زۆرێک لە بنەماڵە کرێکارییەکان و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا لە سەروبەندی ساڵی نوێی خوێندندا بەهۆی هەژاری و دەستکورتی و چوونەسەری لەڕادەبەدەری خەرجی خوێندن مەجبوورن منداڵەکانیان نەنێرنە مەدرەسە. ڕاپرسییەکان نیشانی دەدەن کە بەداخەوە ڕێژەی دەستهەڵگرتنی بەناچاری منداڵان لە خوێندن ئەمساڵ زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو دەبێت. هۆکارێکی سەرەکیی بێبەریکرانی ڕوولەزیادبوونی منداڵان لە خوێندن، پەرەستاندنی بێکاری، هەژاری و تەنگدەستی و نەبوونی توانای ماڵی بنەماڵەکانیانە. تا جێگەیەک کە نەتەنها ناردنی جگەرگۆشەکانیان بۆ مەدرەسە بەڵکوو تەنانەت دابینکردنی خۆراک و ئیمکاناتی ژیانیش بۆیان بووەتە کێشەیەکی گەورە. هەڵبەت سیاسەتی دژەزانستی حکوومەتی ئیفلاسی ئیسلامی لە بایەخنەدانی بە بابەتی پەروەردە و تەرخان نەکردنی بوودجەی پێویست بۆ ئەم بوارە خۆی هۆکارێکی تری بێبەریبوونی منداڵانی بنەماڵەی کرێکاران و زەحمەتکێشانە کە سەرەنجام بە لەشکری ملیۆنیی منداڵانی کار و شەقام پەیوەست دەبن. لە دەسەڵاتی گەندەڵی ئیسلامیی سەرمایەدا، کە فێرکاری و پەروەردەش بووەتە کاڵا، ئاغازادەکان و منداڵی سەران و بەرپرسانی ڕژیم و سپای پاسداران و ڕووحانیون و سەرمایەداران و مفتەخۆرانی حکوومەتی و دەست و پەیوەندەکانیان لە ناوەوە و دەروەی وڵات لە باشترین ئیمکاناتی خوێندن بەهرەمەندن.
هەفتەی ڕابردوو ڕۆژنامەی شەرق لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە خەرجی کۆڵەپشتی و کەرەستەی نووسین بۆ قۆناغێکی خوێندنی خوێندکارێک لە چەند سەد هەزار تمەنەوە تا ١٢ ملیۆن تمەن هەڵدەگرێت. ئاشکرایە کە چوونەسەری هەزینەی خوێندن تەنها بە کەرەستەی نووسین مەحدوود نابێتەوە. ڕۆژی پێنجشەممە١٦ی مانگی خەرمانان یەک ڕۆژ بەرلە ڕۆژی جیهانیی “خوێندەواری” یان “خەبات بەرانبەر نەخوێندەواری”، ئەندامێکی یەکیەتیی “بەرهەمهێنان و هەناردەی نەساجی و پۆشاک” باسی لە چوونەسەری ٥٠ لەسەدیی قیمەتی جلوبەرگی خوێندکاران لەچاو ساڵی ڕابردوو کرد و وتی: ”لەئێستادا نرخی سادەترین تەرحی لیباسی مەدرەسە، ڕووپۆش و شەڵواری دەورەی دەبیرستان بۆ کوڕان لە ٥٥٠ هەزار تمەنەوە و بۆ کچان لە ٦٠٠ هەزار تمەنەوە دەستپێدەکات”. بێگومان بنەماڵەیەکی کرێکار و زەحمەتکێش کە چەند منداڵی هەبێت، ناتوانێ ئەم هەزینەیە دابین بکات. هەڵبەت پێویستە بەم ئەرقامە، چوونەسەری ٣٠٠ لەسەدیی شەهریەی مەدرەسەکان و چوونەسەری ٤٥ لەسەدیی هەزینەی هاتوچۆ لەچاو ساڵی ڕابردوو زیاد بکرێت. لەم پێوەندەشدا ئەندامێکی شۆرای شاری تاران ڕایگەیاند: هەزینەی سرویسی هاتوچۆ بۆ خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی لانیکەم ٥ ملیۆن و ٤٠٠ و لانزۆر ٢١ ملیۆن تمەن و بۆ خوێندکارانی قۆناغی مامناوەند بەلانیکەم شەش ملیۆن و سەد هەزار تمەن و بەلانیزۆر ٢٣ ملیۆن تمەن لەبەرچاوگیراوە. پرسیارە ئەوەیە کە ئایا خانەوادەیەکی کرێکاری تەنانەت شاغڵ، بە دوو منداڵ و بە حەقدەستی مانگانە شەش ملیۆن تمەنەوە، بەڕاستی دەتوانێ هەزینەی قورسی خوێندنی منداڵەکانی دابین بکات؟ بێگومان وڵام نەخێرە. لە وەها بارودۆخێکدا منداڵانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش چارەیەکی دیکەیان بێجگەلە دەستهەڵگرتن لە خوێندن و پەیوەستبوون بە لەشکری ملیۆنیی منداڵانی کار و شەقام نییە. ئەمە بارودۆخێکە کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایە بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگایدا سەپاندووە. بەم حاڵەشەوە سەرانی ڕژیم لەوپەڕی بێشەرمیدا ئیدیعا دەکەن کە لە ئێران خوێندن لە مەدرەسە دەوڵەتییەکان بەخۆڕاییە.
