فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئێران تینووی شۆڕش؛ بەیاننامەی پلێنۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەبۆنەی ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا – خەرمانانی ١٤٠٢
هەینی ۱۷-۰۶-۱۴۰۲   |  08-09-2023

بەستێنەکان، دەستکەوتەکان
لە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ەوە، لەو کاتەوە کە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی وەک چەخماخەیەک ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەری وەگیانهاتوو لە هەژاری، بێکاری، گرانیی بەرین، توندوتیژی و هەڵاواردنی ڕەگەزی و بێمافیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەشاندەوە، یەکساڵ تێدەپەڕێت. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بەرهەمی کەڵەکەبوونی ناتەبایی، هەڵاواردن، نایەکسانی و تووڕەیی پەنگخواردووی کۆمەڵانی خەڵک لە درێژەی ئەم وەزعەدایە. قەیرانی ئابووریی سەرمایەداریی ئێران تێکەڵ بە ڕانتخۆری و گەندەڵیی جێکەوتوو لەناو هەموو ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی و کاریگەری وێرانکەری لەسەر کار و ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشان لەلایەکەوە، ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و سەرهەڵدانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە لەلایەکی دیکەوە، بەستێنە بابەتی و زەینییەکانی چوونی کۆمەڵگا بۆ ناو قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەی ئامادە کردبوو.
ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە درێژەی ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، بە سێ مانگ ناڕەزایەتی و شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی سەرشەقام یەکێک لە درێژخایەنترین ئاخێزە ئینقلابییەکانە لەماوەی پتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا. لەبەر ئەوەیکە ئاخێزەکانی پێشوو زەمینەکانی سەرهەڵدانی ئاخێزی ژینایان ئامادە و بەهێز کردبوو و ئاڵوگۆڕێکی مەزنیان لە وشیاری و زەینیەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بەتایبەت ژنانی وەگیانهاتوو لە نیزامی هەڵاواردنی ڕەگەزی پێکهێنابوو. ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ کە کۆتایی بە دوو دەیە زاڵبوونی وتاری ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی بەسەر کەشوهەوای سیاسیی ئێراندا هێنا، هیچ مەجالێکی بۆ مانۆڕی سیاسی حەقیرانەی ڕێفۆرمخوازان نەهێشتەوە و بەم ئیعتبارە قۆناغێکی تازەی لە خەباتی سیاسی و چینایەتی و خەبات لەپێناو ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی پێکهێنا. ئاخێزی خەزەڵوەر بە هێرش کردنە سەر هێماکانی ڕژیمی ئیسلامی و بە خۆڕاگری و پایەداریی گیانفیدایانە بەرامبەربە سەرکوتی دڕندانە و خوێناویی حکوومەتی ئیسلامی، زەربەیەکی بەتەوژمی لە ستراتێژی تێپەڕینی هێمنانەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی دا و وتاری تێپەڕینی شۆڕشگێڕانەی لە ڕژیمی ئیسلامی بەهێزکرد. ئەم دوو ئاخێزە وەک دوو شەپۆلی خرۆشاوی خەباتی سیاسی، بوون بە بزوێنەری بەهێز بۆ خەباتی ئابووری و سیاسیی چینی کرێکار و ئاراستە و مەیلی دەروونیی کرێکارانیان بۆ خەبات زیاتر کرد. بەجۆرێک کە بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەزاران مانگرتن و ناڕەزایەتیی گەورە و چکۆلەی ئەزموون کردووە. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا کە بەناوی ڕەمزی “ژینا”وە دەستی پێکرد، پشت ئەستوورە بە هەموو ئەم دەستکەوت و داتا بابەتییانەوە، لەم ڕووەوە بە شکۆیەکی چەند بەرابەر مەزنتر لە ئاخێزەکانی پێشوو هاتە مەیدان. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە لە هەمان ڕۆژانی یەکەمەوە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بزووتنەوەی خوێندکاریی پێکەوە پەیوەند دا و بەجۆرێک برووسکەئاسا پەرەی سەند کە سەرانی ڕژیم و هێزە سەرکوتگەرەکان و تەنانەت دەسەڵاتە سەرمایەدارییەکانی جیهانیشی غافڵگیر کرد.
ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی، بەرابەری”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی” و بە کردەوەی سەمبۆلیکی وەک فڕێدان و سووتاندنی حیجاب لەسەر شەقام و سەما و هەڵپەڕین لە دەوری ئاگر، یەکێک لە بنەماکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی حکوومەتی ئیسلامیی تێکشکاند. ئەم ئاخێزە بە هێرشکردنە سەر بەهێزترین پێگەی ئیسلامی سیاسی و یاسای سەختی دینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنی لە ناوچەکە بردە قۆناغێکی نوێوە و بوو بە هێمای بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن لەم ناوچەیە. ئەم ئاخێزە شکۆدارە شۆڕشگێڕانەیە، دۆسیەی دەسەڵاتی دینی و ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی مەزهەبیی خستە لاوە کە دوای کۆتایی کاری دیکتاتۆری دینی بەنیازی دامەزراندنی حکوومەتی مەزهەبی لەژێرناوی “کۆماری دیموکراتیکی ئیسلامی”دا بوو. ئەم بزووتنەوەیە بە دروشمی “مەرگ بۆ چەوسێنەر، چ شا بێت و چ ڕێبەر” کە لە شەقام و زانکۆکان دەنگی دایەوە نیشانی دا کە ئۆپۆزیسیۆنی خوازیاری دەسەڵاتی پاشایەتی هیچ پێگەیەکی لەناو ژنانی ستەملێکراو، کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگەدا نییە. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە لەبواری ڕەنگدانەوەی جیهانی و ڕاکێشانی پشتیوانی و هاوپشتیی بیروڕای پێشکەوتنخواز لە سەرانسەری جیهان پێگەیەکی تایبەتی لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێراندا تۆمارکرد.
ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بێجگەلە ئەم دەستکەوتە سیاسییانە لە بواری تاکتیکیشەوە پێگەیشتووتر لە ئاخێزەکانی پێشوویە. تاکتیکی وێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی شەقام لەگەڵ مانگرتنی گشتی لەئاستی شار، بەرپاکردنی ناڕەزایەتیی سەرشەقام هاوکات لە چەندین شوێنی شار و پێکهێنانی ڕێبەندان بۆ سنووردارکردنی توانای مانۆڕی هێزە سەرکوتگەرەکان، خستنە داو و ڕاونانی هێزە سەرکوتگەرەکان، هێرش بۆسەر پایەگا و ناوەندە نیزامییەکانی ڕژیم لە وڵام بە پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکان، گرتنەوە و ئازادکردنی چەند ناوچە لە شار بۆ چەند کاتژمێر، کردنی زانکۆ و مەدرەسە بە ناوەندی ناڕەزایەتی و مانگرتن کە هەزینەی سیاسیی سەرکوت لەم شوێنانە بۆ ڕژیم قورسترە، لە زومرەی ئەو تاکتیکانە بوون کە لەم قۆناغەدا بەکار هێندران. لە جەرەیانی ئەم ئاخێزەدا ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووان لە شارە جۆراوجۆرەکان بوو بە هێمای هاوپشتیی خەباتکارانە و تاکتیکێکی کاریگەر بۆ جەماوەریتر کردنەوەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە. ئەم ئاخێزە بە بەشداریی نووسەران و شاعیران و هونەرمەندانی شۆڕشگێڕ و سینەماکارانی پێشکەوتنخواز زیاتر لە هەموو بزووتنەوەیەکی سیاسیی دیکە دیمەنە جوانەکانی خستە ڕوو. بڵاوبوونەوەی بەرینی وێنەکانی ڕێوڕەسمی ئاگردان و هەڵسووڕاندنی ڕووسەرییەکان، کاردانەوەی سەمبۆلیک و موقاومەتی تاکەکەسیی کچان بەرانبەر بە هێزە ئەمنیەتییەکان بە مشتی گرێدراوەوە، سروودی ڕەزمی و ئیعتڕازی، ڕێژەی نمادینی ژنان بە بێ ڕووسەری، سەما و سووڕانەوە بە دەوری ئاگری ڕووسەرییەکان، عەمامەپەڕانی و وێنەی گرافیتی و هێتر، هەر هەموویان بەشێک لە تایبەتمەندی و دیمەنە سەرەنجڕاکێشەکانی ئەم ئاخێزە شکۆدارە بوون. ڕێکخەرانی ئەم ناڕەزایەتییانە بە بەکارهێنانی ئەم تاکتیکە جۆراوجۆرانە و بە هونەری جوان و سەرەنجڕاکێش، سەرانی ڕژیم و هێزە سەرکوتگەرەکانیان زەبوون و ئاڵۆز و سەرلێشێواو کرد.

سازماندان و ڕێبەری
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بەپێچەوانەی بۆچوونی سەرانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بۆرژوایی کە بە بزووتنەوەیەکی خۆڕسک و خۆبەخۆیی پێناسەی دەکەن، لەئاستی مەحەلیدا خاوەنی ئاستێکی بەرچاو لە ڕێکخستن و ڕێبەری بووە. لە هەمانحاڵدا مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی مامۆستایان و درێژەی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خانەنشینان، پۆتانسیەلی سازماندان و ڕێبەریی سەرتاسەری نیشان دەدات. لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ئێمە شایەدی بەشداریی نەسلێک لە ڕێبەران و چالاکان و ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکانین کە ئەگەرچی لاون، بەڵام دوو ئاخێزی مەزنی شۆڕشگێڕانە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو، ئاخێزی جەماوەری دژبە بێ ئاوی، ناڕەزایەتیی جەماوەری دژبە هەژاری و گرانی و کاریگەریی شەپۆلی مانگرتنەکانی کرێکارانیان لەسەر کەشوهەوای کۆمەڵگا تەجروبە کردووە. ژنان و پیاوانی لاوی شۆڕشگێڕ لە گەڕەکی شارەکان لە تۆڕێکی خەباتکارانەی گرێداودان و پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ شوێنی چالاکیی خۆیان هەیە. ناوەند و ڕێکخراوە جۆراوجۆرە خوێندکارییەکان لە جەرگەی هەر ئەم ناڕەزایەتییانەدا پێکهاتوون. لە هێندێک لە مەدرەسەکان ڕێکخراوەکانی خوێندکاران پێکهاتوون. ئەوەیکە ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی و ڕەشبگیریی بەرین، درێژخایەنترین ئاخێزی شۆڕشگێڕانە بووە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو، ئەوەیکە سەرەڕای هەڵکشان و داکشانەکانی هەروا بەشێوەی جۆراوجۆر درێژەی هەیە، بەشێکی بەرهەمی ئەم ئاستە لە ڕێکخستن و بەرهەمی لێهاتوویی سیاسیی ئەم ڕێبەرانە و تاکتیکە جۆراوجۆرەکانیان بووە. بەڵام چالاکیی ئەم تۆڕە لە ڕێبەرانی مەحەلی و سازمان و ڕێکخراوەکانی ئێستا لەژێر گوشاری بەرینی سەرکوت و زەبروزەنگ، پچڕانی بەردەوامی ئینتێرنێت، فیلتێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، و بارودۆخی یەکجار فەلاکەتباری ئابووری لەگەڵ بەربەستی جیدی بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەم ڕێبەرییە بە هۆکاری خەسڵەتی زیاتر مەحەلی و ئاستەنگییەکانی بەردەمی، ستراتێژییەکی سیاسی ڕوون و بەرنامەیەکی دیاریکراوی بۆ هیدایەتی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بەگشتی نەبووە. هەڵبەت چالاکی و بڵاوکردنەوەی مەنشووری داخوازیی بیست ڕێکخراوی کرێکاری و سینفی هەنگاوێک بوو لە مەسیری شکڵدان بە ڕێبەرییەکی سیاسی و پەرەپێدانی ئاسۆیەکی دژەسەرمایەداری. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە، هێستاش ڕێبەرییەکی سەرانسەریی بە ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستییەوە نییە. ئەم بۆشایییە ئەرکێکی تایبەت دەخاتە دەستووری کاری هەڵسووڕاوانی کۆمۆنیستی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و حیزب و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران.

ڕەمزی پێشڕەوی
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیەی ئێستا سەرەڕای دەستکەوتە مەزنەکانی و سەرەڕای شەوق و هیوایەک کە لە کۆمەڵگەدا پێکی هێناوە، هێستاش هەموو هێزە کۆمەڵایەتییەکەی نەهێناوەتە مەیدانی نەبەردەوە. ئەگەرچی کۆمەڵگای ئێران دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا بەخێرایی پێی نایە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە و ناڕەزایەتی و شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی شەقام لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران بۆ ماوەی سێ مانگ درێژەی بوو، بەڵام بزووتنەوەی کرێکاری لە هەمان قۆناغی بەرلە ئاخێزی ژینادا ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی ئیدامە دا. هەوڵی کرێکاران بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ناوەندی سەنعەتیی نەوت و پێترۆشیمی، لە حەوت تەپە و لە چەند ناوەندی کرێکاریی دیکە بۆ پشتیوانی لەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بەرەوڕووی سەرکوتی بەرین و دەستبەسەرکردنی دەیان کەس لە کرێکاران بووەوە. بەرینایی سەرکوت دژبە بزووتنەوەی کرێکاری، بێکاری و هەژاری و نیگەرانی لە ئاکامەکانی مانگرتن لەسەر ژیانی کرێکاران، نەبوونی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران، نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێزی کرێکاری و سۆسیالیستی کە کرێکاران بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان ئومێدی پێ ببەستن، بەربەستەکانی بەشداریی بەهێزی بزووتنەوەی کرێکاری لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا بوو. ئەم واقعیەتە بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە هەموو پێداویستییەکانی بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانە هاوکات و هاوئاهەنگ ئامادە نابێت و هەڵکشان و داکشانەکانی خەبات لە سەردەمی شۆڕشگێڕانەدا لەم ڕاستییانەوە سەرچاوە دەگرێت.
لە جەرەیانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا ئەگەرچی زۆرینەی ملیۆنیی بەرەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و هەژارانی شار و تەنانەت توێژێک لە چینی مامناوەند دڵیان لەگەڵ ناڕەزایەتیی شەقامی ڕۆڵەکانیان لێیدەدا، بەڵام بەم ناڕەزایەتییانە پەیوەست نەبوون. ئەم دیاردەیە لە سەرەتای ئاخێزەکەوە خاڵی لاواز بەحیساب نەدەهات. چونکە هەموو شۆڕشە مەزنەکانی مێژوو کەمینەیەکی شۆڕشگێڕ و پێداگر بەرپایان کردووە. بەڵام لە درێژەدا هەر ئەم لایەنگرێتییە مونفەعیلانەیە بوو بە فاکتۆرێکی کاریگەر بۆ دامرکانی ناڕەزایەتییەکانی شەقام. لە نەبوونی ئەم جەماوەرە ملیۆنییەدا، هێزە سەرکوتگەرەکان توانییان ڕیزی ناڕازییان پەراکەندە بکەن و ناڕەزایەتییەکان بەرەو شەڕ و تێکهەڵچوونی سەرشەقام بەرن. بێگومان توانایی ڕژیم لە سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان و دەستبەسەرکردنی بەرین، لە کۆسپە سەرەکییەکانی سەر ڕێگای جەماوەری بوونەوەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بووە. بەڵام لە هەمان حاڵدا نیگەرانی لە دووپاتبوونەوەی ئەزموونی شکستی شۆڕشی ٥٧، نیگەرانی لە مەترسیی شەڕی ناوخۆیی و سووریەیی بوونی ئێران کە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و بەشێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی تەبلیغی دەکەن، هەروەها نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی ڕزگاریبەخشی بەهێز لە ساحەی سیاسیی کۆمەڵگا کە جەماوەری خەڵک بتوانێ ئومێدی پێ ببەستێ، کۆسپ و بەربەستەکانی دیکەی سەر ڕێگای جەماوەری بوونەوەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەن.

هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان
لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی جموجۆڵێکی تازەیان تێکەوت. ڕەزا پەهلەوی ڕێبەری سەڵتەنەتخوازانی توندئاژۆ، هەر لە سەرەتاوە هەوڵی دا بە تەبلیغی دروشمی پیاوسالارانە و ناسیۆنالیستی “پیاو، نیشتمان، ئاوەدانی” بەرانبەربە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” ناوەرۆکی ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوەیە بەلاڕێدا بەرێت. لە درێژەدا بە سازماندانی باندە لۆمپەن و فاڵانژیستە سەڵتەنەتخوازەکان و هێرش بۆسەر کۆبوونەوەی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان لە دەرەوەی وڵات ویستی ئاڵای شێر و خورشید، ئەم هێمایەی کۆنەپەرستیی سەڵتەنەتی پەهلەوی بەسەر ڕێپێوانەکانی دەرەوەی وڵاتدا بسەپێنێت. ئەو دواتر بە سازماندانی کەمپەینی “من وەکالەت دەدەم” و لە ڕاستیدا کەمپەینی “خۆ سەغیر دانان” و بەیعەت گرتن لەژێرناوی وەکالەتی سیاسی، هەوڵیدا پڕۆژەی سەپاندنی ئۆتۆریتەی تاکەکەسیی خۆی بەڕێوەبەرێت. ڕەزا پەهلەوی و سێلێبریتییەکانی لایەنگری لە درێژەدا بە هاوپەیمانی لەگەڵ ڕێکخراوی زەحمەتکێشانی کوردستان لەژێرناوی مەهسادا، مەنشوور و نەخشەڕێگای سیاسیی خۆیان بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی مەهسا ڕاگەیاند. لە حاڵێکدا کە هێزی بزوێنەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی مەهسا لە شەقام، زانکۆ و مەدرەسە و پەراوێزی شارەکان بوون ئەم هاوپەیمانییە دژەشۆڕشە بۆ ڕاکێشانی حمایەتی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان هەوڵی دەدا و بەکردەوە، بوو بە ئامرازی گوشاری کۆنتڕۆڵکراوی ئەم دەسەڵاتانە بەسەر کۆماری ئیسلامی لەپێناو سات و سەوداکانی پشتی پەردەیان. ئەم پڕۆژەیە لەئاکامی ڕۆشنگەریی هێزی چەپ و کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕی ئێران ڕیسواکرا و لەگەڵ بڵاوکرانەوەی مەنشووری داخوازیی بیست ڕێکخراوی کرێکاری و سینفی لە ناوخۆی ئێران، شکستی هێنا. لە لایەکی دیکەوە پێنج حیزب و ڕێکخراو و ناوەندی کۆماریخواز، هاوپەیمانیی کۆماریخوازانیان پێکهێنا. ئەم هاوپەیمانییەی ئۆپۆزیسیۆنی هێزە بوژواییەکان، پێداگری لەسەر تێپەڕینی بەدوور لە توندوتیژی لە کۆماری ئیسلامییەوە بەرەو کۆماری سێکۆلار و دیموکراتیکی خستووەتە میحوەری ستراتێژی سیاسیی خۆی. هەروەها “شۆرای مودیریەتی گوزار” و “شۆرای میللیی تەسمیم” بە ئاسۆی یەکگرتن و تەئکید لەسەر پاراستنی دەسەڵاتی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکی ئێران و قەبووڵکردنی دیموکراسیی پەرلەمانی هاوکارییەکانی خۆیان پەرەپێدا. تەئکید لەسەر تێپەڕینی بەدوور لە توندوتیژی لەلایەن ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن ناوی ڕەمزی دژایەتی لەگەڵ شۆڕشە. ئەمانە لە شۆڕش زیاتر لە کۆماری ئیسلامی دەترسێن. دوو بنەمای سەرەکیی نەقشەی ستراتێژیکی هەموو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوایی پاراستنی ئەرتەش و سپای پاسداران و دەزگای پان و بەرینی بوروکراسیی دەوڵەتی و هەوڵ بۆ نەجاتدانی موناسباتی سەرمایەدارییە. خاڵی لاوازی ئەم هاوپەیمانییانە و بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوایی ئێران بەرنامەی ئابووریی ئەوانە. ئەمانە لە حاڵێکدا دەیانهەوێ ئابووریی سەرمایەدارانەی ئێران بپارێزن کە حکوومەتی ئیسلامی زیاتر لە چوار دەیەیە لەڕێگەی هەر ئەم موناسباتە چینایەتییەوە نان و کار و ئازادی و ژیانی ئینسانەکانی زەوتکردووە.
