ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی خەرمانان، مەجید حەمیدی، هەڵسووراوی کرێکاریی خەڵکی سنە، لە شەقامی سیروسی ئەم شارە و لە ناو دوکانەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە بە بێ هیچ هۆکارێک دەستبەسەرکرا. مەجید حەمیدی کە، ئەندانی “کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری”یە، لە ڕەزبەری ساڵی ١٣٨۶، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە درابووە بەر دەستڕێژی گوللە و بەسەختی بریندارکرابوو. لە دوای ئەم ڕووداوەوە ناوبراو پێویستی بە چاودێری پزیشکی بەشێوەیەکی بەردەوام هەیە و لە ئەگەری درێژبوونەوەی ماوەی دەستبەسەرکرانی سەلامەتی تەندروستی ئەم چالاکە کرێکارییە دەکەوێتە مەترسی جدییەوە. پێشتریش، مەجید حەمیدی بەهۆی چالاکییە مەدەنی و پیشەییەکانیەوە چەندین جار لەلایەن دەزگا دادوەریی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بانگکرابوو. هەر لەم ڕاستایەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خەرمانان، هێزەکانی ڕژیم هەڵیانکوتایە سەر شوێنی کاری چالاکێکی کرێکاری دیکە لە شاری سنە بەناوی ئومێد ئەسەدی و دەستبەسەریان کردووە. شوێن و بارودۆخی ڕاگیران هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە، دراونەتە پاڵ ئومێد ئەسەدی و مەجید حەمیدی بە ناڕوونی ماوەتەوە.