ڕۆژی سێشەممە شانزدەهەمی نوامبر ڕێکخراوی “ئۆکسفام” یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی بواری یارمەتی گەیاندن، کە لە پانزدە ڕێکخراو لە نەوەد و هەشت وڵاتی جیهان پێکهاتووە، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە گەورەترین براوەکانی پەتای کۆرۆنا بڵاوکردەوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە کۆنسێرنی بەرهەمهێنانی دەرمانی “بیۆنتێک – فایزێر” و “مۆدێرنا” لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ڤاکسێنی کۆرۆناوە، لە هەر چرکەیەکدا بڕی هەزار دۆلار واتە نزیکەی سەد ملیۆن دۆلار لە ڕۆژدا قازانجیان کردووە. ئەم ڕاپۆرتە بە پێی لێکۆڵینەوەکانی ناوەندی ئۆکسفام سەبارەت بەم سێ کۆنسێرنە لە سێ مانگی سێهەمی ئەمساڵی زایینیدا ئامادە کراوە. هاوکات مەعلووم بووە کە هیچکام لەم سێ کۆنسێرنە تەنانەت یەک ڤاکسێنیان بۆ یەکیەتیی وڵاتانی ئەفریقایی کە لەگەڵیان گرێبەستی کڕینی ڤاکسێنیان هەبووە، نەناردووە. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە بە پێی ئەم گرێبەستە، کۆنسێرنی “بیۆنتێک – فایزێر” دەبوایە ٥٠ ملیۆن و کۆنسێرنی “مۆدێرنا” ١٥ ملیۆن ڤاکسێنی بۆ ئەم یەکیەتییە ناردبوایە. “یەکیەتیی ڤاکسێن بۆ هەمووان” کە ناوەندی ئۆکسفام و ٧٩ ڕێکخراوی دیکە ئەندامی ئەم یەکیەتییەن، خوازیاری ئەوەیە کە پوانی بەرهەمهێنانی ڤاکسێن، تێست و دەرمانی ئەم پەتایە لابردرێت. ئەم یەکیەتییە ڕایگەیاندووە کە ئەگەرچی ڕێژەی ڤاکسێنکراوان لە وڵاتانێک کە ڤاکسێنیان وەرگرتووە لەسەرێیە و تەنانەت گەیشتووەتە قۆناغی دووهەم و سێهەمی ڤاکسیناسیۆن، بەڵام لە قارەی ئەفریقا لەسەدا نەوەدوچواری دانیشتوووان ڤاکسێن نەکراون. ئەم سێ کۆنسێرنە لە هێزی ئابووریی خۆیان کەڵک وەردەگرن و گرێبەست بە قازانجی زیاترەوە لەگەڵ وڵاتانی دەوڵەمەندی جیهان دەبەستن و قارەیەکیان بەتەواوی لە دەستووری کار خستووەتە دەرێ. لەو جێگەوە کە ئەم کۆنسێرنانە پتر لە ٨٠ ملیاردیان لە بوودجەی گشتییەوە پێگەیشتووە، زۆر ئاساییە کە قیمەتەکانیان بێننە خوارێ و یان لە پاوانخوازی دەستهەڵگرن. “یەکیەتیی ڤاکسێن بۆ هەمووان” بە پێی بیلانی ماڵیی ئێستای ئەم سێ کۆنسێرنە، ڕایگەیاندووە کە قازانجی ئەمساڵیان دەگاتە ٣٤ ملیارد دۆلار. ئەم قازانجە یەکجار کەمتر دەبوو ئەگەر کۆنسێرنی “بیۆنتێک – فایزێر” تەنیا چوار دەهومی لەسەد و کۆنسێرنی “مۆدێرنا” دوو دەهومی لەسەدی ڤاکسێنەکانی بۆ وڵاتانی هەژار ناردبوایە.
ئۆکسفام و دەزگا یارمەتیدەرەکانی دیکە داوای پابەندبوونی ماڵیی زیاتریان لە کەسانی دەوڵەمەند کردووە لە بەرنگاربوونەوە لەگەڵ پەتای کۆرۆنا. ئەوان بە شێوەی تایبەت، پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە لە سەردەمی کۆرۆنادا بۆ یەکجار لە ملیاردێرەکان ماڵیاتی ٩٩ لەسەدی وەربگیرێت. ئەم کارە نزیکەی پێنج و چوار تریلیۆن دۆلار دەخاتە خەرێنەی گشتییەوە لە سەرتاسەری جیهان. بە وتەی ئۆکسفام ئەم بڕە پارەیە “دەتونێ ڤاکسیناسیۆنی کۆویدی ١٩ بۆ هەمووان دابین بکات”. ئۆکسفام ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە پاش وەرگرتنی وەها ماڵیاتێکیش، ٢٧٠٠ ملیاردێر لە جیهاندا دیسان دەوڵەمەندتر لە سەردەمی پێش کۆرۆنا دەبن.
لێرەدا پێویستە چاوخشاندنێکمان بەسەر ئاماری قوربانییان کۆرۆنادا هەبێت. بە پێی دوایین ئامارێک کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی نوامبردا بڵاوکراوەتەوە، پتر لە پێنج ملیۆن و سەد هەزار کەس گیانیان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لەدەست داوە و پتر ٢٥٠ ملیۆن کەسش تووشی ئەم نەخۆشییە بوون. لە ئەمریکا نزیک بە ٤٠ ملیۆن کەس کاری خۆیان لەدەست داوە و زۆرێک لەم کەسانە بەخاتری بێکاربوونیان لە بیمەی دەرمانی بێبەری بوون و بەو لەشکرە ٤٠ ملیۆن کەسییە پەیوەست بوون کە بیمەی دەرمانییان نییە. لە لەهستان دوو لەسەر سێی تووشبووان، ئەو کرێکارانەن کە لە مەعدەنەکانی بەردی خەڵووزدا کار دەکەن. خاچی سووری سپانیا ڕایگەیاندووە کە لە دوو مانگی یەکەمدا، ماددەی خۆراکیی گەیاندووەتە یەک ملیۆن و سێسەد هەزار کەس کە ئاوارەی شەقامەکان بوون. لە ئاڵمان کۆمپانیا گەورەکانی وەک لوفتهانزا و زیمێنس و ڕێگەی ئاسن، ملیاردها یۆرۆیان لە خەزێنەی گشتی وەرگرت، بەڵام هیچ بەلایانەوە گرینگ نەبوو کە دەیان هەزار کەس لەسەر کار دەربکەن. لە ئینگلیس ئامارەکان نیشانی دەدەن کە زۆرترین قوربانییان لە ئاسایشگای بەساڵاچوواندا بوون. لە فەڕانسە پتر لە چل و هەشت لەسەدی کرێکاران لەگەڵ هاتنەخوارەوەی سەعاتی کار و کەمبوونەوەی حەقدەست بەرەوڕوو بوونەوە. لە ئیتالیا واتە وڵاتێک کە بەهۆی قەیرانی ماڵیی جیهانیی ساڵی ٢٠٠٩-٢٠٠٨ حەفتا هەزار تەختی نەخۆشخانەی لە سیستەمی تەندرووستیی کەم بۆوە و ئاماری پزیشکان، پەرستاران و یارمەتیدەرانی کۆمەڵایەتی هاتە خوارێ، لەم قۆناغەدا بینیمان کە چلۆن پزیشکان ناچار بوون زیندوومان و مەرگی نەخۆشانی کۆرۆنا هەڵبژێرن. هێستاش وێنەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە نیزامییەکان کە تەرمی قوربانییانی کۆرۆنایان بەرەو گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەگوازتەوە، لەبیرنەچۆتەوە. ئەم وێنانە بوونەتە بەشێک لە دیمەنە دڵتەزێنەکانی میدیا گشتییەکان. لە هێند وێنەی ملیۆنان کرێکار کە ئاوارەی شەقامەکان بوون، بەژانترین وێنەی مانگەکانی سەرەتای پەتای کۆرۆنا بوو و هاوکات لە زۆربەی ئەیالەتەکانی هێند یاساکان سەبارەت بە مافی کرێکاران لەوانە سەعاتی کار، ئیزافەکاری، شیفت کاری، ئاستی حەقدەست، یاسای پێوەندیدار بە دەرکردن، مافی یەکیەتییەکان لەوانە بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتی و مانگرتن، بۆ سێ ساڵ ڕاگیران. لە ئێران لە باروودۆخێکدا کە خەڵک هەموو ڕۆژێ لە غەم و تازیەی ئازیزانیان دا بوون، سەرانی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر دووربین و میدیاکاندا دەرکەوتن و بەئاشکرا درۆیان تەحویلی خەڵک دا. بە پێی ڕاپۆرتەکان لانیکەم سێ ملیۆن خاوەن پیشەی فەرمی و چوار ملیۆن خاوەن پیشەی نافەرمی کەوتنە بەر مەترسیی کەمبوونەوەی حەقدەست و دەرکران و بێکاربوون. هەڵبەت ئەم وێنانە لە هەموو گۆشە و کەنارێکی جیهانیش بەدی دەکران.
ئێمە وتمان کە ڤایروسی کۆرۆنا بوو بە ئاوێنەیەکی باڵانوێن کە هەموو قیزەونی و ناحەزییەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداریی خستە بەرچاوی بیروڕای گشتییەوە. بەپێچەوانەی ئەوەیکە ئیدێئۆلۆگەکانی سەرمایەداری شەو و ڕۆژ باسی لێدەکەن کە گۆیا ڤایروسی کۆرۆنا “دیمۆکرات”ە و دەتوانێ بەرۆکی هەموو کەس بگرێت، لە جیهانی واقعیدا مەعلووم بوو کە چینە خواردەستەکانی کۆمەڵگا قوربانییانی سەرەکیی ئەم ڤایروسە کوشندەیەن و مەعلووم بوو کە کۆرۆناش مۆری چینایەتیی لێدراوە. مەعلووم بوو کە چ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و نزیک لە نێوان ڤایروسی نوێ لەگەڵ بەرهەمهێنانی سەنعەتی ماددەی خۆراکی و لۆژیکی قازانجپەرستیی کۆمپانییە چەند نەتەوەییەکان دایە. ئێمە وتمان کە پەتای کۆرۆنا دواهاتی یەکسانی نییە. و دیتمان کە بوون و نەبوونی ملیۆنان مرۆڤی لە چرکەساتێکدا بەرەو نابوودی برد و بینیمان کە هاوکات سەروەتی ژمارەیەک لە ملیاردێرەکانی جیهانیشی زیاتر کرد. هەربۆیە پێویستە بیر لە ڕێکخستنی جیهانی بکەینەوە تا ئەم سیستەمە زاڵمانە و ئاواژووە لە ڕیشە دەربێت.