هاووڵاتییەک بە ناوی تەها ڕەسووڵیان، هونەرمەند و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری پیرانشار، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان” و “هەوڵی تێکدانی ئاسایشی میللی”، سزای ٧ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
هاوکات ئەم هونەرمەندە سزای لێدانی ٧٥ قامچی و پێبژاردنی ١٠ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپاوە.
هەروەها تەها ڕەسووڵیان، لە مانگی گوڵاندا، لە دۆسیەیەکی تردا بە تۆمەتی “تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی” لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکان لە پیرانشار، سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری پارەکە، بەبێ هیچ هۆکارێک، لە شاری پیرانشار و لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە و پاشان بۆ بەندیخانەی نەغەدە گواستراوەتەوە. دواجار لە ٢ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد بووە.