فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕەوتی ڕوو لە زیادبوونی کۆچکردنی شارەزایان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی
شەممە ۲۹-۰۸-۱۴۰۰   |  20-11-2021

ڕەوتی ڕوو لە زیادبوونی شارەزایان و بەگشتی خەڵکی ئاسایی لە ئێران هەروا درێژەی هەیە. لەبەر ئەوەیکە کۆماری ئیسلامیی سەرمایە، هۆکاری سەرەکیی هەژاری، بێکاری، برسیەتی، زبڵگەڕی، کۆڵبەری، سووختبەری، منداڵانی کار، پەرەسەندنی لەشفرۆشی، ئێعتیاد و کارتۆنخەوی و گۆڕخەوییە و بەکردەوەدەرهێنەری سەرکوت و دەسەڵاتی سەرنێزەیە. دۆزینەوەی کار و دابینکردنی ژیان ڕۆژ بە ڕۆژ دژوارتر بووەتەوە و هیوایەک بە باشتربوونی ئەم باروودۆخە نەماوە و لەئێستادا ئێران بووەتە وڵاتێک کە زۆرترین ئاماری کۆچکردنی شارەزایانی لە ئاستی ناوچەکەدا هەیە.

عەلی خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی گەڵاڕێزان بە بینانووی دیدار لەگەڵ گرووپی بەناو “شارەزایان و پسپۆڕانی زانستیی ئێران” لەئاست ڕەوتی ڕوو لە زیادبوونی کۆچکردنی شارەزایان کاردانەوەی نیشان دا. ناوبراو سەرەتا بە سەفسەتە و بە حاڵەتێکی شۆوینسیەوە وتی: “وڵاتی ئێمە لە بواری زەینییەوە لە مامناوەندی جیهانی سەرترە. ئەوە تەنیا ئیدیعا نییە و سەلمێندراوە. واتە وڵاتەکەمان خۆی لە خۆیدا نوخبەیە”. خامنەیی لە درێژەی وتەکانیدا وەک هەمیشە بە توڕەیی و قسە و ئەدەبیاتی ناخۆشەوە بەخاتری شکستی حکوومەت لەم بوارەدا وتی: “لە هێندێک لە زانکۆکان کەسانێک هەن کە لاوانی نوخبە و شارەزا بەرەو کۆچکردن لە وڵات هان دەدەن. من ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنم کە ئەوە خەیانەتە، ئەوە دوژمنایەتی لەگەڵ وڵاتە و دۆستایەتی لەگەڵ لاوانیش نییە”.

تۆمەتی هەمیشەیی خەیانەت و دوژمنایەتی و شەراشۆیی نیسبەت بە هەڵسووڕاوانی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، چالاکانی سیاسی، مامۆستایانی زانکۆ، نووسەران، وێبڵاگنووسان و هەواڵنێریان و جیابیران، لەلایەن خامنەییەوە بابەتێکی تازە نییە. بێگومان، ئەوان بەڕاستی دوژمنی خامنەیی و دوژمنی ڕژیمی ئیسلامین. ڕژیمێک کە بە داسەپاندنی گوشار و دەرکردن، سەرکوت، ئەشکەنجە نەتەنیا ئازادیی لێ زەوت کردوون، بەڵکوو بە پێکهێنانی بەربەستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەرەنگاری چالاکیی پسپۆڕانە و زانسیتیشیان دەبێتەوە. کۆماری ئیسلامی نە تەنیا دەرفەتی کاریی لە ئێران لەناو بردووە، بەڵکوو هەژاری و برسییەتیشی بەسەر پتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکدا سەپاندوون.  خامنەیی لە وتەکانی خۆیدا فریوکارانە ستەمی حکوومەت دەرحەق بەوان نامیهرەبانی وەسف دەکات و وێڕای ئاماژە بەوەیکە نوخبە و شارەزایانی زانستی هیوایەکیان بە ئیسلاحی ڕژیم لە داهاتوودا نییە دەڵێ: “لاوی نوخبە بە قەبووڵکردنی سەختییەکان، نابێ ڕێگە بدەن نامیهرەبانیی هێندێک لە دەزگاکان، ئەوان لە درێژەدانی ڕێگا و هەستی بەرپرسایەتی بخات”.