لەناو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا کاریگەریی سیاسی و مەعنەویی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیی ئێران بەتایبەت هێزەکانی ڕێکخراو لەناو شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەسەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا حاشاهەڵنەگرە. ئەم کاریگەرییە کاتێک بەرچاوتر خۆی نیشان دەدات کە بەرینایی چالاکیی چەندین غوولی میدیای ئیمپریالیستیی وەک بی بی سی، ئێران ئینترنەشناڵ، دەنگی ئەمریکا، مەنۆتۆ و … و بۆمبارانی تەبلیغاتیی ئەوان بۆ ڕێبەرتاشین و بەلاڕێدابردنی ئەم بزووتنەوەیە لەبەرچاوبگرین. هێزەکانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی بە ئیمکاناتی میدیایی سنوورداریانەوە لە بەرابەر ئەم بۆمبارانە تەبلیغاتییەدا ڕاوەستان و بۆ مەرزبەندی لەگەڵ هێزەکانی چەپی پۆپۆلیست وێڕای لەقاودانی ناوەرۆکی ڕاستەقینەی ئەم تەبلیغاتە و پڕۆژە سیاسییەکانی ڕاستی بورژوازی هەوڵیان دا ئاسۆی شۆڕشگێڕانە و سۆسیالیستی بخەنە بەردەم ئەم بزووتنەوەیە. بەم حاڵەشەوە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی هێستا لە دەورونەخش نواندنی لە بواری ڕێکخستن و ڕێبەری و سەروساماندان بە پایە کۆمەڵایەتییەکانی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی دوورە. بارودۆخی پڕ لە ئاوگۆڕی ئێستا لە شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان دەخوازێت کە لە پێگەی ڕێبەریی سیاسیدا دەرکەون و بۆ یەکگرتووکردنی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لەناوەوە و دەرەوەی ئێران نەقشەمەندتر هەنگاو هەڵگرن.

هاوسەنگیی هێز
دوای تێپەڕینی یەک ساڵ لە دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، هەر ئەم هەڵسەنگاندنە بابەتییە لە پێگەی ئەم بزووتنەوەیە، هەروەک قابیلی پێشبینی بوو، نیشانی دەدا کە ئەم بزووتنەوەیە نەیتوانیوە بە ئامانجە ڕوونەکانی کە ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کۆتایی هێنان بە جۆرەکانی ستەم بوو، بگات. ئەم بزووتنەوەیە هەموو هێزی خۆی نەهێناوەتە مەیدان و پێداویستییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی فەراهەم نەکردووە. بەڵام ئەگەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە نەیتوانیوە ڕژیمی ئیسلامی بڕووخێنێ، ڕژیمییش نەیتوانیوە شکست بە جەماوەری ڕاپەڕیو بێنێ و چاوترسێنیان بکات. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا سەرەڕای دوورکەوتنەوەی لە ناڕەزایەتی و شەڕ و تێکهەڵچوونی ڕۆژانەی سێ مانگی ئەوەڵ لە سەر شەقامەکان، بەشێوەی جۆراوجۆر و بۆ نموونە بەشێوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خانەنشینان، بزووتنەوەی موقاومەتی ژنان بەرانبەر بە حیجابی ئیسلامی، درێژەی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە سیستان و بەلوچستان، مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری، ناڕەزایەتیی شکۆداری خوێندکاران، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی جۆراوجۆری دیکە درێژەی هەیە. ئەگەر ڕژیم توانیی ناڕەزایەتییەکانی شەقام بەزەبری سەرکوتی خوێناوی دامرکێنێ، جەماوەری ڕاپەڕیویش بە خەبات و خۆڕاگری و بوێرییەک کە لەسەر شەقامەکان لەخۆیان نیشانیان دا، بە درێژەی خەبات، بە ناڕەزایەتیی بەردەوام بەتایبەت ژنان بە موقاومەتی بوێرانەیان بەرامبەر بە هێرشی ڕژیم بۆ داسەپاندنی حیجابی ئیسلامی، ناکۆکیی باڵەکانی دەسەڵاتیان پەرەپێدا و یەکڕیزیی هێزە سەرکوتگەرەکانیان تێکدا. کۆبوونەوەی نهێنیی فەرماندەکانی سپای پاسداران و بەسیج لەگەڵ خامنەیی و دانپێدانانیان بە هەڵگەڕانەوە و نافەرمانیی هێزەکانی ڕژیم سەلمێنەری ئەم حەقیقەتە سادەیەیە. ئەم کۆبوونەوانە و ئەو ڕێکارانە گرتوویانەتە بەر نیشانی دەدات کە سەرانی حکوومەتی ئیسلامیش لەو ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە دەرسیان وەرگرتووە. بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن هاوکات لە چەند بەرەدا شەڕ بکەن. گوشاری ئەم بزووتنەوەیە بە پۆتانسیەلی شۆڕشگێڕانە و بەهێزی، چارەنووسی نیزامی ئیسلامیی بەجۆرێک بەرەوڕووی مەترسیی کردووەتەوە کە کادری ڕێبەریی سپا و خامنەیی بۆ نەجاتدانی نیزام هەموو هێزی خۆیان لە بەرەی شەڕ دژبە ناڕازییان چڕ کردووەتەوە. سیاسەتی لابردنی گرژییەکان و سازانی مەسڵەحەتخوازانە لەگەڵ دەسەڵاتە ڕەقیبەکانی ناوچەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەر لەم ئاخێزە جەماوەرییە لە هەموو ناوەندە قەیراناوییەکانی ناوچەکەدا لەگەڵیان دەرگیری شەڕ بوون، سات و سەودای ئاشکرا و نهێنی لەگەڵ ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا، گۆڕینەوەی زیندانیان و ئازادکردنی پارەی بلۆکەکراو، هەوڵ بۆ پەیوەستبوون بە پەیمانی شانگهای و گرووپی بریکس، هەموو ئەمانە لەڕاستای بەهێزکردنی پێگەی ڕژیم لە نەبەرد بەرانبەربە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا قابیلی تەوزیحە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک دژەشۆڕشێک کە لە جەرگەی خەڵتانی خوێنکردنی شۆڕشێکی جەماوەریدا بەدەسەڵات گەیشتووە، هەرگیز لەگەڵ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا ناسازێ. هەروەک چۆن ئەمڕۆ سازان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ناوچەکە و جیهانی لەگەڵ پەرەپێدانی سەرکوت لەناوخۆی ئێران ئاوێتە کردووە، سبەینێش هەر جۆرە کرانەوەیەکی بچووک لە ژیانی ئابووریی خەڵک، تەنانەت هاتنە خواری چەند لەسەدیی ڕێژەی تەوەرۆم، بە توندکردنەوە و پەرەپێدانی سەرکوت ئاوێتە دەکات. بێگومان ئەم پشت بەستنە داماوانەیەی ڕژیم بە تاکیتیکی سەرکوت، پێگەی خۆی لاوازتر کردووە. پاراستنی پۆتانسیەل و توانای ئەم بزووتنەوەیەش لەو واقعیەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە پەرەپێدانی سەرکوت توانیویەتی تا ئاستێک ناڕەزایەتییەکانی شەقام دامرکێنێت و درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات. ئەم بارودۆخە لە حاڵێکدایە کە ترسی جەماوەر ڕژاوە و دەزگای ئایدیۆلۆژیی ڕژیم توانای مەشرووعیەتدان بەم ئەوزاعەی لە دەست داوە و هەربۆیە ئەگەری هەڵچوونی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک بەردەوام لەئارادایە.

دەبێ چی بکرێت؟
زەمانەتکردنی پێشڕەوی و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە لە گرەوی پەرەپێدان بە ستراتێژی و ئاسۆی سیاسیی ڕوون و شۆڕشگێڕانە، ڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێبەریدایە. کەوابوو نابێ بەڵێنی سەرکەوتنی سەهل و ئاسان بە جەماوەر بدرێ، بەڵکوو پێویستە بەکردەوە بەرەو وڵامدانەوە بە پێداویستییە واقعییەکانی ئەم بزووتنەوەیە و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی هەنگاو هەڵبگیرێت و کۆمەڵانی خەڵک لە دژوارییەکانی ئەم ڕێگا پڕ لە کۆسپ و بەربەستە ئاگادار بکرێنەوە. ئەم بزووتنەوەیە تەنها بزووتنەوەیەکی سەلبی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە. جەماوەری ڕاپەڕیو دژبە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، دژبەو نابەرابەری و بێبەشی و هەڵاواردنانە هاتوونەتە مەیدانی ناڕەزایەتی و خەباتەوە کە سەرچاوەکەیان نیزامی سەرمایەداریی ئێرانە. بەم ئیعتبارە ئەم بزووتنەوەیە نەتەنها ئامانجی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە، بەڵکوو خەسڵەتی دژە سەرمایەداریشی هەیە. خەڵک بەدروست بۆ وەدیهێنان و بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەر و خۆشبژێو چاویان لە ئیمکاناتی بەرینی ئێران بڕیوە. کەوابوو پێویستە ئاسۆی سۆسیالیستی، ئاسۆی دەسەڵاتی شۆرایی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بخرێتە بەردەم ئەم بزووتنەوەیە. پێویستە هەوڵ بدرێت دروشمەکانی وەک “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”، “ئازادی، بەرابەری، ئیدارەی شۆرایی” کە لەلایەن خودی جەماوەری خەڵکەوە لەم بزووتنەوەیەدا گەڵاڵە کراون، بە هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی جەماوەریتر ببنەوە. پێویستە بۆچوونمان دەربارەی ئەم دروشمانە ببەینە ناو جەماوەرەوە. پێویستە لێبڕوانە و بەردەوام هەڵوێست و ستراتێژی سیاسیی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی ئێران بۆ تێکشکاندنی ئەم بزووتنەوەیە بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە. پێویستە بەڕوونی نیشانی بدەین کە بەرنامەی ئابوورییان، کە هەمان سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد و نیۆلیبرالیسمە بە مودیریەتی غەیری ئیسلامییەوە، لەگەڵ پلاتفۆرمی داخوازییەکانیان و ئەو وادە و بەڵێنانەی کە بە خەڵکی دەدەن چەندە ناتەبایە. ئەوان کە بەدیلیان سەمایەدارییە بە مودیریەتی غەیری ئیسلامییەوە ناتوانن وادەی ڕەفاه بە خەڵک بدەن. سەرمایەداری بە مودیریەت و بەڕێوەبەریی غەیری ئیسلامیشەوە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە.
هاتنە مەیدانی چینی کرێکار بە مانگرتنی یەکپارچە وسەرانسەری، فاکتۆری سەرەکییە لە پێشڕەوی و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەدا. چینی کرێکار ئەگەرچی کۆسپ و بەربەستەکانی سەر ڕێگای زۆرن، بەڵام دەتوانێ بە پێشت بەستن بە دەستکەوتی خەباتکارانەی هەتا ئێستای، بە پشت بەستن بە ڕێبەرانی لێهاتووی، بە ئەزموونی پێکهێنانی کۆمیتەکانی مانگرتن و کۆمیتەکانی کارخانە کە بناغەی شۆرا کرێکارییەکانن، بەسەر ئەم بەربەستانەدا زاڵ بێت. بە زاڵبوون بەسەر ئەم مەوانعە و بە تەحەزوبی کۆمۆنیستی دەتوانین یارمەتیدەری دابینکردنی هێژمۆنی چینی کرێکار بەسەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا بین. دەرسێکی گرینگی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بۆ چینی کرێکار ئەوە بووە کە تەنها لاوازبوون و سنوورداربوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەس نییە، ئەم دەسەڵاتە دەبێ بڕووخێت و بۆ ڕووخاندنی ئەم دەوڵەتە بورژوازییە پێویستە پێشڕەوان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری لە حیزبی کۆمۆنیستیی خۆیاندا سازمان بدرێن. چینی کرێکار بەبێ حیزبی سیاسی کۆمۆنیستی ناتوانێ لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی دیفاع بکات و لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە و کێشمەکێشە چینایەتییەکان پێویستە بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت بزووتنەوەی ژنان لەگەڵ خۆی بخات و بەرەو ڕێکخستنی شۆڕشی کرێکاری و گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەنگاو هەڵگرێت.
بەشداریی بەرین و پێشەنگی ژنان یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بووە و بۆ جارێکی دیکە کاریگەری و ڕۆڵی ژنانی لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر لە ڕابردوو نیشان دا. بزووتنەوەی ژنان بە پێشینە و پێگەیەک کە هەیەتی تەنها بە گرتنەبەری ستراتێژی سیاسیی سۆسیالیستی دەتوانێ هەر ئاستێک کە پاشەکشەی ڕژیمی ئیسلامی و کرانەوە لە کەشوهەوای سیاسی کۆمەڵگا بخاتە خزمەت پێشڕەویی خۆی لەپێناو وەدیهێنانی خواستە بنەڕەتییەکانی. یه‌كێك له‌ پایه‌كانی ستراتێژی سۆسیالیستیی بزووتنه‌وه‌ی ژنان كه‌ له‌ ڕاستیدا پێش مه‌رجی پێشڕه‌ویی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌شه‌، جه‌ماوه‌ری بوون و كۆمه‌ڵایه‌تی بوونیه‌تی. بۆ ئه‌وه‌یكه‌ بزووتنه‌وه‌ی ژنان ببێته‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی، پێویسته‌ جه‌ماوه‌ری ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌ پانتایی ملیۆنیدا بێنه‌ مه‌یدانی خه‌باته‌وه‌. هه‌ڵسووڕاوانی سۆسیالیست له‌ ئێران پێویسته‌ كار و چالاكی له‌ناو جه‌ماوه‌ری ملیۆنیی ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش بكه‌نه‌ میحوه‌ری چالاكییه‌كانی خۆیان. پێویستە لە شوێنی کار و ژیانی کۆمەڵی بەرینی ژناندا نیشان بدرێ کە بەبێ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نیزامی چینایەتی سەرمایەداری و بە بێ کردنە ئامانجی سۆسیالیسم ناکرێ خەباتێکی کاریگەر دژبە پیاوسالاری و یاسا دژەژنەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەبچێت.
پێداویستییەکی دیکەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی جەماوەری بوونەوەی ئەم بزووتنەوەیە. پێویستە بەربەستە زەینییەکانی سەر ڕێگای پەیوەست بوونی جەماوەر بەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە لابەرین. بێگومان ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە لەلایەن جەماوەری ملیۆنیی خەڵکەوە پشتیوانی لێ دەکرێت. خۆڕاگریی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بەرانبەربە هێزە سەرکوتگەرەکان، بوێریی ژنانی بێ حیجاب لە بەرابەر هێرشی بەرینی ڕژیم، گوڕوتینی خەباتکارانەی بەندکراوانی سیاسی لە ئەشکەنجەخانەکان لەبواری دەروونناسیی کۆمەڵایەتییەوە دەرخەری ئەوەیە کە ئەم خۆڕاگری و شەوقە خەباتکارانەیە لەئاستی ملیۆنیدا خاوەنی هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتییە. هەربۆیە پێویستە ڕێگای بەشداربوونی ئەم جەماوەرە ملیۆنییە لە ناڕەزایەتییەکانی شەقامدا هەموار بکرێ. ئەگەر سەرکوتی بەردەوام و خوێناوی ئەوانی لە بەشداریی چالاکانە لە مەیدانی سیاسیدا پارێزکار کردووە، پێویستە نیشان بدرێت کە تەنها بە هاتنە مەیدانی کۆمەڵانی خەڵک لەئاستی ملیۆنیدا دەکرێ ماشێنی سەرکوتی ڕژیم زەمینگیر بکرێت. ئەگەر جەماوەری خەڵک لەئاست شەڕی ناوخۆیی و سووریەیی بوونی ئێران نیگەرانن، پێویستە وەبیریان بێنینەوە کە لە سووریە و لیبی تەنها کاتێک چالاکیی چەکدارانەی پێشوەخت بەپێی نەخشەی دەسەڵاتداران، جەماوەری خستە پەراوێزی خەباتەوە، ئەم وڵاتانە کەوتنە داوی شەڕی ناوخۆیی و نیابەتییەوە. کەوابوو تەنها بەشداریی خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسییە کە دەتوانێ ئەم بابەتە زەمانەت بکات کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا چارەنووسی ئاخێزە جەماوەرییەکانی سووریە و لیبی بەسەر نەیە.
