پیرانشار دوای ئازادیی لە بەندیخانە باری دەروونی و جەستەیی بە شێوەیەکی بەرچاو ناجێگیربووە و سەرەڕای سەردانی بەردەوامی بۆ لای پزیشک، جەستەی بێ گیانی ناوبراو لە ماڵی خوشکەکەی دۆزرایەوە.