کاردانەوەی سەرلێشێواوانەی خامنەیی لە حاڵێکدایە کە ئێران لە ئاستی جیهاندا خاوەنی بەرزترین ئاماری کۆچکردنی شارزایانە. باشگای هەواڵێنێرانی لاوی سەربە سپای پاسداران لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر زاری باقر لاریجانی جێگری پەروەردەی وەزیری تەندرووستی ڕایگەیاند کە ساڵانە ١٥٠ تا ١٨٠ هەزار شارەزای خوێندەوار لە ئێران کۆچ دەکەن. ناوبراو ڕایگەیاند کە  ئێران لە بواری کۆچکردنی شارەزایان، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لە ناوچەی ئاسیا پاش وڵاتی هێند، دووهەمە. هەڵبەت بەلەبەرچاوگرتنی جەمعییەتی هێند و ئێران پێویستە بوترێ کە ئێران لەم بوارەدا لە سەرووی هەموو وڵاتەکانە. بە پێی ئاماری ناوەندێکی لێکۆڵینەوە، ساڵی ڕابردوو ٩٠٠ مامۆستای زانکۆ لە ئێران چوونەتەدەر. ئەم ئامارانە وەک بەشێک لە کۆچکردنی شارەزایانی ئێران لە لایەن وەزیری زانست و لێکۆڵینەوە و هەروەها لە لایەن بەناو “کۆمیسیۆنی پەروەردەی مەجلیس”ی کۆنەپەرستی ڕژیم پشتڕاست کراوەتەوە و ڕۆژبەڕۆژ بە ژمارەی کەسانێک کە بە هەر دەلێلێک کە ئێران دەچنەدەرێ، زیاد دەبێت. کارگێڕانی ڕژیم دانیان بەوە داناوە کە لە ساڵی ڕابردوودا ٣٩ لەسەدی جەمعییەتی خوێندکارانی خاوەن بڕوانامەی خوێندنی باڵا بەهۆی نەبوونی دەرفەتی پیشەییەوە بێکار بوون.

سەرانی کۆماری ئیسلامیی پێکهاتوو لە پاسداران و ئاخوندەکان و لە سەرووی هەموویانەوە خامنەیی، هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیانەوە دوژمنایەتیی خۆیان لەگەڵ زانکۆ، مامۆستایان، خوێندکارانی پێشڕەو، لەگەڵ موعەلیمانی پێشکەوتووخواز و ناوەرۆکی زانستیی کتێبە دەرسییەکان، لەگەڵ ڕووناکبیران، نووسەران، چالاکانی سیاسی و ڕۆژنامەوانان نیشان دا. ئەوانیان خستە ژێر چاوەدێرییەوە، دەسبەسەر و زیندان و لەسەر کار دەریان کردن.  بە قەتڵی زیجیرەیی بیرمەندان و شارەزایانی وەک محەممەد موختاری، محەممەد جەعفەر پوویەندە، سەعیدی سیرجانی و سەدان هەزار بیرمەندی دیکەیان لەناوبرد. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا خامنەیی زۆر جار عۆقدە و کینەی خۆی لەئاست وتنەوەی دەرسەکانی زانستی مرۆیی لە زانکۆکان دەربڕیوە، چونکە کلتووری دواکەوتووانەی دەسەڵات نەیتوانیوە بەسەریدا زاڵ بێت. ناوبراو گەلێک فەرمانی بۆ ڕێگری لە گەشە و پەرەسەندن و پێگەیشتنی کلتووری زانستی و مۆدێرن دەرکردووە. ڕەئیسیی جەلاد و دژەزانستیش ئەولەوییەتی خۆی گۆڕینی ناوەرۆکی زانستیی کتێبە دەرسییەکان و دەرکردنی مامۆستایان و خوێندکارانی خەباتکار و هەمەکارەکاردنی مۆرەکانی سپای پاسداران بۆ داسەپاندنی کلتووری خورافەی مەزهەبی بەزەبری ملهوڕی و سەرکوت، داناوە.

هەربۆیە هۆکاری سەرەکیی کۆچکردنی شارەزایان و جێهێتشنی ئێران و ئاوارە بوونی ملیۆنیی خەڵک، بوونی سەرکوت و ئەو هەژاری و فەلاکەتە تاقەتپڕووکێنەیە کە کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی داسەپاندووە. دەسەڵاتی گەندەڵ و جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لەجیات ئەوەیکە سەروەت و کەرەستەی کۆمەڵگا بۆ گەشە و پێکهێنانی دەرفەتی پیشەیی لاوان بخاتەگەڕ، دەیکاتە خەرجی پەرەپێدانی هێزی سەرکوتی نیزامی و ئەمنی و ناوەندە مفتەخۆرە مەزهەبیەکان. و یان دەیکاتە هەزینەی دابینکردنی پێداویستیی گرووپە کۆنەپەرست و تیرۆریستەکانی نزیک بە خۆی لە لۆبنان، سووریە، یەمەن، عێراق و ئەفغانستان تا دەسەڵاتەکەی لەسەر پێ بمێنێتەوە. هەڵبەت پێویستە بە هەموو ئەمانەش گەندەڵی و دزیی بەرین و ڕانتخۆریی سیستماتیکی ناو هەموو ئۆرگانەکانی دەسەڵاتیش زیاد بکرێت. بەمجۆرە کۆماری ئیسلامی ئابووریی ئێرانیی بردووەتە سەر لێواری داڕمان و بێگومان زۆرێک لەو قەیرانانەی کە هەموو ڕۆژێ خەڵک لە گۆشە و کەناری ئێران لەگەڵی بەرەوڕوون، کە یەکیان قەیرانی کۆچکردنی شارەزایان و پسپۆڕانە، لە سیاسەتی دژەئینسانی و بێکەفایەتیی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرێت.