لەدڕێژەی دەستبەسەر کردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە شارەکانی ئێران، حەوت هاووڵاتیی بە ناوەکانی “سەمانە ئەسغەری، فەڕشاد و حامد سابریاغی” خەڵکی تاران، “فەڕشاد ڕەنگییان” خەڵکی دێهدەشت، “عەلی غوڵامی” خەڵکی شیروان، “محەممەدحسێن حسێنی” خەڵکی مەشهەد و “مێهرداد قادری” خەڵکی تەورێز، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خەرمانان، “سەمانە ئەسغەری” چالاکی بواری مافی منداڵان و خەڵکی تاران، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرا. شایانی باسە ناوبراو ساڵی ڕابردووش بۆ ماوەی پێنج مانگ دەستبەسەر کرابوو. لەهەمان ڕۆژ، “فەڕشاد ڕەنگییان” تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی دێهدەشت، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی درەندانە دەستبەسەر کراوە. هەروەها، “حامد سابریاغی” خوێندکاری پێشووی زانکۆی شەریف، لە ماڵەکەی خۆی لە تاران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. هاوکات “عەلی غوڵامی” خەڵکی شیروان و خوێندکاری پێشووی ئەنجوومەنی ئارمان لە زانکۆی عیلم و سەنعەت، “مێهرداد قادری” چالاکی مەدەنی خەڵکی تەورێز و “محەممەدحسێن حسێنی” یاریزانی تۆپی پێی مەشهەد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.