پێداویستییەکی تری پێشڕەویی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بەهێزکردنی بواری سازماندانە. گومان لەوەدا نییە کە لەم بزووتنەوەیەدا ئاستێک لە ڕێکخستن و سازماندان بوونی هەیە. تۆڕی لاوانی شۆڕشگێڕ لە گەڕەکی شارە جۆراوجۆرەکان، ناوەند و ڕێکخراوەی خوێندکاری کە لەم دەورەیەدا پەرەیان سەندووە، ڕێکخراوەکانی مامۆستایان و خانەنشینان کە چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتییان سازمانداوە، تۆڕەکانی مەحافلی کرێکاری و کۆمیتەکانی مانگرتن لەناو بزووتنەوەی کرێکاری، هەر هەموویان نیشانەی بوونی دەرەجەیەک لە سازماندان و کاری ڕێکخراوە. ئاشکرایە کە ئەم ئاستە لە سازماندان لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم بزووتنەوە مەزنە یەک ناگرێتەوە. بەڵام پێویستە هەوڵ بدرێ کە لە جەرگەی ئەم بزووتنەوەیەدا بواری سازماندان و ڕێکخستن بەهێز بکرێت.
پێشمەرجێکی دیکەی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا پێکهێنانی ڕێبەریی سەرانسەرییە. دیاردەی ڕێبەری لە بابەتی سازماندان جیا نییە. ئەم بزووتنەوەیە بەپێی ئاستی سازماندان و ڕێکخستن، خاوەنی ڕێبەری بووە. ئاخێز و ناڕەزایەتییە جەماوەری و مانگرتنە کرێکارییەکان لە ساڵانی ڕابروودا ڕێبەرانی خۆی پەروەردە کردووە. ئاشکرایە کە ڕێبەریی ئێستای بزووتنەوەکە زیاتر خەسڵەتی مەحەلیی هەیە و وڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی بزووتنەوەیەکی سەرانسەریی نییە. بەڵام پێکەوە پەیوەنددانی ئەم ڕێبەرە مەحەلییانە دەتوانێ هەنگاوێک بێت لەپێناو پێکهێنانی ڕێبەریی سەرانسەریدا. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێویستە بتوانێ یارمەتیدەری ئەم ڕەوتانە بێت. لە مەسیری هەوڵ بۆ وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە دەکرێ لەگەڵ ئەم ڕێبەرانەش پەیوەندی بگیرێت. ئەحزاب و سازمانەکانی ئێستای ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران پێویستە لەگەڵ تۆڕی ڕێبەرانی مەحەلی تێکەڵ بن. پێکهاتنی ئاڵتێرناتیڤێکی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بە پایەکی کۆمەڵایەتیی بەهێزەوە، لەم مەسیرەوە تێدەپەڕێت.
بەرپاکردن و بەشداریی چالاکانە لە ئاکسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانی لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و حزوور لە میدیاکان بۆ ناساندنی ئامانجەکانی، لە ئەولەوییەتەکانی کار و چالاکیی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە لەم قۆناغەدا. زۆرێک لە پەنابەران و کۆچبەرانێک کە خۆیان لە ناڕەزایەتی دژبە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پەنایان بردووەتە دەرەوەی وڵات ئەمڕۆ لە ڕیزی ناڕەزایەتیی گشتی دژبە ڕژیم و بە نیشانەی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە ئێران دێنە سەر شەقام. ئێمە لە هاوکاری لەگەڵ باقیی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان پێویستە بەشێوەی بەرین هەوڵ بدەین کە هەموو ئەو ئینسانە ئازادیخوازانەی کە لە ناڕەزایەتی دژبە دیکتاتۆری و زەبروزەنگ لە ئێران و بۆ ڕزگاریی کرێکاران، ژنان، لاوان، نەتەوە ژێر ستەمەکان و هەموو خەڵکی ستەملێکراو و وەگیانهاتووی ئێران دێنە مەیدان، لە ڕێزێکی بەهێزدا بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی بکەینەوە. بۆ کۆکردنەوەی ئەم هێزە بەرینە پێویستە شێوەکارێکی نوێ و فەراسازمانی کە لەگەڵ ئەم بارودۆخە تازەیە گونجاوبێت بگرینە بەر. لەم بوارەدا پێویستە لەسەر پێکهێنانی شۆراکانی هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێران یان هەر ناوەندێکی خەباتکارانەی دیکە کە بتوانێ هەموو ئەم پۆتانسیەلە ناڕەزایەتییە دژبە کۆماری ئیسلامی چالاک بکات، تەئکید بکەین.

بەرز و بەڕێز بێت یادی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

پلێنۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
خەرمانانی ١٤٠٢
سێپتامبری ٢٠٢٣