لەم دوایانەدا تەنانەت ناوەندی بەناو لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئامارێکی دڵتەزێنی سەبارەت بە نەخوێندەواری بڵاوکردووەتەوە و دانی بەوەداناوە کە “تەنها لە ساڵی خوێندنی ڕابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار منداڵ لە خوندن بەجێماون. ڕۆژنامەی ڕەسالەت لە ڕاپۆرتێکیدا دەنووسێت کە ئاستی بەرینی وازهێنان لە خوێندن سەلمێنەری ئەو واقعیەتەیە کە نیزامی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی لە بەرهەمهێنانەوەی نابەرابەرییەکانی کۆمەڵگادا دەورونەخشی هەیە. بەڵام ئەمە نەک نیزامی پەروەردەی ڕژیم بەڵکوو گشت دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەیە کە لەپێوەند لەگەڵ پەرەپێدانی نایەکسانی و بۆشایی چینایەتی بەرپرس و تاوانبارە. لە وەها هەلومەرجێکدا “ئیرنا” هەواڵنێریی ڕسوای دەوڵەت، هەوڵ دەدات بنەماڵەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش وەک هۆکاری بەجێمانی ڕۆڵەکانیان لە خوێندن پێناسە بکات و دەنووسێت: ”زۆرێک لە بنەماڵەی منداڵانی کار و شەقام هیوایەکیان بەوە نییە کە منداڵەکانیان لە خوێندندا سەرکەون و پێیان باشترە کە منداڵەکانیان هەر منداڵییەوە وەشوێن کار کەون تەنانەت ئەگەر داهاتیشی کەم بێت. تا کاتێک ڕوانگەی بنەماڵەکان نیسبەت بە مەسەلەی پەروەردە و فێرکاری نەگۆڕێت، شایەدی خوێندنی بێ کەیفیەت و دەستهەڵگرتنی بەرین لە خوێندن دەبین”. پێویستە لە دەسەڵاتی گەندەڵ و فریوکاری ئیسلامی ئەو پرسیارە بکرێ کە کام خانەوادە “پێی باشترە” منداڵەکانی لە جیات خوێندن لە مەدرەسە و زانکۆ ببنە منداڵی کار و شەقام.
خومەینی و خامنەیی وەک ڕێبەرانی حکوومەتی ئیسلامی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیانەوە لەسەر زەروورەتی بایەخدان بە ناوەندەکانی جەهل و خورافە لەجیات مەدرەسە و زانکۆ، لەسەر تەرخانکردنی ئیمکاناتی ماڵیی بێ حیساب و کیتاب بۆ ئەم ناوەندانە بەردەوام تەئکیدیان کردووە. لەگەڵ فێربوون و زانست بەئاشکرا دوژمنایەتییان کردووە. هەر لە سەرەتاوە تا بەئەمڕۆ بە دەرکردنی موعەلیمان و مامۆستایانی خەباتکار و شارەزا و بە دەرکردن و بێبەریکردنی خوێندکارانی تێکۆشەر لە مەدرەسە و زانکۆکان و بێناوەرۆک کردنی کتێبە دەرسییەکان هەوڵیان داوە بنەماکانی زانستی ڕاستەقینە لاواز بکەن و جەهل و خورافەی مەزهەبی پەرەپێبدەن. بوودجەی بواری پەروەردەی گشت ئێران لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا هیچکات نەگەیشتووەتە ١٠ لەسەدی گشت بوودجەی دەوڵەت. دەرکردنی مامۆستایانی خەباتکار لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا و دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەری و دانانی لۆمپەنی “مەداح”ی حکوومەتی و مەسئوولانی ئەمنیەتیی پاسدار لەجیاتیان، سەلمێنەری ئاشکرای ئەم ڕوانگە دژەزانستەی دەسەڵاتی ئیسلامییە. بەپێی ڕاپۆرتی “ئێکۆ” ناوەندی ڕاگەیاندنی ئامار و زانیاری، ڕێژەی مامناوەندی نەخوێندەواری لە ئێران گەیشتووەتە ١٢ لەسەد. هەڵبەت ئەم ڕێژەیە لە هێندێک لە پارێزگاکان بۆ ١٨ لەسەدیش بەرز بووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان نزیک بە دە ملینۆن کەس لە دانیشتووانی ئێران نەخوێندەوار ماونەتەوە. ئەم ژمارەیە لە سەرژمێریی ساڵی ١٣٩٥دا نزیکەی ٨ ملیۆن و هەشتسەد هەزار کەس بووە. ئەوەش بەو مانایەیە کە ڕێژەی نەخوێندەواری لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا پتر لە یەک ملیۆن کەس زیادی کردووە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە