فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی کۆمیتە شۆڕشگێڕەکان سەبارەت بە ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینا
پێنجشەممە ۲۳-۰۶-۱۴۰۲   |  14-09-2023

لە ساڵڕۆژی بزووتنەوەی ژینادا، پێویستە لە خۆمان بپرسین کە چ ڕێگایەکمان پێکەوە پێواوە و بۆ درێژەدانی ئەم ڕێگایە پێداویستییەکانمان کامانەن؟ یەکێک لەم پێداویستییانە گەڕانەوە بۆ شەقامە. ساڵیادی ژینا دەرفەتێک بۆ دەستپێکی دووبارەیە. گرتنەوەی شەقام بەشێوەی خۆپیشاندانی بەرین بێگومان هیوابەخشە و مزگێنیی سەرکەوت دەدات، بەڵام ئەم هیوایە پێویستە لەگەڵ ئامانجی خەبات دژبە موناسباتی نابەرابەری ئێستا و کۆماری ئیسلامی وەک ڕژیمی دەسەڵاتدار ئاوێتە بێت تا سەرکەوتن دەستەبەرتر بکات. ئەگینا ئاکامەکەی شتێک نابێت بێجگەلە کوشتار و بەندکران و کۆچکردنی زیاتر.

کاتێک جەماوەری وەگیانهاتوو لە ستەم هاواریان کرد “ژن، ژیان، ئازادی”، لەڕاستیدا دەنگیان لە قووڵایی ئەم کۆمەڵگا نایەکسان و دژەئینسانییەوە بەرز کردەوە. لەم ڕووەوە لەئێستادا پێویستە ڕوون بێتەوە “ئێمە”ی کە دەنگمان بەرز کردووەتەوە کێین و لە ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەری “ژینا”دا چۆن بیر لە درێژەدانی ڕێگا دەکەینەوە. “ئێمە” کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشین و ژانی جیاوازیی چینایەتی دەچێژین، “ئێمە” کە “ژن”ین لە هەڵاواردنی ڕەگەزی ڕەنج دەبەین، “ئێمە” کە “کوئیر”ین و هەر بەم هۆکارە ستەمی فراوانمان لێ دەکرێ، “ئێمە” کە “کەمئەندام”ین و لە مافی هاووڵاتیبوون بێبەرین، “ئێمە کە عەرەبین، کوردین، تورکین، بەلووچین، لوڕین، توکمانین و … و لەژێرناوی جۆراوجۆردا لەلایەن ناسیۆنالیستی ناوەندخواز دەکەوێنە ژێر گوشار وسەرکەتەوە، و سەرەنجام “ئێمە”ی کە دانیشتووی ئەم وڵاتەین و لە نابوودیی سرووشت، لە سووتان و ئاگرتێبەردانی دارستانەکان، لە وشککردنی تاڵاو و ڕووبارەکان و هیتر لە عەزاب و ناڕەحەتیدا داین.

بۆ “ئێمە” ئازادی بە بێ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، یانی درێژەی هەر ئەم وەزعەی ئێستا کە تێیدا زۆربەی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە لانیکەمەکانی ژیانێکی شیاوی ئینسان بێبەرین و بۆ مانەوەی خۆیان و بۆ مافی ژیانیان بەشەڕ دێن. لە بەرامبەریشدا کەمینەیەک خاوەنی سەروەت و دەسەڵاتن کە نەتەنها زەڕەیەک بیر لە گۆڕینی موناسباتی کۆمەڵایەتی ناکەنەوە، بەڵکوو بەردەوام هەوڵ دەدەن لە بەرابەر هەر جۆرە گۆڕانێکدا ببنە کۆسپ و بەربەست.

لەم ڕووەوە پێویستە ڕوون بێتەوە کە بۆ چ ئامانجێک دەمانهەوێ خۆمان بخەینە مەترسییەوە و بەهای بۆ بدەین. بێگومان ئامانج تەنها ڕزگاربوون لە وەزعی ئێستا بە هەر شکڵ و قیمەتێک نییە. پێویستە بۆ بونیادنانی جیهانێک بەدوور لە ستەم و نابەرابەری و چەوسانەوە، ئاسۆیەک لە ڕەفاه و ئازادی و یەکسانیمان لەبەرچاو بێت. پێویستە بزانین کە بۆ چی بەشەڕ دێین و دنیای ئاواتەکانمان چۆن دنیایەکە.

وەبیرمان بێتەوە: کاتێک کە خوێندکاران لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٦دا هاوریان دەکرد “نە شامان دەوێ، نە مەلا، تەنها پێکهێنانی شۆرا” خوازیاری بەڕێوەبردنی زانکۆ لەلایەن سەرەکیترین هێزەکانی، واتە “مامۆستایان”، “خوێندکاران” و “کارمەندان”ی زانکۆ و ناوەندەکانی دیکەی پەروەردە بوون.

کاتێک کرێکاران لە ساڵی ١٣٩٧دا هاواریان دەکرد “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی” لەڕاستیدا خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی شێوەی بەڕێوەبەریی “دەوڵەتی” و “خسووسی”ی ئەم “کارگە و کارخانانە” و ئیدارەکردن و بەڕێوەبردنی لەلایەن خودی کرێکاران و شۆرا کرێکارییەکانەوە بوون.

کاتێک مامۆستایان باس لە “پێویستیی خوێندنی بەخۆڕایی” دەکەن، بەو مانایەیە کە لەسەر پێویستیی نەمانی “کاڵایی کردنی سیستمی پەروەردە” پێداگری دەکەن و خوازیاری دابینکردنی خوێندنی بێبەرامبەر و گشتین.

کاتێک خەڵکی عەرەبی ئەهواز لە ڕاپەڕینی تینووەکاندا هاوار دەکەن ” لن نستسلم ننتصر او نموت”، باس لە مافی ڕەوایان بۆ “دیاریکردنی چارەنووس” دەکەن بەدوور لە لۆژیکی “گەشەپێدانی ناهاوسەنگ”.

کاتێک کە خانەنشینان باس لە مافی “بیمە” و “مووچە” دەکەن و لە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکاندا بە دروشم هاواری دەکەن. بۆ بەرپرسانی بێ کەفایەت پەیامی پڕ لە نەفرەت و تووڕەیی دەنێرن. لەڕاستیدا خوازیاری بەڕێوەبردنی “سندووقەکانی خانەنشینی” بەدەستی خۆیانن.

ئەمانە و چەندینی تریش هەموویان نموونەی ئەو بەدیلانەن کە خەڵک دەیانەوێت لە جیاتی شێوازە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی دایبمەزرێنن. لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی ناوێکە بۆ “نیزامێکی سەرمایەداریی پیاوسالار و ناوەندخوازی فارسی شیعە”، کە ئەگەر هەر کام لەم پێکهاتانەی لەناونەبرێن، گۆڕینی بۆ هەر ڕژێمێکی دیکە بە مانای گەڕانەوە بۆ دۆخی ئێستا دەبێت لەگەڵ هەموو نەکبەت و نەهامەتییەکانی.

کاتێک لە زمانی هێندێک لە گرووپ و لایەنەکانی ناوسراو بە ئۆپۆزیسیۆنەوە دەبیستین کە کێشە و گرفتەکانی خەڵک تەنها بە “سێکۆلاریزم” و “پەیوەندگرتن لەگەڵ ئەمریکا” یان مەسەلەن بە چوون بەرەو “شایستەسالاری” چارەسەر دەبێت، دەبینین کە ئەم گرووپانە بەشێک لە زنجیری ستەم و نایەکسانی نادیدە دەگرن.

کاتێک دەڵێین ئێمە وەک “کرێکار”، وەک “ژن”، وەک “کوئیر”، وەک “نەتەوە ژێر ستەمەکان”، وەک “خوێندکار” و وەک جەماوەری چەوساوە، هاتووین تا دژبە هەموو جۆرە ستەم و هەڵاواردنێک خەبات بکەین، ڕوخساری ستەم چێشتووی “ژنێکی کۆڵبەری کورد”، “کرێکارێکی عەرەبی پێترۆشیمیی ماهشەهر”، کرێکاری کەشاوەرزی ڕۆژمزدی تورک”، “منداڵهاوسەری بووشێهری”، “لاوی سووختبەری بەلووچ”، “ژنی برینجکاری گیلەک”، منداڵی کاری ئەفغانستانی”، “ئینسانی هاوڕەگەزخواز” و هەموو ئینسانێکی ستەملێکراو و زەحمەتکێش کە لەم بارودۆخە وەگیانهاتووە دینینە بەرچاو. لەم ڕووەوە “گۆڕینی بارودۆخی ئێستا” بەباوەڕی ئێمە کاتێک دێتە دی کە هەموو تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە و چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە هەژاری و برسیەتی ڕزگاریان بێت و بە خۆشبژێوی و یەکسانی بگەن. و بێگومان ئەمەش تەنها بە دەستی ئێمە و لەڕێگەی پێکهێنانی “کۆمیتە”، “هەستە” و “ڕێکخراوەکانی شوێنی کار” و بە “ڕێکخستن”ی پەیوەنددراو و سەرانسەری مومکینە.

بۆ ئێمە دیموکراسی لە “سندووقەکانی دەنگدان” و لە نوێنەرانی هەڵبژێردراو” کە هەموو سات ئەگەری لابی کردن و گەندەڵییان لەئارادایە، خولاسە نابێتەوە. ئێمە خوازیاری بەشداریی زۆرینەی خەڵک لە پێکهێنانی چارەنووسی خۆیانداین. و بەشداریی زۆرینەی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسییان، پێویستی بەلەناوبردنی “خاوەنداریەتیی تایبەت بەسەر ئامرازی بەرهەمهێنان و سەرچاوە سرووشتییەکان”، “کۆمەڵایەتی بوونی کاری ناوماڵ”، “بەڕێوەبردنی جەمعی و شۆرایی”ی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییە بەپێی خواست و ویستی زۆرینەی کۆمەڵگا.

بینیمان کە چۆن لە کاتی “لافاو” و “بوومەلەرزە”دا، خەڵک خۆیان ڕێکخراوتر و یەکجار باشتر لە ئۆرگانە دەوڵەتییەکان، یارمەتیی زیاندیتووانی ڕووداوە سرووشتییەکانیان دەدا و بەپێچەوانەوە، دەوڵەتەکان چۆن خەڵکیان بە حاڵی خۆیان ڕەها دەکرد و تەنانەت هێندێک جار تاڵانیشیان دەکردن.

ئێمە خوازیاری بەڕێوەبردنی کارگە و کارخانەکان لەلایەن خودی کرێکاران، خوازیاری بەڕێوەبردنی زەمینەکانی کشتوکاڵ لەلایەن جووتیاران، ئیدارەی نەخۆشخانەکان بە بەشداریی پەرستاران و پزیشکان و بە ڕاوێژ لەگەڵ نەخۆشەکان، خوازیاری ئیدارەی مەدرەسەکان لەلایەن مامۆستایان و خوێندکاران، ئیدارەی زانکۆکان لەلایەن خوێندکاران و مامۆستایان و کارمەندان، خوازیاری بەڕێوەبردنی ئیدارات لەلایەن کارمەندان و خوازیاری ئیدارەی شوێنەکانی ژیان لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوەین.

ئەو دیموکراسییەی کە دەڵێ ئیدارەکردن پێویستە بە شارەزایان و سیاسەتمەدارانی بەناو هەڵبژێردراو بسپێردرێ، لەڕاستیدا دیموکراسییەکی فریوکارانەیە کە دەستبەجێ لابیگەری و دیکتاتۆریی لێ دەکەوێتەوە.

لەم ڕووەوە بۆ ڕێگریکردن لە کەڵکی نابەجێ وەرگرتنی هەموو جۆرە هێزێکی ڕاستڕەو و لایەنگری ڕۆژئاوا لە وشەی “ئازادی”، هاوکات لەگەڵ دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، دروشمی “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی” پێشنیار دەکەین.

لە هەموو کرێکاران، ژنان، جووتیاران، نەتەوە ژێرستەمەکان و کۆمەڵگەی LGBTQI+، کە بۆ ئازادی و داد و بەرپاکردنی کۆمەڵگایەکی شۆرایی خەبات دەکەن داواکارین کە بۆ نان و ئازادی، دژبە دوژمنی هاوبەشمان بێینە مەیدانی نەبەردەوە. بێگومان نابێ شۆڕش و ڕووخاندنی دەسەڵاتمان لێ تێکنەچێ. شۆڕش بەمانای ژێروژوورکردنی کۆمەڵگایە. بەدێلێکە بەرامبەر بە وەزعی فەلاکەتبار و نابەسامانی ئێستا. ئێمە دەخوازین کۆمەڵگایەک بونیاد بنێین کە تێیدا بەرهەمهێنان بەپێی قازانجی کەمینەیەک نەبێ. بەڵکوو بەپێی پێداویستی و نیازی کۆمەڵگا بێت. ئێمە خوازیاری وەدیهاتنی هاوکاتی ئازادی و بەرابەری، ئازادیی ڕادەربڕینی بێسنوور بۆ هەمووان، هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە، و لە یەک کەلامدا خوازیاری دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و هاوبەشین کە تێیدا هەر کەس بە ئەندازەی توانای کار دەکات و بە ئەندازەی نیازیشی بەش دەبات.

پێویستە ئاگادار بین کە لەگەڵ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی تازە شۆڕش دەستپێدەکات و پێویستە بەردەوام و ڕێکخراو لە شەقامەکان ئامادە بین تا چارەنووسی خۆمان بەدەستی بەتوانای خۆمان دیاری بکەین و ڕێگە نەدەین سیاسەتمەداران و سەرمایەداران، دیکتاتۆرییەکانی خۆیان بۆ جارێکی تر لەژێرناوی دیموکراسی بەپێی سندووقی دەنگدان بەناوی جۆراوجۆری وەک “مەجلسی دامەزرێنەر” و هیتر بەسەرماندا بسەپێنن. بۆ ئێمە هەرگیز شۆڕش کۆتایی نایەت و زەروورەتی ئاڵوگۆڕ بەردەوام لەئارادا دەبێت تا ئەو کاتەی کرێکاران و ژنان و نەتەوە ژێرستەمەکان لە دژایەتی لەگەڵ سەرمایەداری، پیاوسالاری و ناوەندخوازیدا چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە دەگرن.

خەرمانانی ١٤٠٢

لاوانی شۆڕشگێڕی گەڕەکەکانی سنە

کۆمیتەی شۆڕشگێڕی گیلان

کۆمیتەی جەواد نەزەری فەتح ئابادی

کۆمیتەی لاوانی شۆڕشگێڕی سووری مەهاباد

گرووپی ژیان

هەستەی لاوانی شۆڕشگێڕی زاهیدان